وەزیری پێشمەرگە: تا مانگی 9ی 2026 یەکەی 70 و 80ی پێشمەرگە نامێنن

09-03-2024 11:17

پەرەگراف

وەزیری پێشمەرگە ڕایگەیاند، پڕۆسەی چاکسازیی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوامەو تا مانگی 9ی 2026 یەکەی 70 و 80ی پێشمەرگە کە سەربە یەکێتی و پارتین نامێنن و هێزەکان یەکدەخرێنەوە، بۆ ئەوەش پارتی و یەکێتی ئامادەن و حکومەتیش سوورە لەسەر جێبەجێکردنی.

شۆڕش ئیسماعیل کە یاوەریی مەسرور بارزانی کرد بۆ واشنتن و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا کۆبوونەوە، بە میدیای سەرۆکی حکومەتی وت "ئەمەریکییەکان دەستخۆشییان لە چاکسازیی و پڕۆسەی یەکخستنەوەی پێشمەرگە کرد".

"ئەمەریکییەکان دەمێننەوە لەگەڵمان و پاڵپشتییەکانیان بەردەوام دەبێت، ئێمەش ئیلتیزاممان لەسەر شانەو دەبێت جێبەجێی بکەین" وەزیری پێشمەرگە وای وت.

شۆڕش ئیسماعیل وتیشی "پەیوەندییەکانی پێشمەرگەو وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دوورمەوداو ستراتیژین".

ئەمەریکا بەردەوامە لە هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ پێشمەرگەو مانگانە مووچەی نزیکەی 54 هەزار پێشمەرگە خەرج دەکات کە لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا یەکخراون، هاوکات 100 هەزار پێشمەرگەی دیکەش لەو یەکانەدا خزمەت دەکەن کە ڕاستەوخۆ لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە کۆنتڕۆڵ کراون.

بەردەوامیی هاوکارییەکان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بە ناردنی پارە بۆ مووچەی مانگانەو ڕاهێنان و ڕاوێژی سەربازیی لەلایەن هاوپەیمانانەوە، هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی نیگەرانییەکانیان کە بەپێی بەدواداچوونێکی پێشتری پەرەگراف بەهۆی سست بەڕێوەچوونی پڕۆسەی چاکسازیی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەو بەردەوامیی ململانێی حیزبیی پارتی و یەکێتی یە لەناو ئەو وەزارەتە.

حەوت ساڵە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بە تایبەتی ئەمریكا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و هۆڵەندا، بە پارە و راوێژ و دابینکردنی پێداویستی سەربازیی و هەماهەنگی دیكە، دەیانەوێت سوپایەكی نیشتمانی بۆ هەرێمی كوردستان پێكبهێنن لەڕێی نەهێشتنی هێزی سەر بە پارتی و یەكێتی، ئەوەش لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە.

لێكتێگەشتنی فەرمی نێوان هەردوو وەزارەتی بەرگری ئەمریكا و پێشمەرگە، لە ساڵی 2016ـەوە واژۆكراوە و لە ئەیلولی 2020ـیشداجارێكیتر نوێكرایەوە، كە ئامانجی سەرەكیی هاوکاریکردن و پڕکردنەوەی پێداويستى و كه‌موكوڕييه‌كانى پێشمه‌رگەیە، لەگەڵ‌ هاوكاری و پشتيوانییان بۆ سه‌رخستنى پڕۆسه‌ى چاكسازى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و يه‌كخستنه‌وه‌ى يه‌كه‌ و هێزه‌كانى پێشمه‌رگه.