مەسرور بارزانی جەخت لە دابینکردنی شایستە داراییەکان دەکات لە ڕێی حکومەتی هەرێمەوە

28-02-2024 02:44
کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە لە واشنتن

پەرەگراف

مەسرور بارزانی جەخت دەکاتەوە کە دابینکردنی شایستە داراییەکان و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمیی و دەستوورییەکانی حکومەتی هەرێمەوە بێت.  

ئەو هەڵوێستەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە مێزگردێکی تایبەتدا بووە لە واشنتن لەگەڵ نوێنەرانی ژمارەیەک لە ناوەند و دامەزراوە و پەیمانگای سیاسەت و هزر و  لێکۆڵینەوەی ئەمەریکی کە تێیدا تیشک خراوەتەسەر دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە.

مەسرور بارزانی دەڵێت "دووپاتمان کردەوە کە عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵییە و پێویستە ڕێز لە دەستوور و بنەماکانی دیموکراسی و فیدراڵی بگیرێت و وەکو قەوارەیەکی دەستووری و فیدراڵی، مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت. ئاماژەشمان بەوە دا کە خەڵکی کوردستان قوربانییەکی زۆری لە پێناو مافە ڕەوا و دەستوورییەکانی داوە و ئامادە نییە لە ژێر هیچ فشارێکدا، دەستبەرداری مافەکانی ببێت".

سەرۆکوەزیرانی هەرێم ئەوەش دەخاتەڕوو، هەرێمی کوردستان دەیەوێت لەسەر بنەمای دەستوور کێشەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ چارەسەر بکات، "ئاماژەمان بە گرنگیی دابینکردنی شایستە داراییەکان و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمیی و دەستوورییەکانی حکومەتی هەرێم کردەوە. هەروەها باسمان لە پێویستیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم کرد".

ئەوە لەکاتێکدایە بەپێی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی، پێویستە حكومەتی هەرێم مانگانە لیستی مووچە ئاڕاستەی ‏وەزارەتی دارایی عێراق بكات بە ئامانجی پارەداركردنی، بەڵام پارەكە نادرێتە وەزارەتی دارایی ‏هەرێم تا دابەشی بكات، بەڵكو پێویستە سەرجەم فەرمانبەرو مووچەخۆرانی هەرێم هەژماری ‏بانكییان بۆ بكرێتەوە لە بانكە حكومییە عێراقییەكان و مانگانە مووچەكانیان بخرێتەسەر ‏هەژمارەكانیان. 

لەسەر بنەمای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، وەزیری دارایی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان ڕایگەیاند، پارە بۆ مووچەی ئەم مانگەی فەرمانبەرانی هەرێم بەپێی لیستی مووچە ‏دەنێرێت و چاوەڕێیە لیستەکەی لە حکومەتی هەرێمەوە پێبگات، بەڵام بۆ مانگی داهاتوو كراوە بە مەرج كە دەبێت فەرمانبەران هەژماری بانكیی لە بانكە حکومییە ‏عێراقییەكان بكەنەوە، بەپێچەوانەوە مووچەیان پێ نادرێت.

هەریەكە لە بانكەكانی ڕەشیدو ڕافیدەین و بانكی بازرگانی عێراقی، سێ بانكی سەربە حكومەتی ‏عێراقن و تەنها بانكی بازرگانی لقی لە هەرێمی كوردستان هەیە، كردنەوەی هەژمار بۆ سەرجەم ‏مووچەخۆرانی هەرێم كاتێكی زۆری دەوێت و ڕوون نییە چۆن ئەو پرسە چارەسەر دەكرێت، ‏وەزیری دارایی عێراق لە كۆبوونەوەكەی لەگەڵ لیژنەی دارایی گوتویەتی كارێكی ئەستەم نییە كە لە ماوەی ‏مانگی داهاتوودا سەرجەم مووچەخۆران هەژماری بانكیی بكەنەوە‎.‎

ئەوە لەكاتێكدایە پڕۆژەی هەژماری من لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە لە جێبەجێكردندایە کە دروستکردنی هەژماری بانکییە بۆ مووچەخۆران، بەپێی ئەو ‏پڕۆژەیە زیاتر لە ٢٠٠ هەزار فەرمانبەر لە هەولێر هەژماری بانكییان بۆ كراوەتەوە و بەشێك لەو فەرمانبەران ئێستا ‏مانگانە لەڕێی كارتی بانكییەوە مووچەكانیان وەردەگرن‎ و لە سلێمانی و دهۆکیش دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە کراوە.

هەرچەندە پێنج بانك لە پڕۆژەی هەژماری من بەشدارن و سەرجەمیان بانكی فەرمین و لەلایەن بانكی ‏ناوەندیی عێراقەوە متمانەپێكراون، بەڵام هێشتا ڕوون نییە كە ئایا دەكرێت سوود لە پڕۆژەی هەژماری من ‏وەربگیرێت بۆ دابەشكردنی مووچە بەپێی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی، بەوپێیەی دادگاكە لە بڕیارەكەیدا ‏دەڵێت، دەبێت لەڕێی بانكە حكومییە عێراقییەكانەوە مووچەكان دابەش بكرێن‎.‎