دەرگای تۆمارکردنی کاندیدی حیزبەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرایەوە

13-03-2024 01:35

پەرەگراف

لە چوارچێوەی تەواوکردنی ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ دەرگای تۆمارکردن بۆ کاندیدی حیزبەکان کرایەوە.

بەپێی خشتەی کارەکانی کۆمسیۆن، تۆمارکردنی کاندیدی حیزبەکان تاوەکو ٢٢ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.

هاوکات سبەینێ ١٤-٣ دواین ڕۆژە بۆ تۆمارکردنی ناوی هاوپەیمانێتییەکان و تۆمارکردنی ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت بە شێوەی سەربەخۆ خۆیان کاندید بکەن بۆ هەڵبژاردنەکە.

لەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی کوردستاندا کە ڕۆژی ١٠-٦-٢٠٢٤ دیاریکراوە بۆ ئەنجامدانی، کاندید دەتوانێت لە دەرەوەی حیزب و لایەنە سیاسییەکان بە سەربەخۆ خۆی بپاڵێوێت بۆ ئەوەش دەبێت یەک ملیۆن دینار ڕسومات بدات، هەروەها هاوپەیمانێتییەکان 10 ملیۆن و کاندیدی لایەنە سیاسیەکانیش دەبێت پێنج ملیۆن دینار بدەن.

 بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق  ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان بۆ 100 كورسی كەم كراونەتەوە و دادگاکە بە پاساوی "نادەستووریبوون" 11 كورسیی پێكهاتەكانی لابردو، پێكهاتەكان هاوشێوەی حیزب و پارتەكانی دیكە بەبێ‌ سیستمی كۆتا بەشداری لە هەڵبژاردن دەكەن.

هەڵبژاردنەكە بە چوار بازنە بەڕێوە دەچێت و ١٠٠ کورسییەکەی پەرلەمان دابەشکراون بەسەر پارێزگاکانی هەرێمدا بە جۆرێک، سلێمانی 38 كورسی، هەولێر 34 كورسی، دهۆك 25 كورسی و هەڵەبجە سێ‌ كورسی بۆ تەرخان کراوە.