وتەبێژی حكومەتی هەرێم بۆ بەغداد: دەتوانن لەڕێگەی هەژماری منەوە ‏مووچە بدەن

13-03-2024 06:13

پەرەگراف

وتەبێژی حكومەتی هەرێم‎ ‎‏ سووربوونی حكومەت لەسەر پرۆژەی هەژماری ‏من ڕادەگەیەنێت و ڕوو لە بەغداد دەڵێت "دەتوانن لەڕێگەی هەژماری ‏منەوە مووچە بدەن".‏

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێم، پاش كۆبوونەوەی ئەمڕۆ ‏ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، ڕایگەیاند "حكومەتی هەرێم پاشەكشێ‌ لە ‏پرۆژەی هەژماری من ناكات. هەر كەسێك كە دەیەوێت، دەتوانێت لەڕێگەی ‏هەژماری منەوە مووچە بداتە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان".‏

ئەم لێدانەی وتەبێژی حكومەتی هەرێم پاش ئەوە دێت كە ئەمڕۆ لە ‏كۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، وەزیری دارایی ‏عێراق ڕەتی كردەوە پشت بە پڕۆژەی هەژماری من ببەستن بۆ ‏دابەشكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بە ئەلیكترۆنی و لەڕێی ‏هەژماری بانكییەوە، دەشڵێت، لیستی ناو و زانیاریی هەر وەزارەتێكی ‏هەرێمی پێ نەگات، ناتوانێت مووچەكانیان بنێرێت، لەوانەش پێشمەرگەو ‏هێزە ئەمنییەكان.‏

پێشەوا هەورامانی پرۆژەی هەژماری منی بە پێشكەوتووتر لە پرۆژەكانی ‏بەغداد بۆ بەئەلیكترۆنیكردنی مووچە ناو برد و وتیشی "تێچووی كارتی ‏بانكی لە هەژماری من (2500) دوو هەزار و پێنجسەد دینارە و ‏فەرمانبەران لەڕێگەی پرۆژەكەوە لە 19 خزمەتگوزاریی بانكی سوودمەند ‏دەبن".‏

‏"ئابووریی هەرێمی كوردستان دوای تەواوبوونی هەژماری من، دەچێتە ‏قۆناغێكی ترەوە. ئەوانەی كارتی هەژماری منیان هەبێت، دەتوانن قەرز ‏وەربگرن"، وتەبێژی حكومەتی هەرێم وای وت.‏

هەروەها ئاماژەی بەوە كرد كە "نزیكەی 240 هەزار فەرمانبەر لە ‏هەژماری من تۆمار كراون، نیوەیان كاتیان وەرگرتووەوە. پلانی حكومەتی ‏هەرێمیش ئەوەیە تا كۆتایی ئەمساڵ سەرجەم فەرمانبەران كارتی خۆیان ‏هەبێت".‏