کلدان، سریان، ئاشووری و ئەرمەنییەکان بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكەن

11-03-2024 09:37

پەرەگراف

لایەنەکانی کلدان، سریان، ئاشووری و ئەرمەنییەکان بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكەن کە لە کۆتا خولی پەرلەمان خاوەنی 6 کورسیی بوون، ئەوان دەڵێن: بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی پێکەوەژیان تێکدەدات و یەکێتی نیشتمانی هەڵەیەكی مێژوویی کرد.

ئەو لایەنانە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەو هەڵوێستەیان ڕاگەیاند، ئەوەشیان دووپات کردەوە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق بە هەڵوەشاندنەوەی كورسی كۆتای پێکهاتەکان "بڕیارێكی ناڕەوا و نادادپەروەر بوو، پێشێلکردنێکی مەترسیداری مافی پێکهاتەکانە. هەڵەیەكی مێژووییە كە یەكێتی نیشتمانی كوردستان كردوویەتی".

"ئەمە هەنگاوێكی عەیبدارەو كاریگەری لەسەر پێكەوە ژیان هەیەو پێكەوە ژیان تێكدەدات" ئەو لایەنانە وادەڵێن.

ڕۆژی ١٠-٦-٢٠٢٤ دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان بۆ 100 كورسی كەم كراونەتەوە و دادگاکە بە پاساوی "نادەستووریبوون" 11 كورسیی کۆتای پێكهاتەكانی هەڵوەشاندەوە ئەوەش لەسەر سکاڵایەکی یەکێتی نیشتیمانی، پێكهاتەكان هاوشێوەی حیزب و پارتەكانی دیكە، بەبێ‌ كۆتا بەشداری لە هەڵبژاردن دەكەن و بەدەستهێنانی کورسیی پەرلەمان بۆ ئەوان ئاسان نابێت.

هەڵبژاردنەكە بە چوار بازنە بەڕێوە دەچێت و كورسییەكان بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاكاندا دابەش كراون؛ سلێمانی 38 كورسی، هەولێر 34 كورسی، دهۆك 25 كورسی و هەڵەبجە سێ‌ كورسی.

حیزبە سیاسییەكانی هەرێم بە تایبەت پارتی و یەكێتی وەكوو دوو هێزی دەسەڵاتدار، لە ‏چوار ساڵی ‏ڕابردوودا دەیان كۆبوونەوەیان بە شێوەی دوو قۆڵی و بە بەشداریی حیزبەكانی ‏دیكە و تەنانەت ‏نەتەوە یەكگرتووەكانیش لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن ئەنجام ‏دا، بەڵام نەیانتوانی ‏بەربەستی سەرەكیی بەردەمیان كە ١١ كورسییەكەی پێكهاتەكان بوو لە ‏پەرلەمانی كوردستان، چارەسەر ‏بكەن تا دادگای فیدراڵی یەکلای کردەوە.

یەكێتی و بەشێك لە حیزبەكانی دیكەش ڕەخنەیان لە نوێنەرایەتیی پێكهاتەكان لە ‏پەرلەمان هەیە و ‏پێیان وایە نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی پێكهاتەكان ناكەن، بەڵكوو "لەلایەن ‏پارتییەوە لە ململانێ‌ ‏سیاسییەكاندا بەكار هێنراون" و یاسای هەڵبژاردن بە جۆرێك بووە هەر ‏‏١١یان لە بەرژەوەندیی پارتی ‏یەكلا دەبوونەوە، هەر بۆیە یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی سکاڵاکەی یەکێتی تایبەت بوو بە کورسی پێکهاتەکان و بڕیارەکەی دادگا بە دڵی ئەو حیزبەیەو نیگەرانکەرە بۆ پارتی و حیزب و لایەنەکانی پێکهاتەکانیش.

لە پەرلەمانی كوردستان، لە كۆی 111 پەرلەمانتار، 11 كورسی بۆ پێكهاتەكان تەرخانكرابوو بە كۆتا، پێنج بۆ توركمان، پێنج بۆ مەسیحی و یەك كورسیش بۆ ئەرمەن.

لە کۆتا خولی پەرلەمانی کوردستان(خولی پێنجەم) پێنج كورسییەكەی توركمان دوانیان لای فراکسیۆنی پارتی گەشەپێدانی تورکمان بوو، هەریەك لە بەرەی تورکمانی و پارتی چاکسازی تورکمان و لیستی میللەت يەكی كورسییەكیان هەبوو.

پێنج كورسییەكەی كۆتای مەسیحیش سێ كورسی لە هاوپەیمانی یەکێتی نەتەوەیی، یەكێكیان لە ئەنجومەنی کلدانی سریانی ئاشووری و ئەویتر لای لیستی رافیدەین بوو.

بەپێی بەدواداچوونێکی پەرەگراف فراکسیۆن و پەرلەمانتارانی پێکهاتەکان بەبێ هیچ پڕۆژە و پێشنیازە یاسایەک تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانیان بەڕێكرد.