بەرەی ئۆپۆزسیۆن و ناڕازی نەیانتوانی لەژێر چەترێکدا کۆببنەوە بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردن

10-03-2024 08:54

پەرەگراف

وادەی تۆمارکردنی هاوپەیمانێتیی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نزیکدەبێتەوە لە کۆتایی و هێشتا هیچ هاوپەیمانییەک پێکنەهێنراوە، هەریەکە لە لاهور شێخ جەنگی و عەلی حەمەساڵح بەجیا بەشداریی لە هەڵبژاردنەکە دەکەن و ئەو گفتوگۆیانەی بۆ پێکهێنانی بەرەیەک لە حیزب و کەسایەتی و گروپە ناڕازی و ئۆپۆزسیۆنەکان هەبوون، هیچیان لێ سەوز نەبوو.

بەپێی بەدواداچوونی پەرەگراف، هەرچەندە زۆربەی حیزب و کەسایەتی و گروپە ناڕازییەکان ئەوە پیشان دەدەن کە لەگەڵ پێکهێنانی بەرەیەکدان بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردن، بەڵام لە واقیعدا هەریەکەو بە هۆکارێکی جیاوازو تایبەت بەخۆیان، ئامادەنین ئەو بەرەیە پێکبهێنن و هیچ کام لەو هەوڵ و گفتوگۆیانەی بۆ ئەو مەبەستە دراون سەرکەوتوو نەبوون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە پەرەگرافی وت "لە ماوەی ڕابردوودا چەندینجار گفتوگۆ لەسەر پێکهێنانی ئەو بەرەیە کراوەو چەند کۆبوونەوەیەکیش کراوە بە بەشداریی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان و کەسایەتی و گروپە ناڕازییەکان، بەڵام نەگەیشتوون بە هیچ ئەنجامێک".

بەپێی بەدواداچوونەکان هەریەکە لە لاهور شێخ جەنگی و عەلی حەمەساڵح وەک دیارترین دوو کەسایەتی بە دوو لیستی نوێ بەشداریی لە هەڵبژاردنەکە دەکەن و لە هەر چوار بازنەکەی هەڵبژاردن کاندیدیان دەبێت.

ئەوە لە کاتێکدایە ١٤ی ئەم مانگە کۆتا وادەیە بۆ تۆمارکردنی ناوی هاوپەیمانێتییەکان لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و پێشکەشکردنی لیستی کاندیدانی هەڵبژاردنەکەش لە ١٣ی ئەم مانگە دەستپێدەکات تاوەکو ٢٢ی مانگ بەردەوام دەبێت.

ئەمڕۆش فەرهاد ئەسعەد، بەرپرسی هۆبەی لایەنە سیاسییەکان لە نووسینگەی هەولێری کۆمسیۆنی هەڵبژاردن رایگەیاند "تا ئێستا هیچ هاوپەیمانێتییەک بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمار نەکراوە، ٧ لایەنی سیاسی فۆڕمی بەشدارییان لە هەڵبژاردن وەرگرتووەو ٢٩ کەسیش وەک کاندیدی سەربەخۆ فۆرمی بەشدارییان پڕکردووەتەوە".

لەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی کوردستاندا لە دەرەوەی حیزب و لایەنە سیاسییەکان، کاندید دەتوانێت بە سەربەخۆ خۆی بپاڵێوێت بۆ ئەوەش دەبێت یەک ملیۆن دینار ڕسومات بدات، هەروەها هاوپەیمانێتییەکان 10 ملیۆن و کاندیدی لایەنە سیاسیەکانیش دەبێت پێنج ملیۆن دینار بدەن.

ڕۆژی ١٠-٦-٢٠٢٤ دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق  ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان بۆ 100 كورسی كەم كراونەتەوە و دادگاکە بە پاساوی "نادەستووریبوون" 11 كورسیی پێكهاتەكانی لابردو، پێكهاتەكان هاوشێوەی حیزب و پارتەكانی دیكە بەبێ‌ سیستمی كۆتا بەشداری لە هەڵبژاردن دەكەن.

هەڵبژاردنەكە بە چوار بازنە بەڕێوە دەچێت و ١٠٠ کورسییەکەی پەرلەمان دابەشکراون بەسەر پارێزگاکانی هەرێمدا بە جۆرێک، سلێمانی 38 كورسی، هەولێر 34 كورسی، دهۆك 25 كورسی و هەڵەبجە سێ‌ كورسی بۆ تەرخان کراوە.