نەرمین مەعروف: وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ پێیان راگەیاندم لیستی موچەی هەرێم زۆر بە باشی ئامادەکراوە

10-03-2024 04:36

پەرەگراف

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لە بەدواداچوونیدا بۆ پرسی موچەی موچەخۆرانی هەرێم، ئەمڕۆ پەیوەندی کردووە بە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵەوەو پێیان راگەیاندووە "لیستی موچەی هەرێم زۆر بەباشی ئامادەکراوە وەک ئەو خشتەیەی داواکرابوو".

نەرمین مەعروف دەشڵێت "دوای تەواوبوونی وردبینی دەستدەکەن بە خەرجکردنی موچە، بەڵام هەر توێژەو بە جیا، واتا فەرمانبەران، خانەنشینان، تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی".

ڕۆژی ٦ی ئەم مانگە وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق کرد بە ئامانجی ناردنی پارەی مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆران.

دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەبارەی مووچەی هەرێم، وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند، پارە بۆ مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی هەرێم بەپێی لیستی مووچە ‏دەنێرێت و چاوەڕێیە لیستەکەی لە حکومەتی هەرێمەوە پێبگات، بەڵام بۆ مانگی ئادار، كراوە بە مەرج كە دەبێت مووچەخۆرانی هەرێم هەژماری بانكیی لە بانكە حکومییە ‏عێراقییەكان بكەنەوە، بەپێچەوانەوە مووچەیان پێ نادرێت‎.‎

بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی پرسی مووچەو بودجەی هەرێمی کوردستان ٢٠ لاپەڕەیەو بە وتەی شارەزایانی یاساو دارایی بڕیارەکە "ئاڵۆزەو لە هەندێک شوێندا دژیەکیی" تێدایەو قابیلی خوێندنەوەی جیاوازە.

ئەوەی لە بڕیارەکەدا بە ڕوونی هاتووە؛

ئەگەر کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد چارەسەرنەبن نابێت ئەوە ببێتەهۆی دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.

مووچەخۆرانی هەرێم پێویستە هەژماری بانکی لە بانکە فیدراڵییەکان بکەنەوەو مانگانە مووچەکانیان دەخرێتەسەر هەژمارەکانیان، وەزارەتەکانی هەرێم دەتوانن ڕاستەوخۆ داوای موچە لە وەزارەتی دارایی عێراق بکەن بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی هەرێم. (هەرێمی کوردستان ئەم خاڵە وک لێدان لە پێگەو سەروەریی وەزارەتی دارایی و هەرێم تەماشا دەکات).

پێدانی بەشە بودجەی هەرێم بەپێی یاسای بوجەی عێراق (ئاماژەی بە پێویستی هەموارکردنەوەی ئەو یاسایەش کردووە کە ئەوە داوایەکی هەرێمەو حکومەتی عێراقیش ڕازییە)، ناردنی بودجەی هەرێم بە سێ مەرج دەبێت کە لەو یاسایەشدا هاتووەو ئەمانەن:

هەرێمی کوردستان ڕۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لەڕیی عێراقەوە هەناردەی دەرەوە بکات یاخود ڕادەستی حکومەتی عێراقی بکات.

هەروەها هەرێم داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان ڕادەست بکات.

هاوکاری دیوانی چاودێری دارایی عێراق بێت بۆ وردبینی لە لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.