وەزیری ناوخۆی هەرێم: لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی تێناگەین

29-02-2024 02:03

پەرەگراف

وەزیری ناوخۆی هەرێم ڕایگەیاند، تێنەگەیشتوون بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەبارەی پرسی مووچە چۆنەو چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

"پێویستە وەزارەتی دارایی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق گفتوگۆ بکەن و بگەنە لێکتێگەیشتن و ڕێکارێکی دروست کە لەگەڵ دەستورو یاسا بگونجێ و تایبەتمەندیی هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی دەستوری رەچاو بکرێت" ڕێبەر ئەحمەد لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وای وت.

وەزیری ناوخۆ وتیشی، هەموو هاوکارییەکی دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی فیدراڵ دەکەن بە مەبەستی وردبینی لە لیستی مووچەو هەرچی پێویست بووە هاوکارییان کراوەو هیچ نەماوە داوای بکەن.

دوێنێ دادگای فیدراڵی دەقی بڕیارەکەی بە نووسراو بڵاوکردەوە لەبارەی پرسی مووچەو بودجەی هەرێمی کوردستان، بڕیارەکە ٢٠ لاپەڕەیەو بە وتەی شارەزایانی یاساو دارایی بڕیارەکە "ئاڵۆزەو لە هەندێک شوێندا دژیەکیی" تێدایەو قابیلی خوێندنەوەی جیاوازە.

ئەوەی لە بڕیارەکەدا بە ڕوونی هاتووە؛

ئەگەر کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد چارەسەرنەبن نابێت ئەوە ببێتەهۆی دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.

مووچەخۆرانی هەرێم پێویستە هەژماری بانکی لە بانکە فیدراڵییەکان بکەنەوەو مانگانە مووچەکانیان دەخرێتەسەر هەژمارەکانیان، وەزارەتەکانی هەرێم دەتوانن ڕاستەوخۆ داوای موچە لە وەزارەتی دارایی عێراق بکەن بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی هەرێم. (هەرێمی کوردستان ئەم خاڵە وک لێدان لە پێگەو سەروەریی وەزارەتی دارایی و هەرێم تەماشا دەکات).

پێدانی بەشە بودجەی هەرێم بەپێی یاسای بوجەی عێراق (ئاماژەی بە پێویستی هەموارکردنەوەی ئەو یاسایەش کردووە کە ئەوە داوایەکی هەرێمەو حکومەتی عێراقیش ڕازییە)، ناردنی بودجەی هەرێم بە سێ مەرج دەبێت کە لەو یاسایەشدا هاتووەو ئەمانەن:

هەرێمی کوردستان ڕۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لەڕیی عێراقەوە هەناردەی دەرەوە بکات یاخود ڕادەستی حکومەتی عێراقی بکات.

هەروەها هەرێم داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان ڕادەست بکات.

هاوکاری دیوانی چاودێری دارایی عێراق بێت بۆ وردبینی لە لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.