سەرۆک کۆماری ئەرمینیا گەیشتەهەولێر

29-02-2024 12:48

پەرەگراف 

ڤاهاگن خاچاتوریان سەرۆک کۆماری ئەرمینیا گەیشتە هەولێرو لە فڕۆکەخانە لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیی لێکرا.

خاچاتوریان دوو ڕۆژ لەمەوبەر گەیشتە بەغدادو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆبووەوە، بڕیارە لە کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئەرمینیا تاوتوێ بکرێن.

ئەرمینیا کۆنسوڵخانەی لە هەولێر هەیەو پەیوەندیی ئابوری و بازرگانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە، چاوی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانە لەگەڵ هەرێم و عێراق.

خاچاتوریان لە بەغداد دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراق، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا وتی "رێککەوتین لەسەر چالاککردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان بۆ دەستەبەرکردنی بەشداریی کاریگەری هەردوولا لە پێشانگا و کۆنفرانسە جۆراوجۆرەکان، کە لە ئەرمینیا و عێراق بەڕێوەدەچن".

سەرۆک کۆماری ئەرمینیا وتیشی "تیشکمان خستەسەر هاریکاری لە بوارەکانی وزە، کشتوکاڵ و تەکنەلۆژیا بەتایبەتی بە دیجیتاڵکردن، حوکمڕانی ئەلیکترۆنی، فێرکاریی تەکنەلۆژی و بوارەکانی دیکەی پەیوەندیدار، هەروەها لە بوارەکانی تەندروستی، زانست، رۆشنبیری و بوارەکانی مرۆیی".