چوارچێوەی هەماهەنگی: ڕێز لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دەگرین و داوادەکەین هەموان پابەندبن پێیەوە

21-03-2024 12:06

پەرەگراف

لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان کە پێکهێنەری حکومەتی عێراقن، پشتیوانییان بۆ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دووپات کردەوەو داوا دەکەن هەموولایەنەکان پابەندی بڕیارەکانی دادگاکەبن.

 ئەوە لەکاتێکدایە حکومەتی هەرێم و بەشێک لە حیزبە سیاسییەکان لە ناویاندا پارتی دیموکراتی کوردستان بە تووندی دژی بەشێک لە بڕیارەکانی دادگاکە وەستاونەتەوەو پێیانوایە لە دژی هەرێمی کوردستان و بۆ لێدانە لە قەوارەی هەرێم.

چوارچێوەی هەماهەنگی دەڵێت "لەپێناو پاراستنی هاوسەنگی دەستووریی لە دروستکردنی بڕیار و میکانیزمەکانی جێبەجێکردن و چاودێری، جەخت لە گرنگی پابەندبوون بە پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە یەکدی و درێژنەبوونەوەی هیچ دەسەڵاتێک بەسەر ئەوانی دیکەدا دەکەین."

"بەڕێزەوە تەماشای دادگای باڵای فیدراڵی و جاسم عومێری سەرۆکی دادگاکە دەکەین و رێز لە بڕیارەکانی دەگرین و نابێت لە بەهاکانی کەمبکرێنەوە" چوارچێوەی هەماهەنگی وادەڵێت، ئەوەش دەخاتەڕوو ئەوان لە رابردوودا بە بڕیارەکانی ئەو دادگایەوە پابەندبوون، هەرچەندە بەشێکی ئەو بڕیارانە لە بەرژەوەندیی ئەواندا نەبووە.

هاوکات موحسین مەندەلاوی، جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كە لەدوای لەكارخستنی محەمەد حەلبوسی كارەكانی سەرۆكی پەرلەمان بەڕێوەدەبات، بەهەمانشێوە پشتیوانیی بۆ دادگای فیدراڵی دەربڕی و هۆشداریدەدات لە كردنە ئامانجی دادگاکە.

مەندەلاوی لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت "هەوڵەكانی تانەدان لە شەرعیەت و سەربەخۆیی دادگای باڵاو گومانكردن لە بێگەردی بڕیارەكانی، هەنگاوێكی مەترسیدارەو ئاسایش و سەقامیگری عێراق دەخاتە بەردەم هەڕەشە".

ئەو کاردانەوانە دوای ئەوەدێن مەکتەبی سیاسی پارتی لە بەیاننامەیەکدا چەند خاڵێکی خستەڕوو کە پێیوایە دادگای فیدراڵی پێشێلی بەشێک لە ماددەکانی دەستوری عێراقی کردووە کە تایبەتن بە هەرێمی کوردستان و دەڵێت "دەیەوێت ئەو دەستكەوتانەی گەلەکەمان كە بە خەبات و تێكۆشان و خوێنی شەهیدەكانمان و ئەنفالکراوان و کیمیابارانكراوان وەدەستی هێناون، بە بڕیاری سیاسی و نادەستوری لە گەلی كوردستانی بستێنێتەوە".

وەک هەڵوێستێکیش دژی بڕیاری دادگاکە لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، مەکتەبی سیاسی پارتی بە فەرمی بەشدارینەکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند و دەڵێت بەشداری هەڵبژاردنێک ناكات کە "بە نایاسایی و نادەستوری و لەسایەی سیستەمێکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت".

هاوکات لەگەڵ بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، مەکتەبی سیاسی پارتی هەڕەشەی کشانەوەش لە پڕۆسەی سیاسی عێراق دەکات و دەڵێت "لێرەدا لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دەخەینە بەردەم بەڕپرسیارێتی نیشتمانی لەجێبەجێنەکردنی دەستور و تەواوی خالەکانی رێکەوتنی سیاسی و ئیداریی پێکهێنانی کابینەی ئێستای حکومەتی عێراق بەسەرۆکاتی بەرێز محمد شیاع سودانی، بەپێچەوانەشەوە ناتوانین بەردەوام بین لە پرۆسەی سیاسی دا".