ئەندامە کوردەکەی دادگای فیدراڵی لە پشکی پارتی کشایەوەو داوای هەمان هەڵوێست لەوەی یەکێتیش دەکرێت

12-03-2024 03:21

پەرەگراف

دادوەرێكی كوردی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە ‏پشكی پارتی كشانەوەی خۆی لە دادگاكە ڕاگەیاند و ‏دەڵێت "ڕۆڵی ئێمە وەكوو نوێنەری هەرێمی كوردستان ‏لە دادگای فیدراڵی، لاواز كرا". فراكسیۆنی پارتی لە ‏پەرلەمانی عێراق داوا دەكات دادوەرە كوردەكەی ‏دادگای فیدراڵی لە پشكی یەكێتیش بكشێتەوە.‏

دادوەر عەبدولڕەحمان سلێمان زێباری، ئەندامی دادگای ‏باڵای فیدراڵیی عێراق، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ‏لە هەولێر كشانەوەی خۆی ڕاگەیاند و وتی "من ‏نوێنەری هەرێمی كوردستان بووم، بەڵام نەمتوانیوە لە ‏دادگای فیدراڵی بەرگری لە مافەكانی هەرێم بكەم".‏

‏"هەندێك لە بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی لە چوارچێوەی ‏كاری دادگا دەرچوون، پێشێلی دەستووریان تێدایە و ‏تێكەڵاوییان لە نێوان دەسەڵاتەكانی عێراقدا دروست ‏كردووە، هەروەها هەندێك جار دادگا سیستەمی ‏فیدراڵیی عێراقی پێشێل كردووە"، دادوەر ‏عەبدولڕەحمان زێباری وا وت.‏

هەروەها ئاماژەی بەوە دا كە هەرێمی كوردستان تاكە ‏هەرێمە لە چوارچێوەی دەستووردا دانی پێدا نراوە و ‏ڕۆڵی هەبووە لە نووسینەوەی دەستوور بۆ گەلانی ‏عێراق، "دەبوو دادگای فیدڕاڵی دەسەڵاتی هەرێمەكان ‏بەهێز بكات و بەرگری لە مافیان بكات".‏
‏ ‏
دوای كیشانەوەی ئەو دادوەرە، دادگای باڵای فیدڕاڵیی ‏عێراق کە ٩ ئەندامی هەمیشەیی و سێ یەدەگی هەیە، ڕایگەیاند "كشانەوەی دادەوەر عەبدولڕەحمان ‏سلێمانی زێباری لە ئەندامێتیی دادگا، كاریگەری لەسەر ‏كارەكان دروست ناكات، بەو پێیەی دادگای فیدڕاڵی سێ ‏دادوەری یەدەگی هەیە".‏

هاوكات فراكسیۆنی پارتی داوا دەكات دادوەرە كوردەكەی ‏دیكەش كە لە پشكی یەكێتییە، هەمان هەڵوێست ‏وەربگرێت و لە دادگای فیدراڵی بكشێتەوە.‏

مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ‏پەرلەمانی عێراق، دەڵێت "كۆمەڵێك هۆكاری زۆر هەیە ‏بۆ ئەوەی بڵێین كە دادگای فیدڕاڵیی عێراق لەو ‏بنەمایانە لای داوە كە لەپێناویدا دامەزراوە. چیتر ئەو ‏دادگایە، دادگایەك نییە كە چاودێریی دەستووریبوونی ‏یاسا و بڕیارەكان بكات، بەڵكوو خۆی بە ناوی ‏تەفسیركردنی دەقە دەستوورییەكانەوە، هاتووە ‏دەستووری هەمیشەیی عێراق لە دژی هەرێمی ‏كوردستان و لە قازانجی مەركەزیەتی عێراق هەموار ‏دەكاتەوە".‏

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی ‏عێراق جەخت دەكاتەوە كە "بۆ كورد و هەرێمی ‏كوردستان، بە هیچ شێوەیەك بوون و نەبوونی ‏نوێنەرایەتی لەو دادگایە گرنگیی نەماوە"، لەو ‏چوارچێوەیەشدا دەڵێت "دادوەرە كوردەكەی دیكەی ‏دادگاكە لە ڕوانگەی هەستكردنی بە بەرپرسیارێتیی ‏بەرامبەر بە قەوارەی هەرێمی كوردستان، هەڵوێست ‏وەربگرێت و لە دادگای فیدڕاڵیی عێراق بكشێتەوە".‏