وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مووچەی ڕەوانەی بەغداد کرد

06-03-2024 03:59

پەرەگراف

وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاند، کەمێک لەمەوبەر بەواژۆی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری، لیستی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق کرا.

ناردنی لیستی مووچە بە ئامانجی ناردنی پارەی مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆرانی هەرێمە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە.

دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەبارەی مووچەی هەرێم، وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند، پارە بۆ مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی هەرێم بەپێی لیستی مووچە ‏دەنێرێت و چاوەڕێیە لیستەکەی لە حکومەتی هەرێمەوە پێبگات، بەڵام بۆ مانگی ئادار كراوە بە مەرج كە دەبێت مووچەخۆرانی هەرێم هەژماری بانكیی لە بانكە حکومییە ‏عێراقییەكان بكەنەوە، بەپێچەوانەوە مووچەیان پێ نادرێت‎.‎

دوێنێش سەرۆکى دادگاى فیدراڵی عێراق ڕایگەیاند، ئەگەر وەزارەتی دارایی هەرێم بڕیارەكەی دادگا جێبەجێ نەكات لەبارەی مووچە، فەرمانگە لاوەكییەكان دەتوانن كاری جێبەجێكردن و هەماهەنگی راستەوخۆ لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق بکەن.

جاسم عومەیری سەرۆکى دادگاى فیدراڵی، جەخت لەوە دەکاتەوە کە نابێت کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد ببێتەهۆی بێبەشکردنی هاوڵاتییانی هەرێم لە مووچەکانیان، دەشڵێت "فەرمانبەرانى هەرێم کە بڕیاردراوە مووچەکانیان بکرێت بە کارتى ئەلیکترۆنى، پێشتر بە شێوەیەکی رێکوپێک مووچەیان وەرنەگرتووە".

سەرۆکی دادگای فیدراڵی ئەوەش دووپات دەکاتەوە کە ئەو بڕیارانەی لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە دەردەچن پێویستە هەموو دەسەڵاتەکان پێوەى پابەندبن.

بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی پرسی مووچەو بودجەی هەرێمی کوردستان ٢٠ لاپەڕەیەو بە وتەی شارەزایانی یاساو دارایی بڕیارەکە "ئاڵۆزەو لە هەندێک شوێندا دژیەکیی" تێدایەو قابیلی خوێندنەوەی جیاوازە.

ئەوەی لە بڕیارەکەدا بە ڕوونی هاتووە؛

ئەگەر کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد چارەسەرنەبن نابێت ئەوە ببێتەهۆی دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.

مووچەخۆرانی هەرێم پێویستە هەژماری بانکی لە بانکە فیدراڵییەکان بکەنەوەو مانگانە مووچەکانیان دەخرێتەسەر هەژمارەکانیان، وەزارەتەکانی هەرێم دەتوانن ڕاستەوخۆ داوای موچە لە وەزارەتی دارایی عێراق بکەن بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی هەرێم. (هەرێمی کوردستان ئەم خاڵە وک لێدان لە پێگەو سەروەریی وەزارەتی دارایی و هەرێم تەماشا دەکات).

پێدانی بەشە بودجەی هەرێم بەپێی یاسای بوجەی عێراق (ئاماژەی بە پێویستی هەموارکردنەوەی ئەو یاسایەش کردووە کە ئەوە داوایەکی هەرێمەو حکومەتی عێراقیش ڕازییە)، ناردنی بودجەی هەرێم بە سێ مەرج دەبێت کە لەو یاسایەشدا هاتووەو ئەمانەن:

هەرێمی کوردستان ڕۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لەڕیی عێراقەوە هەناردەی دەرەوە بکات یاخود ڕادەستی حکومەتی عێراقی بکات.

هەروەها هەرێم داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان ڕادەست بکات.

هاوکاری دیوانی چاودێری دارایی عێراق بێت بۆ وردبینی لە لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.