سەرۆكی ئەنجوومەنی شوورای هەرێم: بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی چەندین سەرپێچیی دەستووریی تێیدایە

14-03-2024 03:46

پەرەگراف

سەرۆكی ئەنجوومەنی شوورای هەرێمی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا شەش "تێبینیی یاسایی" دەربارەی بڕیارەكانی ئەم دواییەی دادگای فیدراڵی دەخاتە ڕوو و پێی وایە بڕیارەكانی دادگاكە لەبارەی ئەو سكاڵایانەی دژ بە هەرێمی كوردستان بەرز كراونەتەوە، چەندین "سەرپێچی لەخۆ گرتووە بۆ دەقە دەستورییە ڕوونەكان و بنەما یاساییە چەسپاوەكان".

سەبارەت بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە، دادوەر سەردار یاسین، سەرۆكی ئەنجوومەنی شوورای هەرێمی كوردستان، دەڵێت "دادگای فیدراڵی خۆی خستووەتە شوێنی دەسەڵاتی یاسادانان، بە عەریزەی دەعوای داواكارەوە پابەند نەبووە، سەرپێچیی ڕێسا یاساییە ڕێكارییەكانی كردووە، لە هەندێك لە بڕیارەكانیشیدا كەوتووەتە هاودژی".

دەقی بەیاننامەی سەرۆكی ئەنجوومەنی شوورای هەرێمی كوردستان:

لە سۆنگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتیی مێژوویی و یاسایی بەرانبەر ئەو ئاراستە نوێیەی دادگەی ئیتیحادی باڵای عێراقی لە بڕیارەكانی ئەم دواییەیدا لەخۆی گرتووە لەبارەی ئەو سكاڵایانەی دژ بە هەرێمی كوردستان بەرز كراونەتەوە، كە چەندین سەرپێچی لەخۆ گرتووە بۆ دەقە دەستورییە ڕوونەكان و بنەما یاساییە چەسپاوەكان، هەروەها لە ڕوانگەی باوەڕبوونمان بە سیستەمی فیدرالی لە عێراق، ئێمە لە ئەنجومەنی شورای هەرێمی كوردستان - عێراق، گرنگترین تێبینییە یاساییەكانمان لەبارەی ئەو سەرپێچییانە بۆ ڕای گشتی دەخەینە ڕوو:

1- دادگەی ئیتیحادی باڵا خۆی خستۆتە شوێنی دەسەڵاتی یاسادانان، بە جۆرێك لە حوكمی دەعوای ژمارە (83) و هەردوو یەكخراوەكەی (131) و(185)/ ئیتیحادی/2023، چەندین دەقی یاسایی تەشریع كردووە لە بەندەكانی (دووەم) و(سێیەم) و(چوارەم) و(پێنجەم)ی حوكمی ئاماژەپێكراودا، ئەویش دوای ئەوەی بڕیاریداوە بە نادەستورییبوونی هەندێك ماددە و بڕگەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان - عێراق ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەمواركراو. ئەمەش پێشێلكردنێكی ڕوونە بۆ ماددە (93)ی دەستوری عێراقی ساڵی (2005)، بە تایبەت بەندی (یەكەم)ی، كە تیایدا كاری دادگەی ئیتیحادی باڵا كورت كراوەتەوە سەر پیادەكردنی تایبەتكاری چاودێریكردنی مەودای دەستوریبوونی یاسا و پێڕەوە بەركارەكان. بۆیە هێنانەكایەی دەقی یاسایی لە بڕیاری دادگەی ئیتیحادی باڵا دەستوەردانە لە تایبەتكارییەكانی دەسەڵاتی یاسادانان و سەرپێچییەكی ڕوونە بۆ ماددە (47)ی دەستوور كە دەقی كردووە لەسەر ئەوەی هەر دەسەڵاتێك پیادەی تایبەتكارییەكانی خۆی دەكات لەسەر بنەمای جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان.

2- پابەند نەبوونی دادگەی ئیتیحادی باڵا بە عەریزەی دەعوای داواكار، بەجۆرێك داواكاری دەعوای ژمارە (83)ی ئاماژەپێكراو، داوای هەڵوەشاندنەوەی یازدە كورسییەكەی (كورسییەكانی كۆتا)ی نەكردووە، بەڵكو داوای دووبارە دابەشكردنەوەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستانی كردووە بەسەر پارێزگەكانی هەرێم بەگوێرەی پێوەری ژمارەی دانیشتووان، كەچی دادگەی ئیتیحادی باڵا لە بەندی (یەكەم)ی حوكمەكەیدا بڕیاری داوە بە نادەستوریبوونی دەستەواژەی (یازدە) لە ماددەی یەكەمی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی هەمواركراو، ئەمەش داواكار لە عەریزەی دەعواكەی داوای نەكردبوو، بەم پێیەش ئەمە دەبێتە پێشێلكردنێكی ڕوونی ئەو بنەمایەی لە یاسا و لە دادگەریدا چەسپاوە كە دەڵێت: دەعوا لە چوارچێوەی عەریزەكەیدا سنووردارە، و نابێت حوكم بكرێت بە زیاتر لەوەی داواكار داوای دەكات.

