سێ‌ لایەنی سوننەكان لەسەر كاندیدێكی هاوبەش بۆ سەرۆكی پەرلەمان ڕێككەوتن

09-03-2024 12:03

پەرەگراف

سێ‌ حیزب و هاوپەیمانێتیی سوننەكان لەسەر كاندیدێكی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ڕێككەوتن و داوا لە چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەكان دەكەن پاڵپشتیی كاندیدەكەیان بكەن، حیزبی تەقەدوم لەناو ئەو سێ‌ لایەنەدا نییە، لە كاتێكدا پێشتر پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لای ئەوان بووە.

هەریەك لە موسەننا سامەڕائی، سەرۆكی هاوپەیمانیی عەزم و خەمیس خەنجەر، سەرۆكی حیزبی سیادە و سابت عەباسی، سەرۆكی هاوپەیمانیی حەسمی نیشتمانی نووسراوێكیان بە واژووی خۆیانەوە ئاراستەی سەركردەكانی چوارچێوەی هەمانگی كردووە و تێیدا بە فەرمی (سالم مەتەر عیساوی)یان وەكوو كاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دیاری كردووە.

سەركردەكانی ئەو سێ‌ حزب و هاوپەیمانێتییەی سوننە داوایان كردووە كە پەلە بكرێت لە دیاریكردنی كاتی دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان.

داوایشیان لە سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی كردووە، پشتیوانیی كاندیدەكەیان بكەن "بۆ تەواوكردنی شایستە دەستوورییەكانی پرۆسەی سیاسی بەوشێوەیەی خزمەتی عێراق و یەكێتی و سەروەرییەكەی دەكات".

لە دوای دوورخستنەوەی محەمەد حەلبووسی لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە، تا ئێستا پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بە چۆڵی ماوەتەوە، سوننەكان بە تەواوی لەسەر كاندیدێكی هاوبەش بۆ ئەو پۆستە ڕێكنەكەوتوون.

حیزبی تەقەدومی سوننەكان بە سەرۆكایەتیی محەمەد حەلبووسی كە پێشتر پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی لا بووە، لەناو ئەو سێ‌ لایەنەدا نییە كە لەسەر كاندیدكردنی سالم عیساوی ڕێككەوتوون.

پێشتر لە ڕۆژی 13-1-2024 پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان كۆبووەوە و پێنج پەرلەمانتار خۆیان كاندید كرد، بەڵام كەسیان لە خولی یەكەمدا دەنگی پێویستیان بۆ بردنەوەی پۆستەكە بەدەست نەهێنا.

دەنگی كاندیدەكان بەم شێوەیە بوو "شەعلان كەریم: 152 دەنگ، سالم عیساوی: 97 دەنگ، مەحموود مەشهەدانی: 48 دەنگ، عامر عەبدولجەبار: 6 دەنگ و تەڵاڵ زەوبەعی: 1 دەنگ، هەروەها دەنگی پووچ: 10 دەنگ".

هەریەك لە (شەعلان كەریم و سالم عیساوی) كە دەنگی یەكەم و دووەمیان بەدەست هێنا، لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەكەدا كێبڕكێ‌ دەكەن بۆ بردنەوەی پۆستەكە، بەڵام تا ئێستا پەرلەمان دانیشتن و هەڵبژاردنی بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو پۆستە ئەنجام نەداوە.
ڕۆژی 14-11-2023، بە بڕیاری دادگای فیدراڵیی عێراق، محەمەد حەلبووسیی سەرۆكی پەرلەمان لە ئەندامێتیی پەرلەمان دوور خرایەوە، دوورخستنەوەی حەلبووسی كە باڵاترین پۆستی سوننەكانی عێراقی هەیە، بەهۆی "ساختەكردنی نووسراوێك"ـەوەبوو.

كۆتاییهێنان بە ئەندامێتیی حەلبووسی لە پەرلەمان، بەهۆی سكاڵایەكی لەیس دلێمی پەرلەمانتاری پێشووی عێراق بوو كە پێشتر لە حیزبی تەقەدوومی حەلبووسی بووە و دوای ئەوەی حەلبووسی لە حیزبەكە دووری خستە وە، كێشە كەوتە نێوانیان و پاشان دلێمی پەردەی لەسەر كارێكی نایاسایی حەلبووسی لادا و لە دادگای فیدراڵی سكاڵای لەسەر تۆمار كرد.

