وەزیری دارایی عێراق ڕەتی دەکاتەوە پشت بە هەژماری من ببەستن بۆ مووچەی هەرێم

13-03-2024 03:30
تەیف سامی لەکاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ١٣-٣-٢٠٢٤

پەرەگراف

وەزیری دارایی عێراق ڕەتی دەکاتەوە پشت بە پڕۆژەی هەژماری من ببەستن بۆ دابەشکردنی مووچەی هەڕێم بە ئەلیکترۆنی و لەڕێی هەژماری بانکییەوە، دەشڵێت، لیستی ناو و زانیاریی هەر وەزارەتێکی هەرێمی پێنەگات ناتوانێت مووچەکانیان بنێرێت، لەوانەش پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەکان.

تەیف سامی ئەمڕۆ لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ لیژنەی دارایی کۆبووەوەو تەوەرێکی کۆبوونەوەکە مووچەی هەرێمی کوردستان بووە، نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی کە بەشداربووە لە کۆبوونەوەکە وتی "وەزیری دارایی وتی ئەو ٥٦٠ ملیار دینارەی بۆ مووچەی مانگی شوباتی هەرێم نێردراوە بەپێی لیستی مووچە بووە کە هەرێمی کوردستان ناردوویەتی و ئەو وەزارەتانەی مووچەیان بۆ نەنێردراوە ناو و زانیاریی مووچەخۆرەکانیان لە هەرێمەوە ڕەوانەی بەغداد نەکراوە".

"وەزیری دارایی وتی هەرکات زانیارییەکان بگاتە دەستیان پارەی ئەوانەش دەنێرن کە نەیان ناردووە" نەرمین مەعروف وای وت، وتیشی، وەزیری دارایی جەختی کردووەتەوە کە بۆ مانگی ئادار بەبێ بەبانکیکردن و کردنەوەی هەژمار بۆ مووچەخۆران لە بانکە عێراقییەکان پارە بۆ مووچەی هەرێم خەرج ناکەن.

بۆ مانگی شوبات وەزارەتی دارایی عێراق ٥١٧ ملیارو ٢٦٠ ملیۆن دینار تەمویلی مووچەی هەرێم دەکات، ئەوەش پارەی لەسەدا ٥٩ی مووچەخۆرانەو بە بڕی ٣٩٠ ملیار دینار کورتهێنان دروست دەبێت کە ڕێژەی لەسەدا ٤١ی مووچە دەکات.

هاوکات هەر ئەمڕۆ وەزیری دارایی عێراق ڕەتی کردووەتەوە پشت بە پڕۆژەی هەژماری من ببەستن بۆ دابەشکردنی مووچەی هەرێم بە ئەلیکترۆنی و ئاماژەی بەوەکردووە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دەڵێت دەبێت هەژماری بانکی لە بانکەکانی سەربە حکومەتی عێراق بکرێنەوە.

پڕۆژەی هەژماری من لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە لە جێبەجێکردندایەو بەپێی ئەو پڕۆژەیە زیاتر لە ٢٠٠ هەزار فەرمانبەر هەژماری بانکییان بۆ کراوەتەوەو بەشێک لەو فەرمانبەران ئێستا مانگانە لەڕێی کارتی بانکییەوە مووچەکانیان وەردەگرن و پێنج بانک لە پڕۆژەکەدا بەشدارن و سەرجەمیان بانکی فەرمین و لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە متمانەپێکراون.

ئەوە لەکاتێکدایە حکومەتی هەرێم پێیوایە مەرجی کردنەوەی هەژماری بانکی لە بانکەکانی سەربە حکومەتی عێراق بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کە زیاتر لە یەک ملیۆن و ١٠٠ هەزار مووچەخۆرن، مەرجێکی پەکخەرە بە ئامانجی نەناردنی مووچەکانیان، چونکە لەو ماوەیەدا ئەو پڕۆسەیە ئەنجام نادرێت.

بەڵام ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەکەی وەزیری دارایی عێراق و پەرلەمانتاران ئەوە خراوەتەڕوو، ئەگەر حکومەتی هەرێم هاوکاربێت لەماوەی ١٥ ڕۆژدا لەڕێی پڕۆژەی کی کارتی بانکی ڕافیدەینەوە کە سەربە حکومەتی عێراقە دەتوانرێت هەژمار بۆ سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم بکرێتەوە.

هەرلەسەر هەمان پرس، دادگای فیدراڵی عێراق لە روونکردنەوەیەکی نوێدا ڕایگەیاند، پێویستە بە خێرایی پڕۆژەی بەبانکیکردن کە کردنەوەی هەژماری بانکییە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم جێبەجێ بکرێت، بەڵام هەر مووچەخۆرێک نەتوانرا هەژماری بۆ بکرێتەوە پێویستە بە کاش مووچەی پێبدرێت تا دروستکردنی هەژمارەکەی، بەوەش دادگاکە ئەو بەربەستەی لابرد لەبەردەم ناردنی مووچە لە بەغداوە.