هەولێرو بەغداد ڕێککەوتوون تێچووی دەرهێنانی بەرمیلێک نەوتی هەرێم ٢٠ هەزارو ٦١ دیناربێت

07-03-2024 01:28

پەرەگراف

وەزیری سامانەسروشتییەکانی هەرێم ڕایگەیاند، لەگەڵ حکومەتی عێراق گەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەبارەی تێچووی دەرهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان.

"پێشتر حکومەتی فیدراڵی بڕیاریدابوو، بۆ دەرهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت نزیکەی هەشت هەزار و 900 دینار بداتە کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام دوای پێکهێنانی دوو لیژنە، بڕیاردرا ئەو بڕە پارەیە بۆ 20.61 هەزار دینار بەرزبکریتەوە" کەمال محەمەد وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت وای وت.

بەوتەی وەزیری سامانە سرووشتییەکان، بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی پاریس لەبارەی نەوتی هەرێمی کوردستان پێنج بابەت لە خۆ دەگرێت و چواریان لە بەرژەوەندی هەرێم بوون، "ئیدارەدان، دەرهێنان، گواستنەوە و کۆگاکردنی نەوتەکە لە دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، تەنها فرۆشتنی نەوتەکە لە دەسەڵاتی وەزارەتی نەوتی عێراقە کە دەبێت لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆ بفرۆشرێت".

کەمال محەمەد وتیشی "سەدا 80ـی بڕیارەکانی دادگای پاریس لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان بووە. کێشەمان نییە کۆمپانیای سۆمۆ نەوتی هەرێم بفرۆشێت و داهاتەکەی بچێتە گەنجیەنەی حکومەتی عێراق، بەڵام دەبێت شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکرێن".

وەزیری سامانە سرووشتییەکان ئاماژە بەوەش دەکات، زۆرینەی کێشەکانی تایبەت بە نەوتی هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ چارەسەر کراون، تەنها هەناردەکردنەوەی نەوتەکە ماوە، بۆئەوەش هەرێمی کوردستان و تورکیاش ئامادەن.

هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان و کەرکوک بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا لە 25-3-2023 ڕاگیرا بەهۆی بڕیاری دادگای ‏ناوبژیوانیی ‏نێودەوڵەتیی لە پاریس لەسەر سکاڵایەکی عێراق لە دژی تورکیا، ئەوەش مانگانە زیانی یەک ملیار دۆلاری بە ئابوری عێراق گەیاندووە کە پشکی شێری زیانەکە بەر هەرێمی کوردستان کەوتووە.