بارزانی: هەندێك لایەن لە تاران شكستیان هێناوه‌ بۆشاردنه‌وه‌ی شكسته‌كانیان هەولێر به‌ئامانج ده‌گرن

27-02-2024 07:24

پەرەگراف

مەسعود بارزانی دەڵێت، هه‌ندێك لایه‌ن له‌ تاران له‌ رووبەرووبونەوەی به‌هێزه‌كاندا شكستیان هێناوه‌ بۆیه‌ بۆ شاردنه‌وه‌ی شكسته‌كانیان هه‌ولێر به‌ئامانج ده‌گرن.

بارزانی دەشڵێت: بڕیاره‌كانی ئه‌م دواییه‌ی دادگای فیدڕاڵی دژی هه‌رێمی كوردستانن، "دادگای فیدراڵی سنوری دەسەڵاتە دەستورییەکانی خۆی تێپەڕاندووە، بڕیارەكانی ئەم دواییەی نادەستورییەو دژی هەرێمی كوردستانە بە پلەی ئیمتیاز".

ئەو وتانەی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكیدایە لەگەڵ رادیۆی مۆنتی كارلۆ، کە تێیدا باسی کێشەکانی ناوخۆی هەرێم دەکات و دەڵێت "نیگەرانم لەو جیاکارییەی لە نێوان هەولێرو سلێمانی هەیەو کێشەکان لەسەر کۆمەڵێک بابەتی ستراتیژین، بەڵام هه‌وڵه‌كان به‌رده‌وامن له‌پێناو نه‌هێشتنی ناكۆكییه‌كان و دروستكردنی یه‌كڕیزی ناوخۆیی".

بارزانی لەبارەی دۆخی عێراقیش دەڵێت، دیموكراسی له‌ عێراق له‌سه‌ر هه‌ردوو ئاستی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌دا هه‌ڕه‌شه‌ی له‌سه‌ره‌و ئەوانیش نیگەرانن لەبارەی ئەو هەڕەشانە.

"ترس هه‌یه‌ له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی سیناریۆی 2011 كه‌ دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م له‌ كشانه‌وه‌ی سوپای ئه‌مه‌ریكا یه‌ك له‌سه‌ر سێی خاكی عێراق له‌لایه‌ن رێكخراوی داعشه‌وه‌ داگیر كرا، كه‌ دواتر به‌ هاوكاری و پشتیوانی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان داعش تێكشكا" بارزانی وادەڵێت لەبارەی پرسی کشانەوەی هاوپەیمانان لە عێراق.