دلێمی لە سكاڵاكەیدا ئەوەی خستە ڕوو، لە خولی پێشووی پەرلەمان كاتێك لەسەر حیزبەكەی حەلبووسی پەرلەمانتار بووە، سەرجەمیان نووسراوێكیان پێ واژوو كراوە دەربارەی دەستلەكاركێشانەوە لەسەر خواستی خۆیان و حەلبووسی ئەو نووسراوەی بەدەستەوە بووە تاوەكو هەر كاتێك ویستی لە بەرامبەر پەرلەمانتاران بەكاری بهێنێت، بەڵام لەم خولەی پەرلەمان كە دلێمی لەسەر لیستێكی دیكە پەرلەمانتار بووە، حەلبووسی هەمان نووسراوی خولی پێشووی ئەو پەرلەمانتارەی بەكار هێناوە و بەو نووسراوە لە ئەندامێتیی ئەم خولەی پەرلەمان دووری خستووەتەوە، دادگاش ئەو كارەی بە ساختەكاریی لەقەڵەم داوە.

لە كاردانەوەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بە دوورخستنەوەی محەمەد حەلبووسی، حیزبی تەقەدوم كە حەلبووسی سەرۆكایەتیی دەكات، یەك ڕۆژ دوای بڕیارەكە و لە 15-11-2023دا بڕیاری دا بە كشاندنەوەی وەزیرەكانی لە حكومەت و بایكۆتكردنی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان لەلایەن پەرلەمانتارەكانیەوە.

سەركردەكانی حیزبی تەقدوم و پەرلەمانتارەكانی، كۆبوونەوەیەكی بەپەلەیان ئەنجام دا و دواتر چوار بڕیاریان لە بەیاننامەیەكدا ڕاگەیاند.

حیزبەكە بڕیاری دا بایكۆتی كۆبوونەوەكانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بكات كە لە لایەنە پێكهێنەكانی حكومەت پێك دێت. هەروەها سێ‌ وەزیرەكەی (محەمەد تەمیم، جێگری سەرۆكوەزیران و وەزیری پلاندانان و خالد بەتال، وەزیری پیشەسازی و ئەحمەد فەكاك، وەزیری ڕۆشنبیری) لە كابینە حكومییەكەی سوودانی بكشێنێتەوە.

حیزبەكەی حەلبووسی بڕیاریشی دا بە دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارەكانی لە پۆستەكانی سەرۆك و جێگرانی سەرۆكی لیژنەكانی پەرلەمان، هەروەها بایكۆتكردنی دانیشنەكانی پەرلەمانی عێراق لەلایەن سەرجەم پەرلەمانتارەكانیەوە.

حیزبی تەقەدوم وتیشی "تووشی شۆك بووین بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی و بە پێشێلكردنی ڕەهای دەستووری دەزانین، بڕیارەكە بە ئاشكرا بەئامانجگرتنی سیاسییە".

دواتریش محەمەد حەلبووسی لە كاردانەوەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیی عێراق بە دورخستنەوەی لە پەرلەمان وتی "دادگای فیدراڵی دەستوەردان لە هەموو شتێكدا دەكات كە لە دەرەوەی دەسەڵاتەكانی خۆیدایە و ڕۆڵی دەستووریی خۆی تێپەڕاندووە و دەستووری پیشێل كردووە".

سەرۆكی دوورخراوەی پەرلەمانی عێراق لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتیشی، بابەتەكە بابەتی محەمەد حەلبووسی نییە و پرسی دەوڵەتە، ئەوەی ڕووی دا "پێشێلكردنی دەستوورە".

حەلبووسی ئەوەشی خستە ڕوو كە دەستوور ئەو حاڵەتانەی دیاری كردووە كە بەهۆیانەوە كۆتایی بە ئەندامێتی لە پەرلەمان دێت، ئەوانیش بریتین لە؛ مردن، دەستلەكار كێشانەوە، ئەنجامدانی تاوانێك كە بڕیاری كۆتایی دادگای بۆ دەركرابێت، نەخۆشییەك كە نەتوانێت لە كارەكەی بەردەوام بێت.

"دادگای فیدراڵی كە دەبێت پارێزەر و جێبەجیكاری دەستوور بێت، خۆی پابەندی نەبووە و بڕیارەكەی پێچەوانەی دەستوورە، ئەوەش مەترسیدارە" حەلبووسی وای وت.