حكومەتی هەرێم: دەبێت مووچەخۆران لەڕێگەی وەزارەتی دارایی و ‏هەژماری منەوە مووچە وەربگرن

13-03-2024 07:22

پەرەگراف

لە وەڵامێكی ناڕاستەخۆدا بۆ وەزیری دارایی عێراق، ئەنجوومەنی وەزیرانی ‏هەرێم ڕایدەگەیەنێت "دەبێت مووچەخۆرانی هەرێم لەڕێگەی وەزارەتی ‏دارایی هەرێم و پرۆژەی هەژماری منەوە مووچە وەربگرن".‏

پاش كۆبوونەوەی ئەمڕۆی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لە ‏ڕاگەیەندراوێكدا جەختی لەوە كردووەتەوە كە "پڕۆژەی (هەژماری من) ‏پڕۆژەیەكی گرنگ و پێشكەوتووی بانكییە و هاوشێوەی پرۆسەی ‏‏(تەوتین)ـە، تێچووەكەشی كەمترە و خزمەتگوزاریشی زیاتر و باشترە و ‏لەژێر سەرپەرشتی و ڕێگەپێدانی بانكی ناوەندی عێراق كراوە".‏

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەشڵێت "چۆن مووچەخۆرانی عێراق ئازادن ‏لە هەڵبژاردن و دەستنیشانكردنی ئەو بانكانەی حیسابی لێ دەكەنەوە، ‏پێویستە مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانیش ئازاد بن كە لە چوارچێوەی ‏‏(هەژماری من)دا لە چ بانكێك حیساب بكەنەوە".‏

دەقی ڕاگەیەندراوی ئەنجوومەنی وەیرانی هەرێم:‏

ئەمڕۆ چوارشەممە 3/13، بە سەرپەرشتی سەرۆكوەزیران مەسرور ‏بارزانی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.‏

لە دەستپێكی كۆبوونەوەدا، سەرۆكوەزیران تیشكی خستەسەر سەردانی ‏شاندی باڵای هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی سەرۆكوەزیران بۆ ویلایەتە ‏یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و دیدار و كۆبوونەوەكانی لە واشنتن لەگەڵ ‏بەرپرسانی باڵای كۆشكی سپی و وەزارەتی دەرەوە و بەرگری و گەنجینە و ‏كۆنگرێس لەڕۆژانی 2/26 تا 2024/3/5.‏

سەرۆكوەزیران ڕوونیكردەوە كە لە كۆبوونەوە و دیدارەكانیدا لەگەڵ ‏بەرپرسانی ئەمەریكا، گفتوگۆ لە بارەی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیی ‏دۆستانە و تایبەتی دوولایەنە و گرنگیی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان ‏هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ و دابینكردنی ماف و شایستە ‏داراییەكانی هەرێم و پاراستنی قەوارەی دەستووری و فیدراڵی هەرێمی ‏كوردستان و مافی پێكهاتەكانی كوردستان و پێكهێنانی ئەنجومەنی فیدراڵی ‏كرا.‏

پاشان شۆڕش ئیسماعیل وەزیری كاروباری پێشمەرگە، ئاماژەی بەوەدا كە ‏سەردانەكە زۆر سەركەوتوو بوو و لەلایەن بەرپرسانی باڵای ئەمەریكاوە ‏گرنگییەكی زۆر بە شاندەكە درا و بەردەوامبوونی پشتیوانیكردنی هەرێمی ‏كوردستان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان دووپات كرایەوە .‏

بڕگەی دووەم بریتی بوو لە خستنەڕووی یەكەمین ڕاپۆرتی دەستەی ‏دەستپاكی هەرێم سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی ئاستی جێبەجێكردنی ‏‏(ستراتیژی نیشتمانی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان ) ‏كە پێشتر لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2021 لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە ‏پەسەند كرابوو لە پێناوی هێنانەكایەی چەند ئامانجێكی دیاریكراو بۆ ‏ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و برەودان بە شەفافیەت و لێپرسینەوە، لە ‏ڕێگەی چەند میكانیزمێكی دیاریكراو، پوختەی ڕاپۆرتەكە لەلایەن ‏ئەحمەد ئەنوەر سەرۆكی دەستەی دەستپاكییەوە خرایەڕوو. ڕاپۆرتەكە ‏چەندین ڕاسپاردە و پێشنیاری دامەزراوە فەرمییەكانی لەخۆ گرتبوو لە ‏چوارچێوەی ستراتیژەكە، لە ناویشیاندا بواری هۆشیاركردنەوەی دژە ‏گەندەڵیی و پەرەپێدان بە چاودێری ناوخۆیی و هەمواركردنەوەی چەند ‏یاسا وڕێنماییەك و برەودان بە توانای فەرمانبەران وڕاهێنانیان و هەروەها ‏هێنانەكایەی دادگایەكی تایبەت بە تاوانەكانی گەندەڵی لە هەرێمی ‏كوردستان.‏

ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لەبەرامبەر پێشكەشكردنی ‏ڕاپۆرتەكە، هەڵوێستی خۆی دووپات كردەوە لە بەردەوامبوون لە ‏ڕێكارەكانی پەرەپێدانی شەفافیەت و لێپرسینەوە و ڕووبەڕوبونەوەی ‏گەندەڵی و لە هەمانكاتدا وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان ڕاسپێردران ‏بۆ بەدواداچوونی جێبەجێكردنی ئەو ڕاسپاردە و پێشنیارانەی خرانەڕوو.‏

پاشان لەلایەن ئاوات شێخ جەناب ، وەزیری دارایی و ئابووری ، هەنگاو و ‏ڕێكارەكانی ئەم دواییەی وەزارەتی دارایی و ئابووری و وەزارەت و لایەنە ‏پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە مووچەی ‏مووچەخۆرانی لە بەر ڕۆشنایی دوا پێشهات و گۆڕانكارییەكان خرایەڕوو.‏

وەزیری دارایی وئابووری ئاماژەی دا بەوەی كە وەزارەتەكەی، داوای ‏تەمویلكردنی تەواوی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی لەلایەن ‏وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدڕاڵ كردبوو بە بێ جیاوازیی بۆ مانگی ‏شوباتی 2024 بە بڕی ( 949,813,146,170) ملیار دینار.‏

بەڵام وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدڕاڵ تەنیا بڕی 569 ملیار و 219 ‏ملیۆن دیناری تەمویل كردووە كە دەكاتە ڕێژەی تەنیا (%59) لە كۆی ‏گشتی مووچەی هەرێم و ئەمەش وا دەكات كە كورتهێنان لە پێدانی ‏مووچەی هەرێم بۆ مانگی شوبات دروست ببێت.‏

وەزیری دارایی وئابووری ڕوونیكردەوە كە هەرێمی كوردستان لە ‏چوارچێوەی پڕۆژەی (هەژماری من)، لە مێژە دەستی كردووە بە پرۆسەی ‏‏(تەوتین ) لەژێر سەرپەرشتی بانكی ناوەندی عێراق.‏

ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە وەزارەتی دارایی وئابووری و ‏شاندی دانوستانكاری بودجە بۆ ئەو ڕێكارانە، لە هەمانكاتدا ئەنجومەنی ‏وەزیران دووپاتی كردەوە كە نابێت هیچ لەم ڕێكارانەی وەزارەتی دارایی ‏حكومەتی فیدڕاڵ، ببنە مایەی بێبەشكردنی مووچەخۆرانی هەرێم لە ‏لەمووچەكانیان كە شایستەی دارایی خۆیانە و دەبێت هاوشێوەی ‏مووچەخۆرانی ناوچەكانی دیكەی عێراق، مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێ، بۆیە ‏جەخت دەكەینەوە كە پێویستە مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێم ‏خەرج بكرێت و نابێت مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، بێبەش بكرێن ‏لە ماف و شایستەی دارایی خۆیان، چونكە ئەمە مافی دەستوریی و یاسایی ‏مووچەخۆرانی هەرێمە و نابێت تێكەڵی هیچ ناكۆكیەكی نێوان هەردوو ‏حكومەت بكرێ و كۆسپ و تەگەرە بخرێتە بەردەم خەرجكردنی.‏

ئەنجومەنی وەزیران هەروەها جەختی كردەوە كە هیچ ڕێگرییەك نیە بۆ ‏پشت بەستن بە پڕۆژەی (هەژماری من) كە پڕۆژەیەكی گرنگ و ‏پێشكەوتووی بانكییە و هاوشێوەی پرۆسەی (تەوتین)ـە و تێچووەكەشی ‏كەمترە و خزمەتگوزاریشی زیاتر و باشترە و لەژێر سەرپەرشتی و ‏ڕێگەپێدانی بانكی ناوەندی عێراق كراوە، بۆیە دەبێ مووچەخۆرانی ‏هەرێم، لە ڕێگەی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان و (هەژماری من)ـەوە ‏مووچەی خۆیان وەربگرن و سوودمەند بن لە زۆر خزمەتگوزاریی بانكی و ‏پێدانی پارە و تەنانەت وەرگرتنی ئاسانكاریی قەرز، پرۆسەكەش بەردەوامە ‏و بڕیارە تا كۆتایی ئەمساڵ، هەموو مووچەخۆرانی هەرێم حیسابی بانكیان ‏بۆ بكرێتەوە، ئەو بانكانەی لە ( هەژماری من )یش بەشدارن، ‏مۆڵەتپێدراوی بانكی ناوەندی عێراقین و بەشێكن لە پرۆسەی ( توگین) كە ‏لە ناوچەكانی دیكەی عێراق كراوە.‏

ئەنجومەنی وەزیران جەختیشی كردەوە كە وەك چۆن مووچەخۆرانی ‏عێراق ، ئازادن لە هەڵبژاردن و دەستنیشانكردنی ئەو بانكانەی حیسابی لێ ‏دەكەنەوە، بە هەمانشێوە، پێویستە مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانیش، ‏ئازادبن كە لە چوارچێوەی (هەژماری من)دا، لە چ بانكێك حیساب بكەنەوە. ‏كە ئێستا پێنج بانك بەشدارن لە پرۆژەكە و لە ماوەیەكی نزیكیشدا، ‏چەندین بانكی تریش دەبنە بەشێك لە پرۆژەكە.‏