ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتەوەو دەیان دوکان سووتان

27-02-2024 11:12

پەرەگراف

ئەمشەو ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتەوەو دەیان دوکان سووتان و زیانی مادیی زۆریان پێگەیشت، هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان تۆمار نەکراوەو زیاتر لە 20 کەس بەهۆی دوکەڵەوە تووشی تەنگەنەفەسی بوون.

تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە دوای سێ کاتژمێرونیو توانییان کۆنتڕۆڵی ئاگرەکە بکەن، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر ڕایگەیاند، تەواوی تیمەکانی ناو شار و دەرەوەی شار بەشداربوون لە کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە، ئاگرەکە لە جۆری بەرزبوو واتە لە مەترونیوێک بۆ سێ مەتر بوو بەرزییەکەی، زیاتر دوکەڵی ئاگرەکە کێشە بوو، هێشتا زیانەکان بە وردی نازانرێت.

لەنگەی شاری هەولێر یەکێکە لە بازاڕە زۆرقەرەباڵغەکان و سەدان دوکانی تێدایە، لە رابردووشدا چەندجارێک رووداوی ئاگرکەوتنەوە تێیدا روویداوەو نۆژەنکراوەتەوە، بەڵام ئەمشەو جارێکی دیکە ئاگرە لەو بازاڕە کەوتەوە.