ئەنجامی گفتوگۆی ستراتیژی ئەمریكاو عێراق؛ ئەمریكا بەردەوام دەبێت لە كشانەوە

12-06-2020 02:16

پەرەگراف

دەرئەنجامی قۆناغی یەكەمی گفتوگۆی ستراتیژیی نێوان ئەمریكاو عێراق بڵاوكرایەوە، ئەمریكا لە بوارە جیاوازەكاندا پشتیوانیی بۆ عێراق دووپات دەكاتەوەو تەئكید لە بەردەوامیی كشانەوەی هێزەكانی دەكات‌و دەڵێت، نایەوێت بنكەی سەربازی هەمیشەیی لە عێراق هەبێت.

گفتوگۆ ستراتیژییەكە دوێنێ لە نێوان شاندی هەردوو وڵات لە ڕێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە ئەنجام درا، لە عێراق عەبدولكەریم هاشم مستەفا، گەورە بریكاری وەزارەتی دەرەوە‌و لە ئەمریكا دەیڤد هێڵ، بریكاری وەزارەتی دەرەوە بۆ كاروباری سیاسی، سەرۆكایەتی شاندی وڵاتەكانیان كرد، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم لە چوارچێوەی شاندی عێراقدا بەشداربوو لە گفتوگۆكەدا، تێیدا لەسەر چەندین تەوەر قسەكراوە لەوانە؛ ئاسایش، تیرۆر، ئابوری، وزە، بابەتە سیاسیـیەكان و پەیوەندیـیە ڕۆشنبیریـیەكانی نێوان هەردوو وڵات.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕاگەیەندراوێكی هاوبەشی هەردوو وڵاتی لەبارەی گفتوگۆكە بڵاوكردەوەو تێیدا ئەوە خراوەتە ڕوو، سەبارەت بە هاوبەشی ئاسایش، هەردوو وڵات ئەو بەرەوپـێشچوونە دەبینن كە بەدەستهاتووە لە نەهێشتنی هەڕەشەكانی داعش، لەسەر ڕۆشنایی ئەمە، "ئەمەریكا لە ماوەی چەند مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت لە كەمكردنەوەی ژمارەی هێزەكانی لە عێراق، وتووێژ لەگەڵ حكومەتی عێراق ئەنجام دەدات لە بارەی شێوازی ئەو هێزانەی دەمێننەوە".

هەروەها ئەمەریكا جەختیكردووەتەوە هەوڵ نادات بنكەیەكی سەربازی هەمیشەیی لە عێراق هەبێت یان بە بەردەوامی هێزی سەربازیی لەو وڵاتە هەبێت، هەر وەك چۆن لە ڕێكەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژی لە ساڵی 2008دا هاتووە كە هاوكاری ئاسایش لەسەر بنەمای ڕێكەوتنی هەردوولا دەكرێت.

لایخۆیەوە حكومەتی عێراق بەڵێنی داوە سەربازانی هاوپەیمانان بپارێزێت لەگەڵ ئەو شوێنە عێراقیانەشی تیایاندا میوانداریی دەكرێن، ئەمەش بەپـێی یاسای نێودەوڵەتی و ئەو ڕێكەوتنانەی لە نێوان هەردوو وڵاتدا ئەنجام دەدرێن.

هاوكات ئەمریكا دووپاتیكردووەتەوە كە ڕێز لە سەروەری عێراق دەگرێت، لە یەكپارچەیی خاكەكەی‌و لەو بڕیارە پەیوەستانەی لەلایەن دەسەڵاتی یاسادانەر و جێبەجێكاری عێراق دەرچوون.

ئەو هەڵوێستەی ئەمریكاو بەردەوام بوون لە كشانەوەی هێزەكانی لە عێراق، دوای ئەوە دێت پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنێكدا بەبێ فراكسیۆنە كوردییەكان و سوننە، زۆرینەی شیعە بڕیاریاندا بە دەركردنی هێزە بیانییەكان بە تایبەت ئەمریكا لە تەواوی خاكی وڵاتدا، ئەوەش لە چوارچێوەی لێكەوتەكانی بە ئامانجگرتنی سەركردە سەربازییەكانی ئێران و حەشدی شەعبی بەتایبەت قاسم سلێمانی‌و ئەبومەهدی موهەندیس.

بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق، بە پێچەوانەوەی گەرموگوڕیی بەغداوە، لە هەرێمی كوردستان كاریگەر دەرنەكەوت و هەڵوێستەكانیش بەو ئاڕاستەیەن كە هەولێر دەستبەرداری هێزەكانی ئەمریكا نابێت.

بەشێكی دیكەی گفتوگۆ ستراتیژییەكەی نێوان واشنتنۆن ‌و بەغداد بابەتەكانی ئابوری‌و وزە بووە، لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوە كراوە، هەردوو وڵات درك بەوە دەكەن عێراق ڕووبەڕووی گرفتێكی زۆری ئابوری بووەتەوە لە ئەنجامی پەتای كۆڤید- 19 و دابەزینی نرخی نەوت.

هەردوولا باسیان لەوە كردووە كە پـێویستە عێراق چاكسازیـیەكی بنەڕەتی بكات لە ئابوریـیەكەی. ئەمریكا تاوتوێی ناردنی ڕاوێژكارانی ئابوری بۆ عێراق دەكات، تاوەكو ڕاستەوخۆ لەگەڵ حكومەتی عێراق كار بكەن لەپـێناو یارمەتیدان لە زیادكردنی ئاستی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ هەوڵە چاكسازیـیەكانی عێراق، لەوانە ئەو پشتیوانیانەی لەلایەن دامودەزگا دارایـیە نێودەوڵەتیـیەكانەوە پـێشكەش دەكرێن بۆ دەستپـێكردن بە پـلانی چاكسازیی گەورەی ئابوری.

هاوكات هەردوو حكومەت تاوتوێی ئەنجامدانی پـڕۆژەی وەبەرهێنانیان كردووە لە كەرتی وزە و بوارەكانی دیكە، كە تیایاندا كۆمپانیا جیهانیـیەكانی ئەمریكا بەشداربن بەو مەرجەی بارودۆخەكە بۆ كاركردن لەباربێت.

سەبارەت بە پرسە سیاسیـیەكان، ئەمریكا لە پاڵ عێراقدا لە ڕێگەی پشتیوانیكردنی عێراق و حكومەتە نوێـیەكەی. هەردوو وڵات جەختیان كردووەتەوە لەسەر گرنگی یارمەتیدانی عێراق لە جێبەجێكردنی بەرنامەكانی حكومەت و چاكسازیـیەكانی بە شێوەیەك خواستەكانی خەڵكی عێراق بەدی ‌بهێنێت، وەكو هەوڵە مرۆیـیەكان، گەڕاندنەوەی سەقامگیری، سەرلەنوێ بنیادنانەوەی وڵاتەكە و ڕێكخستنی هەڵبژاردنی ئازاد و ڕەوا و بێگەرد.

ئەمریكا جەختیكردووەتەوە كە بە هاوكاری لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتیـیەكان، پـشتیوانی بەردەوامی دەبێت بۆ ئامادەكاریـیەكانی عێراق بۆ هەڵبژاردنەكان و هەوڵەكان بۆ پشتیوانیكردن لە سەروەری یاسا و مافەكانی مرۆڤ و گەڕاندنەوەی ئاوارەكان و كارئاسانی بۆیان، بە تایبەتی ئەو كەمینانەی لەلایەن داعشەوە كرانە ئامانج بە مەبەستی لەناوبردنیان.

لە دەرئەنجامی گفتوگۆ ستراتیژییەكە، لەسەر ئاستی ڕۆشنبیری ئەوە هاتووە، هەردوو حكومەت تاوتوێی پلانەكانیان كردووە بۆ گەڕاندنەوەی ئەرشیفی گرنگی سیاسی بۆ حكومەتی عێراق‌و هەوڵەكانی پەرەپـێدانی توانای زانكۆكانی عێراق. هەروەها هەردوولا تاوتوێی پلانەكانیان كردووە بۆ گەڕاندنەوەی پارچە ئاسەوارە مێژوویـیەكان و ئەرشیفی حیزبی بەعسی عێراق.

ڕاگەیەندراوە هاوبەشەكە ئەوەی خستووەتە ڕوو، هەردوو حكومەت چاویان لە ڕێـیە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی زیاتر سەبارەت بەو بابەتانە، ئەوەش لە میانی كۆبوونەوەی كۆمیتەی باڵای هەماهەنگی بۆ گفتوگۆی ستراتیژی كە بڕیارە لە مانگی داهاتوودا لە واشنتۆنی پایتەخت ئەنجام بدرێت.