وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت عێراق کێشە بۆ مووچە دروست دەکات و 'هەرێم دەچەوسێنێتەوە'

27-02-2024 01:05

پەرەگراف

وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاند، ئەوەی عێراق دەیکات لەبارەی ناردنی مووچەی هەرێمی کوردستان "دروستکردنی کێشە و بیانوو، چەوساندنەوەیە".

"لەم کابینەیەدا لەماوەی 5 ساڵی رابردوودا دەبوایە عێراق 59 ترلیۆن و 29 ملیار دینار بنێرێت بۆ هەرێم بەڵام تەنها 13 ترلیۆن و 401 ملیار دیناری ناردووە کە بەشی زۆری قەرز بووە، عێراق دەیەوێت هەرێمی کوردستان بچەوسێنێتەوە" هونەر جەمال وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم وادەڵێت.

وتەبێژەکەی وەزارەتی دارایی ئەوەش دەخاتەڕوو، تا ئێستا نە بڕیاری دادگای فیدراڵی و نە وتەکانی وەزیری دارایی عێراق کە لە کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان کردی، بە فەرمی نەگەیشتووەتە دەستیان تا بزانن چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکەن.

ئەوە لەکاتێکدایە دوێنێ وەزیری دارایی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان ڕایگەیاند، پارە بۆ مووچەی ئەم مانگەی فەرمانبەرانی هەرێم بەپێی لیستی مووچە ‏دەنێرێت و چاوەڕێیە لیستەکەی لە حکومەتی هەرێمەوە پێبگات، بەڵام بۆ مانگی داهاتوو كراوە بە مەرج كە دەبێت فەرمانبەران هەژماری بانكیی لە بانكە حکومییە ‏عێراقییەكان بكەنەوە، بەپێچەوانەوە مووچەیان پێ نادرێت‎.‎

لەبارەی ناردنی لیستی مووچەی مانگی شوبات بۆ بەغداد، هونەر جەمال دەڵێت، هەموو مانگێک لیستی وەزارەتەکانیان ناردووە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق و نازانن ئێستا داوای چ لیستێک دەکەن.

بەپێی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی، پێویستە حكومەتی هەرێم مانگانە لیستی مووچە ئاڕاستەی ‏وەزارەتی دارایی عێراق بكات بە ئامانجی پارەداركردنی، بەڵام پارەكە نادرێتە وەزارەتی دارایی ‏هەرێم تا دابەشی بكات، بەڵكو پێویستە سەرجەم فەرمانبەرو مووچەخۆرانی هەرێم هەژماری ‏بانكییان بۆ بكرێتەوە لە بانكە حكومییە عێراقییەكان و مانگانە مووچەكانیان بخرێتەسەر ‏هەژمارەكانیان.‎

هەریەكە لە بانكەكانی ڕەشیدو ڕافیدەین و بانكی بازرگانی عێراقی، سێ بانكی سەربە حكومەتی ‏عێراقن و تەنها بانكی بازرگانی لقی لە هەرێمی كوردستان هەیە، كردنەوەی هەژمار بۆ سەرجەم ‏مووچەخۆرانی هەرێم كاتێكی زۆری دەوێت و ڕوون نییە چۆن ئەو پرسە چارەسەر دەكرێت، ‏وەزیری دارایی عێراق لە كۆبوونەوەكەی دوێنێدا گوتویەتی كارێكی ئەستەم نییە كە لە ماوەی ‏مانگی داهاتوودا سەرجەم مووچەخۆران هەژماری بانكیی بكەنەوە‎.‎

ئەوە لەكاتێكدایە پڕۆژەی هەژماری من لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە لە جێبەجێكردندایە کە دروستکردنی هەژماری بانکییە بۆ مووچەخۆران، بەپێی ئەو ‏پڕۆژەیە زیاتر لە ٢٠٠ هەزار فەرمانبەر لە هەولێر هەژماری بانكییان بۆ كراوەتەوە و بەشێك لەو فەرمانبەران ئێستا ‏مانگانە لەڕێی كارتی بانكییەوە مووچەكانیان وەردەگرن‎ و لە سلێمانی و دهۆکیش دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە کراوە.

هەرچەندە پێنج بانك لە پڕۆژەی هەژماری من بەشدارن و سەرجەمیان بانكی فەرمین و لەلایەن بانكی ‏ناوەندیی عێراقەوە متمانەپێكراون، بەڵام هێشتا ڕوون نییە كە ئایا دەكرێت سوود لە پڕۆژەی هەژماری من ‏وەربگیرێت بۆ دابەشكردنی مووچە بەپێی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی، بەوپێیەی دادگاكە لە بڕیارەكەیدا ‏دەڵێت، دەبێت لەڕێی بانكە حكومییە عێراقییەكانەوە مووچەكان دابەش بكرێن‎.‎

وتەبێژەکەی وەزارەتی دارایی هەرێم، ئەوە دەخاتەڕوو، پڕۆژەی هەژماری من کەوتووەتە سەر رێگەی خۆی و دەکرێت سوود لە بانکە ئەهلییەکان وەربگیرێت و ببەسترێنەوە بە بانکی ناوەندیی عێراقەوەو لە رێگەی ئەوانەوە مووچەی مووچەخۆران دابەش بکرێت.