لقی هەولێری کۆمسیۆن: تائێستا هیچ هاوپەیمانییەک بۆ هەڵبژاردن پێکنەهاتووە

10-03-2024 01:47

پەرەگراف

لقی هەولێری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق ڕایگەیاند، تا ئێستا هیچ هاوپەیمانێتییەک بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمار نەکراوە، ٧ لایەنی سیاسی فۆڕمی بەشدارییان وەرگرتووەو ٢٩ کەسیش وەک کاندیدی سەربەخۆ فۆرمی بەشدارییان پڕکردووەتەوە.

فەرهاد ئەسعەد، بەرپرسی هۆبەی لایەنە سیاسییەکان لە نووسینگەی هەولێری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ١٤ی ئەم مانگە کۆتا وادەیە بۆ وەرگرتنی ناوی هاوپەیمانێتییەکان و پێشکەشکردنی لیستی کاندیدانی هەڵبژاردنەکەش لە ١٣ی ئەم مانگە دەستپێدەکات تاوەکو ٢٢ی مانگ.

کاندیدی سەربەخۆ دەبێت یەک ملیۆن دینار، هاوپەیمانێتییەکانیش 10 ملیۆن دینار و کاندیدی لایەنە سیاسیەکانیش دەبێت پێنج ملیۆن دینار رسومات بدەن.

ڕۆژی ١٠-٦-٢٠٢٤ دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق  ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان بۆ 100 كورسی كەم كراونەتەوە و دادگاکە بە پاساوی "نادەستووریبوون" 11 كورسیی پێكهاتەكانی لابردو پێكهاتەكان هاوشێوەی حیزب و پارتەكانی دیكە، بەبێ‌ كۆتا بەشداری لە هەڵبژاردن دەكەن.

هەڵبژاردنەكە بە چوار بازنە بەڕێوە دەچێت و كورسییەكان بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاكاندا دابەش كراون: سلێمانی 38 كورسی، هەولێر 34 كورسی، دهۆك 25 كورسی و هەڵەبجە سێ‌ كورسی.