سۆسیالیست عەبدوڵای حاجی مەحمودی لە حیزب دوورخستەوەو ئەویش دەڵێت پابەندی ئەو بڕیارە نابێت

05-03-2024 04:06

پەرەگراف

کێشەکانی نێوان محەمەدی حاجی مەحمود و عەبدوڵای برای سەریکێشا بۆ دوورخستنەوەی عەبدوڵای حاجی مەحمود لە حیزبی سۆسیالیست و داوا دەکرێت سەرجەم ئەو موڵک و ماڵەش کە لەلایەتی بیگەڕێنێتەوە، نابراویش بڕیاری دوورخستنەوەی ڕەت دەکاتەوەو دەڵێت، کاری پێناکات و هێشتا جێگری سەرۆکی حیزبە.

لە کۆبوونەوەیەک فراوانی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان کە بە سەرپەرشتی محەمەد حاجی مەحمود سەرۆکی حیزبەکە بەڕێوەچوو، بڕیار درا بە دوورخستنەوەی عەبدوڵڵا حاجی مەحموود لە ڕیزەکانی ئەو حیزبە.

فەرهاد تۆفیق وتەبێژی پارتی سۆسیالیست ڕایگەیاند "بەکۆی دەنگ بڕیارەکە دراوەو عەبدوڵای حاجی مەحمود لەمڕۆوە مافی بەسەر حیزبەوە نەماوە و سەرجەم ئەو موڵک و ماڵەی حیزب کە لەلایەتی پێویستە بیگەڕێنێتەوە".

لە کاردانەوەی ئەو بڕیارەدا، عەبدوڵاى حاجى مەحمود کە هاوکات وەزیری شەهیدانە لە پشکی سۆسیالیست ڕایگەیاند "لە دەسەڵاتى ئەنجومەنى سەرکردایەتى پارتى سۆسیال دیموکرات نییە، سەرۆک یان جێگرەکەى لە حیزب دەربکات، چونکە سەرۆک و جێگرەکەى لە کۆنگرە بە زۆرینە هەڵبژێردراون و تەنها کۆنگرەی ئاسایی ئەو دەسەڵاتەی هەیە".

عەبدوڵاى حاجى مەحمود وتیشی "بڕیارى دەرکردنەکەی نا پەیڕەوییە بۆیە کارى پێناکات و هەموو بارەگاکانى پارتى سۆسیالیست بە بارەگاى خۆی دەزانێت".

ئەو بڕیارە دوای ئەوەدێت ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان محەمەدی حاجی مەحمودو عەبدوڵای پێینایە قۆناغێکی تووندتر و شەڕو تەقەکردنی لێکەوتەوە لە گوندی گوڵەخانەی شارەزوور کە بارەگای سەرەکیی پارتی سۆسیالیست ماڵی ئەو دوو برایەی لێیە.

کێشەکانی نێوان محەمەدی حاجی مەحمودو عەبدوڵای برای ماوەی دوو ساڵە بەردەوامەو نەیانتوانیوە چارەسەری بکەن، لەسەر چەندین ئاستی حیزبی و عەشایەری هەوڵ هەبووە بۆ چارەسەر بەڵام هیچیان ئەنجامیان نەبووە.

پێشتر پەرەگراف ئەوەی بڵاوکردەوە کە کێشەکانی ناو حیزبی سۆسیالیست لەسەر پۆست و پلەو پارەیە، ئەمڕۆش عەبدوڵای حاجی مەحمود کێشەکانی بۆ دەرکردنی چەند بڕیارو گۆڕانکارییەک گەڕاندەوە کە بە بڕوای ئەو پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی حیزبەکەن.

کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی عەبدوڵای حاجی مەحمود لەسەر بڕیاری دوورخستنەوەی