وەزارەتى دارایی: لە پڕۆژەی هەژمارى من زیاتر لە 220 هەزار مووچەخۆر تۆمارکراون

07-03-2024 08:04
مەسرور بارزانی لەبەردەم ئامێرێکی ڕاکێشانی پارە کە مووچەخۆران لەڕێی پڕۆژەی هەژماری من دەتوانن پارەکانیان لەو ئامێرانەوە ڕابکێشن.

پەرەگراف

وەزارەتى دارایی هەرێم ڕایگەیاند، پڕۆژەی (هەژماری من) کە دروستکردنی هەژماری بانکییە بۆ مووچەخۆران و ساڵێک لەمەوبەر راگەیەندرا "دەستکەوتی گەورە"ی بەدەستهێناوەو تا ئێستا زیاتر لە 220,000 مووچەخۆری حکومی لە پڕۆژەکەدا تۆمارکراون و کارتی بانکیی بۆ زیاتر لە 100 هەزار مووچەخۆر گەڕاوەتەوە.

وەزارەتی دارایی ئەوەش دەخاتەڕوو، کارەکانی پڕۆژەکە لە 7 شاری هەرێمی کوردستان دەستیان پێکردووەو بە بەشداریی چەند بانکێکی ئەهلیی و ژمارەی ئەو بانکانەش لە داهاتوویەکی نزیکدا زیاتر دەبن.

لە پرۆژەكەدا پێنج بانكی تایبەت بەشدارن كە بریتین لە (بانكی جیهان، بانكی ئاشوور، بانكی ئەهلیی عێراقی،‎ ‎RT bank ‎‏ و ‏bbac bank‏). وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە كردووە كە "بانكەكان سەرجەم مەرجەكانیان ‏تێدایە و لەلایەن بانكی ناوەندیی عێراقەوە پەسەند كراون".‏

دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەبارەی مووچەی هەرێم، وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند، پارە بۆ مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی هەرێم بەپێی لیستی مووچە ‏دەنێرێت، بەڵام بۆ مانگی ئادار كراوە بە مەرج كە دەبێت مووچەخۆرانی هەرێم هەژماری بانكیی لە بانكە حکومییە ‏عێراقییەكان بكەنەوە، بەپێچەوانەوە مووچەیان پێ نادرێت.

هەرچەندە پێنج بانك لە پڕۆژەی هەژماری من بەشدارن و سەرجەمیان بانكی فەرمین و لەلایەن بانكی ‏ناوەندیی عێراقەوە متمانەپێكراون، بەڵام هێشتا ڕوون نییە كە ئایا دەكرێت سوود لە پڕۆژەی هەژماری من ‏وەربگیرێت بۆ دابەشكردنی مووچە بەپێی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی یاخود نا، بەوپێیەی دادگاكە لە بڕیارەكەیدا ‏دەڵێت، دەبێت لەڕێی بانكە حكومییە عێراقییەكانەوە مووچەكان دابەش بكرێن‎.‎