چوار تووشبووی دیکەی کۆرۆنا لە سلێمانی گیانیان لەدەستدا

13-06-2020 12:30

پەرەگراف

چوار تووشبووی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سلێمانی گیانیان لەدەستدا، بەوەش حاڵەتەکانی گیان لەدەستدان لە ھەرێم گەیشتە ٤٢.

وەزارەتی تەندروستی هەرێم ڕایگەیاند، چوار تووشبووەكە دوو پیاوی تەمەن ٧١ و  ٥٧ ساڵ و دوو ئافرەتی تەمەن ٧٥ و  ٦٨ ساڵن، سێ لەوان لە شاری سلێمانی و یەك لە قەزای چەمچەماڵ دوای خەواندن و مانەوە لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستداوە.

دوێنێش سێ تووشبووی ڤایرۆسەکە لە سلێمانی گیانیان لەدەستدا، تائێستا لە سلێمانی ٣٨ حاڵەتی گیان لەدەستدان ھەبووەو چوار حاڵەتیش لە ھەولێر.

سلێمانی لەسەر ئاستی هەرێم خراپترین دۆخی هەیە، د.هێرش سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، پێشتر لەبارەی ناوچە مەترسیدارەكانی ناو سەنتەری سلێمانی، بۆ پەرەگراف ئەوەی خستە ڕوو، هەموو شوێنێك زۆنی مەترسیدارە لەناو سەنتەری سلێمانی لەبەرئەوەی لە زۆربەی زۆری گەڕەكەكان حاڵەتی كۆرۆنا تۆمار كراوە، وتیشی "ناوچەی شەقامی 30 مەترییەكە زۆربەی زۆری بە زۆنی مەترسیدار دادەنرێت، شوێنە قەرەباڵغەكانی ناوبازاڕیش هەموویان شوێنی مەترسیدارن، بەڵام ئەوەنییە بڵێین لە شوێنێكدا نییە، لە زۆربەی گەڕەكەكان حاڵەت هەیە".

تائێستا ڕێژەی گیان لەدەستدان بە كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان %2و چارەسەركراوان لەسەدا 41، هاوكات لەسەدا 57ی تووشبووان ئێستا لەژێر چارەسەردان.