عوزێرییەکان: کوێخا دێرین ڕەمزى ئاشتى و خێر و خۆشى بووە

08-03-2024 09:03

پەرەگراف

عوزێرییەکان لە پەیامێکى نوێدا بۆ یەکێتى و بە تایبەت بافڵ تاڵەبانى و قوباد تاڵەبانى، داواى چارەسەرکردنى کێشەکەى کوێخا دێرین و "ئاشتکردنەوە"ـى عەشیرەتى عوزێرى دەکەن، بە پێچەوانەوە هۆشدارى دەدەن کە بە ئاشتنەکردنەوەیان "٣٠ هەزار دەنگ لە یەکێتى کەم دەبێتەوە". دەشڵێن "کوێخا دێرین ڕەمزى ئاشتى و خێر و خۆشى و خۆشگوزەرانى بووە".

ئەمڕۆ بەشێک لە بنەماڵە و ڕیشسپییانى عەشیرەتى عوزێرى لە شوێنى قەڵا خاپوورکراوەکەى کوێخا دێرین عوزێرى کۆبوونەوە و پەیامێکیان ئاراستەى یەکێتى کرد کە تێیدا هاتووە "لەم ڕۆژانەدا کێشەیەک بەمەبەست و بۆ بەرژەوەندیى تاکەکەسیى کەسانێکى خۆپەرست و هەلپەرست، ڕووبەڕووى هۆزى گەورەى عوزێریمان کراوەتەوە ولە ناخەوە ئازارى تاک بە تاکى هۆزى گەورەى عوزێرییان داوە".

عوزێرییەکان دەشڵێن "داوامان وایە سەرۆک و لێرپرسراوى باڵادەست و دڵسۆزانى یەکێتى، خەمێک لە چارەسەرکردنى ئەو کێشەیە بخۆن کە ڕووبەڕووى هۆزەکەمان بەگشتى و براى گەورەمان کوێخا دێرین بووەتەوە، بە پێچەوانەوە هانى گەنج و لاوەکانمان نەدەن کە بۆ هەمیشە لە پشتگیریى حیزبى شەهیدان دوور بکەونەوە".