مەسرور بارزانی: هەندێک کەس و لایەن بۆ بەرژەوەندی خۆیان بازرگانی بە ماف و شایستە داراییەکانەوە دەکەن

20-03-2024 03:11

پەرەگراف

مەسرور بارزانی دەڵێت: خەڵکی هەرێم بوونەتە قوربانیی گەمەی سیاسی هەندێک کەس و لایەن کە بۆ بەرژەوەندی خۆیان، "بازرگانی بە مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی کوردستانەوە دەکەن".

سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە پەیامێکدا بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی دەشڵێت "بەڵام دڵنیاین دواجار خواست و ئیرادەی خەڵکی کوردستان لە پێناو ژیانێکی ئازاد و سەربەرزانە هەر سەردەکەوێت".

ئەو پەیامە لەکاتێکدایە کێشە داراییەکانی نێوان هەولێرو بەغداد بەردەوامەو دابەشنەکردنی مووچەی مانگی شوبات شەڕی ڕاگەیاندنی نێوان یەکێتی و پارتی لێکەوتووەتەوەو لەو نێوانەشدا مووچەخۆران بە گیرفانی بەتاڵ ماونەتەوە.

پێش پەیامەکەی ئەمڕۆی مەسرور بارزانی وتەبێژی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، کێشەی مووچە لەوەوە دەستی پێ کرد، کە لایەنێکی سەرەکی و پێکهێنەری حکومەت دوای لایەنێکی ئۆپۆزسیۆن کەوت و ڕێنیشاندەری ناحەزانی هەرێم بوون بۆ دروستکردنی فشار بۆ بڕینی مووچە.

لە كۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردووی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمدا بڕیار دراوە بەو پارەیەی کە بەغداد ناردوویەتی جارێ دەست بە دابەشکردنی مووچە نەكەن تا وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی پێشمەرگەو شەهیدان و هێزە ئەمنییەکانیش دەنێرێت، ئەمڕۆ بەغداد ڕەزامەندی لەسەر ناردنی ٣٧ ملیار دینار دەربری بۆ مووچەی شەهیدان و بەوەش تائێستا ٦٠٠ ملیار دیناری ناردووە بۆ مووچەی مانگی شوبات.

هاوکات تیمی وەزاریی یەکێتی لە حکومەتی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا وتی، لەو کۆبوونەوەیەی ئەنجومەنی وەزیراندا تیمەکەیان داوایکردووە بەو بڕە پارەیەی کە لە بەغداوە هاتووە دەستبکرێت بە دابەشکردنی مووچە، "بەڵام هەبوون کە لایەنی سەرەکی حکومەتن؛ لە دژی ئەو بۆچوونە قسەیان کردووە".

تیمەکەی یەکێتی وتیشی "یەکێتی بە حیزب و تیمی حکومەتیشەوە، سیاسەتێکی میانڕەوانەی گرتووەتەبەر، لەگەڵ لایەنەکانی هەرێم و عێراق و هاوسەنگی راگرتووەو هەرگیز هەوڵی تێکدانی نێو ماڵی لایەنەکانی هەرێم و بەغدای نەداوە لەپێناو پۆستێکی دیاریکراوداو ئەوانەی ئەو هەوڵانە دەدەن، بوونەتە باعیسی رێکنەکەوتن و تێکدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و دواتر خەڵکی کوردستانیش دەبنە قوربانی ئەو سیاسەتە هەڵەیە".

ڕاگەیەندراوەکەی تیمی یەکێتی دوای ئەوەهات، وتەبێژی حکومەتی هەرێم لەسەر پرسی مووچە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە ناڕاستەوخۆ یەکێتی تۆمەتبار کرد بە کارکردن بۆ بڕینی مووچەی هەرێم و ڕایگەیاند "سەرەتای دروستبوونی کێشەی مووچە لەوەوە دەستی پێ کرد، کە لایەنێکی سەرەکی و پێکهێنەری حکومەت دوای لایەنێکی ئۆپۆزسیۆن کەوتن و ئەوان ڕێنیشاندەری ناحەزانی هەرێم بوون بۆ دروستکردنی فشار بۆ بڕینی مووچەی فەرمانبەران".

وتەبێژەکەی حکومەت وتیشی "ئەوانەی لەدەرەوەی نیەتی نیشتمانی و پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێم موزایەدە و قسەی دیکە دەکەن، ئەگەر ڕاست دەکەن با بفەرموون لەگەڵ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ ئەو بڕە مووچەیە خۆیان دابەشی بکەن، چونکە ئێمە نە سووکایەتی قبووڵ دەکەین و نە جیاکاری لەنێوان فەرمانبەرانمان دەکەین".