لاهور شێخ جەنگی بە فەرمی لۆگۆی حیزبەکەی ئاشکرا کرد

14-03-2024 04:04

پەرەگراف

لاهور شێخ جەنگی لە ستۆری فەیسبووکی خۆی، بە فەرمی لۆگۆی حیزبەکەی ئاشکرا کرد کە خۆرێکەو لەسەری نووسراوە "بەرەی گەل".

لاهور شێخ جەنگی لەژێر هەمان ناو و لۆگۆدا بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات بە سەربەخۆو بەبێ هاوپەیمانێتیی لەگەڵ هیچ لایەنێک، بەپێی بەدواداچوونی پەرەگراف لە هەر چوار بازنەکەی هەڵبژاردن لە هەرێم کاندیدی دەبێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کارەکانی حیزبەکەی لاگور شێخ جەنگی، بە پەرەگرافی وت، بە مەبەستی تەواوکردنی ڕێکارەکانی کۆمسیۆن و دامەزراندنی وەک حیزب، بەرەی گەل دوێنی لە هەولێر کۆنگرەی دامەزراندنی ئەنجامدا بە چاودێریی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق، سەرۆکی حیزبەکە هەڵبژێردرا کە فەرهاد عومەر هاوسەری ژینۆ محەمەد ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی یەکێتییە کە هاوهەڵوێست بوو لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی لە ڕووداوەکانی ناو یەکێتی لە دوای 8ی تەمموزی 2021.

لە چوارچێوەی تەواوکردنی ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دوو ڕۆژە دەرگای تۆمارکردن بۆ کاندیدی حیزبەکان کراوەتەوەو تاوەکو ٢٢ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.

هاوکات ئەمڕۆ دواین ڕۆژە بۆ تۆمارکردنی ناوی هاوپەیمانێتییەکان و تۆمارکردنی ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت بە شێوەی سەربەخۆ خۆیان کاندید بکەن بۆ هەڵبژاردنەکە.

لەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی کوردستاندا کە ڕۆژی ١٠-٦-٢٠٢٤ دیاریکراوە بۆ ئەنجامدانی، کاندید دەتوانێت لە دەرەوەی حیزب و لایەنە سیاسییەکان بە سەربەخۆ خۆی بپاڵێوێت بۆ ئەوەش دەبێت یەک ملیۆن دینار ڕسومات بدات، هەروەها هاوپەیمانێتییەکان 10 ملیۆن و کاندیدی لایەنە سیاسیەکانیش دەبێت پێنج ملیۆن دینار بدەن.

 بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق  ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان بۆ 100 كورسی كەم كراونەتەوە و دادگاکە بە پاساوی "نادەستووریبوون" 11 كورسیی پێكهاتەكانی لابردو، پێكهاتەكان هاوشێوەی حیزب و پارتەكانی دیكە بەبێ‌ سیستمی كۆتا بەشداری لە هەڵبژاردن دەكەن.

هەڵبژاردنەكە بە چوار بازنە بەڕێوە دەچێت و ١٠٠ کورسییەکەی پەرلەمان دابەشکراون بەسەر پارێزگاکانی هەرێمدا بە جۆرێک، سلێمانی 38 كورسی، هەولێر 34 كورسی، دهۆك 25 كورسی و هەڵەبجە سێ‌ كورسی بۆ تەرخان کراوە.