وەزیری گواستنەوەو گەیاندنی هەرێم: یەکێتی هەڵەیەکی مێژوویی کرد

14-03-2024 03:15

پەرەگراف

ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوەو گەیاندنی هەرێم لە پێکهاتەی کرستیان، سکاڵاکەی یەکێتی لە دادگای فیدراڵی بە "هەڵەیەکی مێژوویی" ناودەبات کە بەهۆیەوە 11 کورسییەکەی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشایەوە.

وەزیری گواستنەوە بە ڕۆژنامەنووسانی وت "مامەڵەكردنی یەكێتی و بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی لە دادگای شۆڕشی سەردەمی حزبی بەعس دەچن".

ئانۆ جەوهەر لەگەڵ ئیدانەکردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی، هاوکات "بە هەڕەشە بۆ سەر قەوارەی دەستوریی هەرێم" ناوی برد، ئەوەشی خستەڕوو، داوایان لە ئەمەریکاو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە پشتیوانیی پێکهاتەکانی کوردستان بکەن.

هاوکات پارت و لایەنە کرستیانی و تورکمانییەکان ڕایانگەیاندووە کە بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن و داوای گەڕانەوەی سیستمی کۆتا دەکەن، ئەو لایەنانە ڕەخنەی تووند لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و یەکێتی نیشتیمانی دەگرن.

ڕۆژی ١٠-٦-٢٠٢٤ دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان بۆ 100 كورسی كەم كراونەتەوە و دادگاکە بە پاساوی "نادەستووریبوون" 11 كورسیی کۆتای پێكهاتەكانی هەڵوەشاندەوە ئەوەش لەسەر سکاڵایەکی یەکێتی نیشتیمانی، پێكهاتەكان هاوشێوەی حیزب و پارتەكانی دیكە، بەبێ‌ كۆتا بەشداری لە هەڵبژاردن دەكەن و بەدەستهێنانی کورسیی پەرلەمان بۆ ئەوان ئاسان نابێت.

هەڵبژاردنەكە بە چوار بازنە بەڕێوە دەچێت و كورسییەكان بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاكاندا دابەش كراون؛ سلێمانی 38 كورسی، هەولێر 34 كورسی، دهۆك 25 كورسی و هەڵەبجە سێ‌ كورسی.

لە پەرلەمانی كوردستان، لە كۆی 111 پەرلەمانتار، 11 كورسی بۆ پێكهاتەكان تەرخانكرابوو بە سیستمی كۆتا، پێنج بۆ توركمان، پێنج بۆ کرستیان و یەك كورسیش بۆ ئەرمەن.

لە کۆتا خولی پەرلەمانی کوردستاندا، پێنج كورسییەكەی توركمان دوانیان لای فراکسیۆنی پارتی گەشەپێدانی تورکمان بوو، هەریەك لە بەرەی تورکمانی و پارتی چاکسازی تورکمان و لیستی میللەت يەكی كورسییەكیان هەبوو.

پێنج كورسییەكەی كۆتای کرستیانیش سێ كورسی لە هاوپەیمانی یەکێتی نەتەوەیی، یەكێكیان لە ئەنجومەنی کلدانی سریانی ئاشووری و ئەویتر لای لیستی رافیدەین بوو.

یەكێتی و بەشێك لە حیزبەكانی دیكەش ڕەخنەیان لە نوێنەرایەتیی پێكهاتەكان لە ‏پەرلەمان هەبوو، ‏پێیانوابوو نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی پێكهاتەكان ناكەن، بەڵكوو "لەلایەن ‏پارتییەوە لە ململانێ‌ ‏سیاسییەكاندا بەكار هێنراون" و یاسای هەڵبژاردنیش بە جۆرێك بووە هەر ‏‏١١یان لە بەرژەوەندیی پارتی ‏یەكلا دەبوونەوە، هەربۆیە یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی سکاڵاکەی یەکێتی تایبەت بوو بە کورسی پێکهاتەکان و بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بە دڵی ئەو حیزبەیەو نیگەرانکەرە بۆ پارتی دیموکرات و حیزب و لایەنەکانی پێکهاتەکانیش.