سوودانی: ئەگەر بەغداد ڕاستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدات، كیانی دەستووریی هەرێم نامێنێت

08-03-2024 12:37

پەرەگراف

محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، دەڵێت "ئەگەر بڵێین دەبێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بەشێوەی ڕاستەوخۆ لەلایەن بەغدادوە بدرێت، ئەوا كیانێكی دەستووری بەناوی هەرێمی كوردستان بوونی نامێنێت".

سوودانی ئەم قسەیەی لە ڕۆژی 6-2-2024 گفتوگۆیەكدا لەگەڵ كەناڵی حەدەس كردووە، واتە 15 ڕۆژ بەر لە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی لەبارەی مووچەوە، كە بەپێی بڕیارەكە دەبێت لە مانگی سێوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕاستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق و لە ڕێگەی كارتی بانكییەوە بدرێت.

سەرۆكوەزیرانی عێراق لەو گفتوگۆیەدا جەخت دەكاتەوە كە "شتێك بە ناوی بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە دەستوور یاسای بودجەدا نییە"، دەشڵێت "ڕێژەی 12.67%ـی بودجە دەدرێت بە هەرێمی كوردستان و حكومەتی هەرێم لە مووچە و پڕۆژەكاندا خەرجی دەكات بەو جۆرەی دەیەوێت، چونكە هەرێمی كوردستان پەرلەمان و حكومەتی هەیە".

محەمەد شیاع سوودانی سەبارەت بە دابەشكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ڕاستەوخۆ لەلایەن حكومەتی عێراقەوە دەڵێت "ئەگەر هەرێمی كوردستان ئەوەی دەوێت، لە بەیانییەوە یاساكە هەموار دەكەین و وەزارەتی دارایی مووچەكە بەشێوەی ڕاستەوخۆ دەدات".

"پەیوەندیمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەراورد بە ماوەكانی ڕابردوو، باشە و لەسەر بنەمای لێكتێگەیشتن، ڕاشكاوی و ڕوونییە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی متمانە كە پێشتر نەبوو. زۆربەی كێشەكان بەرەو ئەوە دەڕۆن كە چارەسەر ببن، لەبەر ئەوەی ئێمە ئامانجمان چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان"، سوودانی لەو گفتوگۆیەی بەر لە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی وای وتووە.