3- لە دەعوای ژمارە (83)ی ئاماژەپێكراو دیارە كە كەسانی داوالێكراو بریتین لە:
- سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان.
- سەرۆكی هەرێمی كوردستان.
- سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
دادگەی ئیتیحادی باڵا لە بەندی (هەشتەم)ی حوكمی دەعوای ئاماژەپێكراو، بڕیاریداوە بە ڕەتكردنەوەی دەعوا بەرانبەر هەردوو داوالێكراو سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەر ئاراستەنەبوونی نەیاری (عدم توجه الخصومە). بەمەش نەیاری (الخصومە) كورتكرایەوە سەر سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، بەڵام دادگەی ئیتیحادی باڵا بێئاگایە لەوەی بە بڕیاری ژمارە (233) و یەكخراوەكانی (239) و(248) و(253)/ئیتیحادی/2022 لە 30/5/2023 حوكمی داوە بە نادەستوریبوونی یاسای بەردەوامبوونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان - عێراق ژمارە (12)ی ساڵی 2022، بەم پێیەش سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و سەرجەم ئەندامەكانی لەبنەڕەتدا بوونی یاساییان نەماوە، لە كاتێكدا ماددەی (4)ی یاسای دادبینیی مەدەنیی ژمارە (83)ی ساڵی 1969ی هەمواركراو، مەرجی داناوە بەوەی پێویستە داوالێكراو نەیار بێت. بەگوێرەی ئەم ماددەیە پێویست بوو دەعواكە ڕەت بكرێتەوە لەبەر نادروستی مامەڵەكردن لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وەك نەیارێك، چونكە لەكاتی بەرزكردنەوەی دەعواكە بوونی یاسایی نەماوە.

4- سەرپێچیكردنی دادگەی ئیتیحادی باڵا بۆ ڕێسا یاساییە ڕێكارییەكان، كاتێك لە دەعوای ژمارە (233) و یەكخراوەكانی (239) و(248) و(253)/ئیتیحادی/2022، بڕیاریداوە بە قەبوڵكردنی نووسراوی لادانی هەردوو بریكار (د. وعدی سلێمان مزوری) و فەرمانبەری مافپەروەر (شەرمین خزر بهجت)، هاتوو لە پەرلەمانی كوردستان بە ژمارە (1369) لە ڕێكەوتی 23/5/2023 و هەڵوەشاندنەوەی تەخویلكردنی ئامادەبوونیان لەدادبینیكردن لەبەردەم دادگەی ئیتیحادی لە دەعوای ئاماژەپێكراودا. كەچی دادگەی ئیتیحادی باڵا لەبڕگەی ژمارە (1)ی حوكمی ئاماژەپێكراویدا بڕیاری داوە بە نادەستوریبوونی یاسای بەردەوامبوونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان - عێراق ژمارە (12)ی ساڵی 2022، بەم حوكمەش سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەسەڵاتی لادانی هەردوو بریكاری ئاماژەپێكراوی نامێنێت.

