وەزارەتی دارایی عێراق بەشێك لە مووچەی هەرێمی كوردستانی نارد

11-03-2024 02:50

پەرەگراف

وەزارەتی دارایی عێراق زیاتر لە ١٣٠ ملیار دیناری ڕەوانەی هەرێمی كوردستان كرد بۆ مووچەی مانگی ٢ی ‏خانەنشینان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان، وەزارەتەكە جەختیش دەكاتەوە كە بۆ مانگی ٣ مووچە ‏نانێرێت تاوەكو فەرمانبەرانی هەرێم هەژماری بانكی لە بانكە عێراقییەكان دەكەنەوە‎.‎

بە بڕیاری وەزارەتی دارایی عێراق ئەمڕۆ 119 ملیار و 139 ملیۆن و 195 هەزار و 614 دینار بۆ مووچەی ‏خانەنشینانی سەربازیی و مەدەنیی و بڕی 10 ملیار و 997 ملیۆن و 100 هەزار دینار بۆ شایستەی دارایی ‏خاوەن پێداویستیی تایبەتی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەكانی چاودێریی كۆمەڵایەتیی خرایەسەر هەژماری بانكی ‏حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بانكی ناوەندی عێراق‎.‎

وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، بە نووسرای فەرمیی دادگای فیدراڵی ئاگاداركردووەتەوە كە پارەداركردنی ‏مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی بۆ مانگی شوبات دەستیپێكردووە، بەوپێیەی پڕۆسەی گواستنەوەی ‏مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ سەر بەغداد مانگێك كاتی دەوێت، بەڵام مووچەی مانگی ئادار نادرێت تاوەكو ‏پێداویستییەكانی پڕۆسەی گواستنەوەی مووچە لەلایەن هەرێمی كوردستانە و دەستبەر دەكرێت‎.‎

بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی مووچەی هەرێم، دەبێت مووچەخۆرانی هەرێم هەژماری بانكیی لە ‏بانكە حكومییە ‏عێراقییەكان بكەنەوە، بەپێچەوانەوە مووچەیان پێ نادرێت‎.‎

هەروەها وەزارەتی دارایی عێراق، وەزارەتی نەوت و كۆمپانیای سۆمۆ بۆ بە بازاڕكردنی نەوتی ئاگادار ‏كردووەتەوە كە هەڵوێستی خۆیان بخەنەڕوو لەبارەی ئاستی پابەندیی حكومەتی هەرێم بە رادەستكردنی نەوت ‏و 25ـی هەموو مانگێك زانیارییان پێبدەن لەبارەی بڕی نەوتی هەناردەكراو یان رادەستكراو لەلایەن حكومەتی ‏هەرێمی كوردستانەوە‎.‎

ئەو ڕێكارانەی وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی مووچەی هەرێم، پشت بەستنە بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی ‏عێراق لەبارەی پرسی مووچەو بودجەی هەرێمی كوردستان، لە بڕیارەكەی دادگادا بە ڕوونی ئەوەهاتووە كە؛ ‏ئەگەر كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد چارەسەرنەبن نابێت ئەوە ببێتەهۆی دواكەوتنی مووچەی ‏مووچەخۆرانی هەرێم‎.‎

لەبارەی پێدانی كۆی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان، دادگای فیدراڵی ئاماژەی بەوە كردووە كە دەبێت ‏بەپێی یاسای بودجەی عێراق بێت و لە بڕیارەكەیدا ئاماژەی بە پێویستیی هەمواركردنەوەی ئەو یاسایە ‏كردووە كە ئەوە داوایەكی هەرێمی كوردستانەو حكومەتی عێراقیش ڕازییەو بڕیارە پڕۆژەی هەمواركردنەوەكە ‏ڕەوانەی پەرلەمان بكات‎.‎

ناردنی كۆی بودجەی هەرێمیش بەستراوە بە جێبەجێكردنی سێ مەرج لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە كە ‏بریتین لە؛ ڕادەستكردنی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نە وتی ڕۆژانە بە عێراق لەگەڵ ڕادەستكردنی داهاتە نەوتی و ‏نانەوتییەكان و هاوكاریكردنی دیوانی چاودێری دارایی عێراق بۆ وردبینی لە لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی ‏كوردستان‎.‎