ڕێكخراوی سی پی تی: دوو هاووڵاتیی مەدەنی بە بۆردوومانی توركیا شەهید بوون

08-03-2024 12:01

پەرەگراف

تیمی كوردستانی عێراقی ڕێكخراوی (CPT) دەڵێت "بەهۆی بۆردوومانی هێزی ئاسمانیی توركیا بۆ سەر چیای حەوت تەبەقێ لە گوندی بەریسكێی سەر بە ناحیەی دینارتە لە قەزای ئاكرێ، دوو هاووڵاتیی مەدەنی شەهید و هاووڵاتییەكی دیكەش بریندار بوون".

كامەران عوسمان، ئەندامی تیمی كوردستانی عێراقی ڕێكخراوی سی پی تی ناسنامەی قوربانییەكانی بڵاو كردووەتەوە و دەڵێت "شەهیدەكان پێكهاتوون سەعید موبارەك زێباریی تەمەن ٤١ ساڵ، خێزاندارە و پێشمەرگەیە، لەگەڵ ئاراز فەرەج حاجیی تەمەن ٢٩ ساڵ، كە خێزاندارە و وەكو سكرتێری دكتۆر كاری كردووە، هاووڵاتییە بریندارەكەش ناوی ساڵح موبارەك زێبارییە و پێشمەرگەیە و برای یەكێك لەو هاووڵاتیانەیە كە لە بۆردوومانەكەدا گیانی سپاردووە".

بەپێی ئەو زانیارییانەی كامەران عوسمان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك بڵاوی كردوونەتەوە، ئەو سێ هاوڵاتییە خەڵكی گوندی دێویكی‌ن لە ناحیەی دینارتە. بەیانیی ئەمڕۆ "بەمەبەستی كۆكردنەوەی گژوگیای بەهارە" ڕوویان كردبووە چیای حەوت تەبەق.

بەپێی ئاماری ڕێكخراوی سی پی تی، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەكو ئێستا "دەوڵەتی توركیا ٢٤١ بۆردوومان و هێرشی لە هەرێمی كوردستانی عێراقدا ئەنجام داوە و لە ئەنجامی ئەو بۆردوومانانەشدا، ٤ هاوڵاتیی مەدەنی گیانیان لەدەست داوە و یەك هاووڵاتی بریندار بووە، كە سەرجەمیان خەڵكی سنووری ناحیەی دینارتەی قەزای ئاكرێن".