5- دادگەی ئیتیحادی باڵا لە هەندێك لە بڕیارەكانی كەوتۆتە هاودژی، كاتێك لە دەعوای ژمارە (83)ی ئاماژەپێكراودا، بڕیاری داوە بە هەڵوەشاندنەوەی كورسی (كۆتا)كان پاڵپشت بەوەی بوونی ئەم كورسییانە بۆ پێكهاتەكان لە یاسای پەرلەمانی كوردستان - عێراق ی هەمواركراو پێشێلكردنە بۆ ماددەی (16)ی دەستوور كە دەقی كردووە لەسەر ئەوەی هاودەرفەتی مافێكی پارێزراوە بۆ سەرجەم عێراقییەكان، و دەوڵەت گرتنەبەری ڕێكاری پێویست بۆ هاتنەدی لە ئەستۆ دەگرێت. بەڵام گەر بەوردی سەیری ئەم ماددەیە بكەین بۆمان دەردەكەوێت كە پێدانی كورسی (كۆتا) بە پێكهاتەكان ئەم هاودەرفەتیە دەستەبەر دەكات، و بەیاساكردنی ئەم كورسییانەی (كۆتا) بۆ پێكهاتەكان و چەسپاندنیان ڕێكارێكی پێویستە لەسەر دەوڵەت بیگرێتەبەر بۆ بەرجەستەكردنی هاودەرفەتی، بە تایبەت لەكاتی پیادەكردنی سیستەمی فرەبازنەییی هەڵبژاردن لە ڕێگەی دابەشكردنی هەرێم بۆ چەند ناوچەیەكی هەڵبژاردنی جیاواز، بەجۆرێك دەنگی پێكهاتەكان بەسەر ئەم ناوچانە دابەش دەبێت و لەوانەیە هیچ كورسییەك بەدەست نەهێنن. كەواتە دادگەی ئیتیحادی باڵا كاتێك بڕیاری داوە بە هەڵوەشاندنەوەی كورسییەكانی (كۆتا)كان لە هەمان بڕیاردا بڕیاری داوە بە دابەشكردنی هەرێمی كوردستان بۆ چەند ناوەچەیەك كەمتر نەبێت لە چوار ناوچەی هەڵبژاردن. ئەمەش لەكاتی پیادەكردنیدا دەبێتە مایەی دەستەبەرنەبوونی هاودەرفەتی دەقنووسكراو لە ماددە (16)ی دەستور، ئەمەش هاودژی دەنوێنیێ لە هەڵوێستی دادگەی ئیتیحادی باڵا. هەر بۆ زانین یاسای هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنەكانی پارێزگە و قەزاكانی عێراقی ژمارە (12)ی ساڵی 2018ی بەركار، بەپێی دوایین هەمواركردن، دەقی كردووە لەسەر بنەمای كۆتا و پێدانی كورسی بە ژمارەیەك لە پێكهاتەكان (ماددە 15ی هەمواركراو بەپێی ماددە 9ی یاسای هەمواری سێیەمی ژمارە 4ی ساڵی 2023).

6- وێڕای ئەمانەی سەرەوە، خودی پێكهاتەی دادگەی ئیتیحادی باڵا ناكۆكە لەگەڵ دەقی بەندی (دووەم)ی ماددە (92)ی دەستوری عێراقی ساڵی 2005، چونكە بەپێی ئەم بەندە دادگەی ئیتیحادی باڵا لە ژمارەیەك دادوەر و شارەزایانی فیقهی ئیسلامی و یاساناسان پێكدێت، هەروەها ئەو یاسایەی ژمارەیان و شێوازی دەستنیشانكردنیان و كاری دادگە ڕێكدەخات پێویستە بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران تەشریع بكرێت. بۆیە ئەو دادگەیەی چاودێریكردنی دەستوریی بوونی یاساكان لە وڵاتدا لەئەستۆ دەگرێت، پێویستە، پێش هەر لایەنێكی دیكە، پابەند بێت بە ماددە و بەندەكانی دەستور، بەتایبەت ئەگەر بابەتەكە پەیوەست بێت بە پێكهێنانی ئەم دادگەیە و چۆنیەتی كاركردنی، چونكە هیچ ڕەوا نییە دادگەی ئیتیحادی باڵا حوكم بدات بە نادەستوریی یاساكان كەچی خودی خۆی لە ڕووی پێكهاتە و كاركردن و یاسای ئێستاكەی وەكیەك نەبن لەگەڵ دەستور.
دیارە ئەم ئاراستەیەی دادگەی ئیتیحادی باڵا بەدەرچوون لە دەستور و یاساكان وای لێدەكات ببێتە دەسەڵاتێك لەسەرووی دەسەڵاتەكان، ئەمەش دەبێتە مایەی چەندین لێكەوتەی نەخوازراو چ لە لایەنی یاسایی بێت یان لەلایەنی سیاسی یان كۆمەڵایەتی. بەجۆرێك لەم دواییانەدا سەرەتای ئەم لێكەوتە نەخوازراوانە دەركەوت كاتێك حزب و لایەنە نوێنەرەكانی گرنگترین پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان (توركمان و ئاشوری و سریان و كلدان) ڕایانگەیاند بەشداری ناكەن لەو هەڵبژاردنەی بڕیاردراوە لە 10/6/2024 ئەنجام بدرێت، ئەمەش دەبێتە مایەی دروستبوونی كێشەی سیاسی لە واقیعی هەرێمی كوردستان، چونكە ئەو پەرلەمانەی لەدوای هەڵبژاردنی ئاماژەپێكراودا پێكدەهێنرێت نوێنەری پێكهاتەكان لەخۆ ناگرێت. بۆیە دەبێت دادگەی ئیتیحادی باڵا پابەند بێت بە دەستور و پیادەی تایبەتكارییەكانی بكات بەو شێوەیەی لە دەستوردا هاتووە و پێشێلی تایبەتكاری دەسەڵاتەكانی دیكە نەكات.
دادوەر
دكتۆر سەردار یاسین حمدأمین
سەرۆكی ئەنجومەنی شورای هەرێمی كوردستان - عێراق
13/3/2024