وەرگرتنی لیستی ناوی کاندیدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان درێژکرایەوە

20-03-2024 01:27

پەرەگراف

سەرباری بایکۆتەکەی پارتی، ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامەو کۆمسیۆن ڕایگەیاند، ماوەی وەرگرتنی ناوی کاندیدانی هاوپەیمانی و لیست و کاندیدە سەربەخۆکان کە دەیانەوێت بەشداربن لە هەڵبژاردنەکە درێژکرایەوە بۆ ٢٨-٣-٢٠٢٤.

پێشتر کۆمسیۆن ٢٢-٣ی دیاری کردبوو وەک کۆتا وادەی وەرگرتنی لیستی ناوەکان و بڕیاربوو لە ٢٧ی مانگدا تیروپشکی پێدانی ژمارە بە لیست و هاوپه‌یمانێتییه‌كان و كاندیدانی سه‌ربه‌خۆ  ئەنجام بدات، بەڵام ئەو پڕۆسەیەش دوادەخرێت بۆ دوای تەواوبوونی پڕۆسەی وەرگرتنی لیستی ناوی کاندیدان.

بەردەوامیی ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆن بۆ هەڵبژاردنەکە لە کاتێکدایە، پارتی دیموکراتی کوردستان وەک حیزبێکی دەسەڵاتدارو گەورەی هەرێم ڕایگەیاندووە کە بەشداریی هەڵبژاردنەکە ناکات، ئەوەش گومانی لەسەر بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە دروست کردووە.

مەکتەبی سیاسی پارتی دەڵێت بەشداری هەڵبژاردنێک ناكات کە "بە نایاسایی و نادەستوری و لەسایەی سیستەمێکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت" کە مەبەستی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییە تایبەت بە گۆڕانکارییەکان لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

لەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی کوردستاندا کە ڕۆژی ١٠-٦-٢٠٢٤ دیاریکراوە بۆ ئەنجامدانی، کاندید دەتوانێت لە دەرەوەی حیزب و لایەنە سیاسییەکان بە سەربەخۆ خۆی بپاڵێوێت بۆ ئەوەش دەبێت یەک ملیۆن دینار ڕسومات بدات، هەروەها هاوپەیمانێتییەکان 10 ملیۆن و کاندیدی لایەنە سیاسیەکانیش دەبێت پێنج ملیۆن دینار بدەن.

 بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق  ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان بۆ 100 كورسی كەم كراونەتەوە و دادگاکە بە پاساوی "نادەستووریبوون" 11 كورسیی پێكهاتەكانی لابردو، پێكهاتەكان هاوشێوەی حیزب و پارتەكانی دیكە بەبێ‌ سیستمی كۆتا بەشداری لە هەڵبژاردن دەكەن.

هەڵبژاردنەكە بە چوار بازنە بەڕێوە دەچێت و ١٠٠ کورسییەکەی پەرلەمان دابەشکراون بەسەر پارێزگاکانی هەرێمدا بە جۆرێک، سلێمانی 38 كورسی، هەولێر 34 كورسی، دهۆك 25 كورسی و هەڵەبجە سێ‌ كورسی بۆ تەرخان کراوە.