وەزارەتی دارایی: حکومەتی فیدراڵ پارە بۆ مووچەی لەسەدا ٥٩ی مووچەخۆران دەنێرێت بۆ مانگی شوبات

12-03-2024 04:57

پەرەگراف

وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاند، حکومەتی فیدراڵ پارە بۆ مووچەی لەسەدا ٥٩ی مووچەخۆرانی هەرێم دەنێرێت بۆ مانگی شوبات و هێشتا پارەکەش نەگەیشتووە، کورتهێنانیش بە ڕێژەی لەسەدا ٤١ گرفتی گەورە دروست دەکات.

لە ڕوونکردنەوەیەکدا وەزارەتی دارایی هەرێم ئەوە دەخاتەڕوو کە داوای لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ کردووە بە تەمویلکردنی تەواوی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بە بێ جیاوازی بۆ مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٢٤ بە بڕی ٩٤٩ ملیار و ٨١٣ ملیۆن و ١٤٦ هەزارو ١٧٠ دینار.

"بەڵام وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ تەنها بڕی ٥٦٠ ملیار و ٢١٧ ملیۆن دیناری تەمویل کردووە کە دەکاتە ڕێژەی تەنها (٥٩٪) لە کۆی گشتی مووچەی هەرێم و بێ بەشکردنی ڕێژەی (٤١٪)ی مووچەخۆرانی هەرێم لە شایستەی مووچەکانیان، تا ئێستا ئەو بڕە پارەیەش کە بڕیاری تەمویلکردنی دراوە نەگەیشتۆتە دەستی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم".

وەزارەتی دارایی دەشڵێت "ئەم ڕێکارەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵی وایکردووە کە کورتهێنان لە پێدانی مووچەی هەرێم بۆ مانگی شوبات بە نزیکەی (٣٩٠) ملیار دینار دروست بێت و گرفتی گەورەی دارایی دروستدەکات و دەبێتەهۆی بێ بەشکردنی بەشێکی زۆری مووچەخۆران و دروستکردنی فەرق و جیاوازی لە نێوان مووچەخۆران".

جگە لە کەمیی ئەو بڕە پارەیەی کە بۆ مووچەی مانگی شوبات بڕیاری لێ دراوە، وەزارەتی دارایی عێراق بۆ مووچەی مانگی ئادار هیچ تەمویلێکی حکومەتی هەرێم ناکات، ئەگەر مووچەی هەرێم (توطين) نەکرێت، واتە دەبێت فەرمانبەرانی هەرێم هەژماری بانکی لە بانکە فیدراڵییەکان بکەنەوە.

وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت "ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی هەژماری من لە مێژە دەستی کردووە بە پرۆسەی توطین لەژێر سەرپەرشتی بانکی ناوەندی عێراق و گفتوگۆکان لەم بارەیەوە بەردەوامن، نابێت هیچ لەم ڕێکارانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ ببنە مایەی بێبەشکردنی مووچەخۆرانی هەرێم لە لە مووچەکانیان کە شایستەی دارایی خۆیانە و دەبێت هاوشێوەی مووچەخۆرانی عێراق لە ناوچەکانی دیکەی عێراق مامەڵە بکرێن".

وەزارەتی دارایی هەرێم جەخت لە خەرج کردنی تەواوی مووچەی هەرێم دەکات لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق و دەشڵێت "نابێت مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بێبەش بکرێن لە ماف و شایستەی دارایی خۆیان و داوا دەکەین وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق بەمەرجی تەعجیزی ئەو مافە لە هەرێمی کوردستان زەوت نەکات و بۆ مووچەی مانگی ئازار هیچ کۆتو بەندێک بۆ تەمویلکردنی مووچەخۆران دانەڕێژن، چونکە ئەمە مافی دەستوری و یاسایی مووچەخۆرانی هەرێمە و نابێت تێکەڵی هیچ ناکۆکیەکی نێوان هەردوو حکومەت بکرێن".