تورکمانەکان بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن

12-03-2024 02:18

پەرەگراف

پارت و لایەنە تورکمانییەکان بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن و داوای گەڕانەوەی سیستمی کۆتا دەکەن.

" بڕیارماندا بە بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تا ئەو کاتەی سیستمی کۆتا دەگەڕێتەوەو پڕۆسەی سیاسی و دیموکراسی دەکەوێتەسەر ڕێگای ڕاست و دروستی خۆی" ١٠ حیزب و لایەنی تورکمانیی لە بەیاننامەیەکدا لە هەولێر ڕایانگەیاند.

تورکمانەکان جارێکی دیکە نیگەرانییان لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی پیشاندا کە کورسی کۆتای پێکهاتەکانی لە پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشاندەوەو دەڵێن "نەهێشتنی کۆتای پێکهاتەکان ناکۆکە لەگەڵ یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاکان و ناکۆکە لەگەڵ ماددەی ٤٩ و ماددەی ١٢٥ی دەستور".

ئەو پارت و لایەنانە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بە "بێپاساو و زاڵمانە" لە قەڵەم دەدەن و پێیانوایە دژی کلتوری پێکەوەژیان و یەکتر قبوڵکردنە.

ئەوە لەکاتێکدایە دوێنێش لایەنەکانی کلدان، سریان، ئاشووری و ئەرمەنییەکان بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیان ڕاگەیاند هەربەهۆی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵییەوە.

ڕۆژی ١٠-٦-٢٠٢٤ دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان بۆ 100 كورسی كەم كراونەتەوە و دادگاکە بە پاساوی "نادەستووریبوون" 11 كورسیی کۆتای پێكهاتەكانی هەڵوەشاندەوە ئەوەش لەسەر سکاڵایەکی یەکێتی نیشتیمانی، پێكهاتەكان هاوشێوەی حیزب و پارتەكانی دیكە، بەبێ‌ كۆتا بەشداری لە هەڵبژاردن دەكەن و بەدەستهێنانی کورسیی پەرلەمان بۆ ئەوان ئاسان نابێت.

هەڵبژاردنەكە بە چوار بازنە بەڕێوە دەچێت و كورسییەكان بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاكاندا دابەش كراون؛ سلێمانی 38 كورسی، هەولێر 34 كورسی، دهۆك 25 كورسی و هەڵەبجە سێ‌ كورسی.

لە پەرلەمانی كوردستان، لە كۆی 111 پەرلەمانتار، 11 كورسی بۆ پێكهاتەكان تەرخانكرابوو بە كۆتا، پێنج بۆ توركمان، پێنج بۆ مەسیحی و یەك كورسیش بۆ ئەرمەن.

لە کۆتا خولی پەرلەمانی کوردستان(خولی پێنجەم) پێنج كورسییەكەی توركمان دوانیان لای فراکسیۆنی پارتی گەشەپێدانی تورکمان بوو، هەریەك لە بەرەی تورکمانی و پارتی چاکسازی تورکمان و لیستی میللەت يەكی كورسییەكیان هەبوو.

پێنج كورسییەكەی كۆتای مەسیحیش سێ كورسی لە هاوپەیمانی یەکێتی نەتەوەیی، یەكێكیان لە ئەنجومەنی کلدانی سریانی ئاشووری و ئەویتر لای لیستی رافیدەین بوو.

حیزبە سیاسییەكانی هەرێم بە تایبەت پارتی و یەكێتی وەكوو دوو هێزی دەسەڵاتدار، لە ‏چوار ساڵی ‏ڕابردوودا دەیان كۆبوونەوەیان بە شێوەی دوو قۆڵی و بە بەشداریی حیزبەكانی ‏دیكە و تەنانەت ‏نەتەوە یەكگرتووەكانیش لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن ئەنجام ‏دا، بەڵام نەیانتوانی ‏بەربەستی سەرەكیی بەردەمیان كە ١١ كورسییەكەی پێكهاتەكان بوو لە ‏پەرلەمانی كوردستان، چارەسەر ‏بكەن تا دادگای فیدراڵی یەکلای کردەوە.

یەكێتی و بەشێك لە حیزبەكانی دیكەش ڕەخنەیان لە نوێنەرایەتیی پێكهاتەكان لە ‏پەرلەمان هەیە و ‏پێیان وایە نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی پێكهاتەكان ناكەن، بەڵكوو "لەلایەن ‏پارتییەوە لە ململانێ‌ ‏سیاسییەكاندا بەكار هێنراون" و یاسای هەڵبژاردن بە جۆرێك بووە هەر ‏‏١١یان لە بەرژەوەندیی پارتی ‏یەكلا دەبوونەوە، هەر بۆیە یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی سکاڵاکەی یەکێتی تایبەت بوو بە کورسی پێکهاتەکان و بڕیارەکەی دادگا بە دڵی ئەو حیزبەیەو نیگەرانکەرە بۆ پارتی و حیزب و لایەنەکانی پێکهاتەکانیش.