مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی: یەکێتى هەژماری من ڕانەگرێت، خۆپیشاندان دەبەینە دەباشان

21-03-2024 01:20

پەرەگراف

ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی هۆشداری دەداتە یەكێتی كە ئەگەر "بڕیاری ڕاگرتنی كارەكانی سیستەمی (هەژماری من) لەم سنوورە نەدات و لە ئەگەری زیاتر دواكەوتنی مووچە بڕیاری مامەڵەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق نەدات"، خۆپیشاندان دەبەنە دەباشان.

ئەنجوومەنەكە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری سلێمانی ڕایگەیاند "هەژماری منی سەپێندراو ڕەت دەكەینەوە، چونكە پێمان وایە ئەم سیستەمە وەكوو ئابووریی سەربەخۆ تەنیا خزمەت بە بنەماڵە دەسەڵاتدارەكان دەكات".

هەروەها نوێنەرانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی پەیام ئاراستەی یەكێتی و گۆڕانیش دەكات كە "خۆڵەمێشییانە مامەڵە لەگەڵ بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی نەكەن" و دەڵێت "ناكرێت لە لایەك بڵێن لەگەڵ داوای مووچەخۆرانداین، لە لایەكیشەوە ئەوەی كە پارتی دەیەوێت، لەبەر بەرژەوەندیی تەسكی كەسی و حیزبیی خۆیان، جێبەجێی بكەن".

"ڕێگەی دروستی بەردەمتان هاوكاریكردنی بانكەكانی ڕافیدەین و ڕەشیدە بۆ ئەوەی بەزوویی دەست بكەن بە دروستكردنی كارتی بانكی بۆ مووچەخۆرانی ئەم سنوورە، هەروەها پێدانی مووچەی مانگی دوو كە لە ئێستادا بە سێقۆڵی دەستتان بەسەردا گرتووە و هەڵوەشاندنەوەی سزاكانی پێشووی مامۆستایان"، ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی وا دەڵێت.

هەروەها ئەنجوومەنەكە داوا لە پارتە سیاسییەكانی دەرەوەی پارتی و یەكێتی دەكات كە لەبەردەم "بە هەر پاساوێكك بێدەنگییان هەڵبژاردووە، بە بەیاننامەی فەرمی سیستەمی هەژماری من ڕەت بكەنەوە".

لە ئەگەری بەدەمەوەنەچوونی یەكێتی بۆ داواكارییەكانیان، ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، بانگەوازی ئاراستەی مامۆستایان و فەرمانبەران كرد كە "لە كاتژمێر 11ـی پێشنیوەڕۆی ڕژی دووشەممە 25-3-2024، بە خۆپیشاندانی فراوان لەبەردەم پاركی مەلیك مەحموودەوە بەرەو دەباشان بەڕێ‌ دەكەوین". دەشڵێت "دواتریش پەیام داواكارییەكانمان بە بەغداد و كونسووڵ و باڵیۆزی وڵاتان دەگەیەنین و لە زوورترین كاتدا خۆپیشاندانەكان دەگەیەنینە هەولێری پایتەخت".