دوو ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی‌و ئەندامێكی جڤاتی گشتیی‌ گۆڕان‌ دەستیان لە كار كێشایەوە

16-05-2019 11:31


پەرەگراف

دوو ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی‌و ئەندامێكی جڤاتی گشتیی گۆڕان‌و ستافی ژوری ناوچە كوردستانییە دابڕێندراوەكانی ئەو بزووتنەوەیە دەستیان لەكار كێشایەوەو ڕەخنە لە سەركردایەتی حیزبەكەیان دەگرن.

ئەحمەد عەزیز، ڕێكخەری ژوری ناوچە كوردستانییە دابڕێندراوەكانی گۆڕان كە هاوكات ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەكەیە، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا ڕاگەیەندراوی دەستلەكار كێشانەوەیانی خوێندەوە.

لە ڕاگەیەندراوەكەیاندا ڕەخنەی تووند لە سیاسەتەكانی بزووتنەوەكە و بەتایبەت خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان دەگرن دەربارەی دۆخی ناوچە دابڕاوەكان‌و پرسەكانی هەرێمی كوردستان، دەڵێن "ئێمە پێمان وایە بزوتنەوەی گۆڕان لە سەر دەستی ئەم سەركردایەتیە لە ڕاستە ڕێگاكەی خۆی لای داوە، كە لە پێناویدا دامەزرا... وە چاوەڕوان دەكەین بزوتنەوەكە بەرەو هەڵدێری گەورەتر بەرن".

دەست لە كار كێشانەوەی ئەو بەرپرسانەی گۆڕان لە چوارچێوەی ناڕەزاییە ناوخۆییەكانی ئەو بزووتنەوەیەدایە، پێشتریش چەند ئەندامێكی دیكەی هەردوو جڤات‌و چەندین هەڵسوڕاوی دیكە بەهۆی ناڕەزاییەكانیان وازیان لە گۆڕان هێناوە.

هەریەكە لە مەلا فەرمان ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی و عەبدولڕەحمان عەبدوڵا(ناسراو بە عەول) ئەندامی جڤاتی گشتی و ئەندامانی ژووری ناوچە كوردستانییەكانی گۆڕان، ناویان لەسەر ڕاگەیەندراوی دەستلەكار كێشانەوەكەیە.

دەقی ڕاگەیەندراوەكەی ئەو بەرپرسانەی گۆڕان كە دەستیان لە كار كێشاوەتەوە

ڕاگەیەندراوێك بۆ ڕای گشتی

كەركوك/ 16/5/2019

پرسی كەركوك:
- بارودۆخ وڕەوشی كەركوك گەیشتۆتە ئاستێكی ترسناك، ئێستا هەڕەشە لە سەر خاك و خەڵكەكەی دروست بووە، ئەوەش لە ئەنجامی هەڵە و نادوربینی سیاسەتەكانی یەكێتی و پارتی و بێ هەڵوێستی لایەنەكانی تر بەرانبەر كەركوك و ناوچە كوردستانیە دابڕێندراوەكان هاتووەتە ئاراوە.

دوای ڕیفراندۆم و 16/ئۆكتۆبەر/2017 سیاسەتی تەعریب و پەراوێزخستنی كورد لە كەركوك و خورماتو و ناوچە كوردستانییە دابڕێندراوەكان بە شێوەیەكی بەرچاو سەری هەڵداوەتەوە، بە داخەوە دوای هەوڵێكی زۆرمان لە گەڵ خانەی ڕاپەڕاندن لە كاتی خۆیدا، ئامادە نەبون لە سەر 16/ ئۆكتۆبەر بەیاننامەیەك دەربكەن.

- لە سەرو بەندی ڕێكەوتنی بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ دروستكردنی كابینەی 9ی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەرەڕای پێشنیار و ئیلحاحی زۆرمان لەسەر هەردو ئاستی جڤاتی نیشتیمانی و خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان هیچ پشك و ئەجێندایەكی ئەوتۆی بۆ كەركوك و خورماتو و ناوچە كوردستانییە دابڕێندراوەكانی تیا نەبو.

- ئێمە پێمان وایە بزوتنەوەی گۆڕان لە سەر دەستی ئەم سەركردایەتیە لە ڕاستە ڕێگاكەی خۆی لای داوە، كە لە پێناویدا دامەزرا (كاركردن لە پێناو هێنانەكایەی عەدالەتی كۆمەڵایەتی و دژایەتیكردنی گەندەڵی و پیادەكردنی سیاسەتێكی كوردستانی بەرانبەر كەركوك و ناوچە كوردستانیە دابڕێندراوەكان و هێنانەكایەی سیستمێكی پارلەمانی، لایەنی كەم هاوشێوەی بەغدا و دوركەوتنەوە لە سیستمی حوكمڕانی بنەماڵەیی)، وە چاوەڕوان دەكەین بزوتنەوەكە بەرەو هەڵدێری گەورەتر بەرن.

دوای بێ هیوابونمان لە خانەی ڕاپەڕاندن و جڤاتی نیشتیمانی بۆ ڕاستكردنەوەی ئەو بارودۆخە، بڕیارماندا دەست لە كاربكێشینەوە، لێرەوە بەڵێن دەدەین لە سەر ئەرك و كاری سیاسی خۆمان بەردەوام دەبین بۆ هێنانەدی ئەو ئامانجانەی بڕوامان پێ بووە و ئاماژەمان پێ كرد، بە تایبەتی سیاسەتێكی كوردی و كوردستانی بۆ كەركوك و ناوچە كوردستانییە دابڕێندراوەكان.


مەلا فەرمان ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی

ئەحمەد عەزیز ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی و ڕێكخەری ژوری ناوچە كوردستانیە دابڕێندراوەكان


عەبدولڕەحمان عەبدوڵا(ناسراو بە عەول) ئەندامی جڤاتی گشتی


عەبدوڵا حەبیب‌و لەتیف فاتیح فەرەج ئەندامانی ژوری ناوچەكوردستانییە دابڕێندراوەكان