بافڵ تاڵەبانی: دادگای فیدراڵی سەربەخۆ و پیشەییە

22-03-2024 04:33

پەرەگراف

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی، پشتیوانیی بۆ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دووپات دەکاتەوەو بە "سەربەخۆ و پیشەیی" ناوی دەبات.

"لە کاتێکدا ئێمە پشتیوانیی خۆمان بۆ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و ڕۆڵی لە پاراستنی دەستوور، دادپەروەری و سیستمی دیموکراسی دووپات دەکەینەوە، هەموو ناوزڕاندن و مامەڵەیەکی خراپیش ڕەت دەکەینەوە بەرامبەر دادگای باڵای فیدراڵی" سەرۆکی یەکێتی وادەڵێت.

بافڵ تاڵەبانی دەشڵێت "دادگای فیدراڵی سەربەخۆ و پیشەییە و بەشداری کارایە لە پاراستنی سیستمی سیاسی لە عێراقدا و پاراستنی سەربەخۆیی ئەوەش لە قووڵایی ئەرکە دەستووریی و نیشتمانییەکانە".

"دەسەڵاتی دادوەری عێراقی بە سەربەخۆییەکەی ناسراوە، ڕێزگرتن لەو سەربەخۆییەش رەنگدانەوەی پێشکەوتنی کۆمەڵگەیە و فاکتەرێکی گرنگە کە هاووڵاتیان لە سایەیدا هەست بە سەقامگیری، ئاسایش، ئۆقرەیی و زامنی مافەکانیان دەکەن" تاڵەبانی وادەڵێت.

ئەو پشتیوانییەی سەرۆکی یەکێتی لەکاتێکدایە دادگاکە سکاڵاکەی یەکێتی لەبەرژەوەندیی ئەو حیزبە یەکلا کردەوە لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دادگای فیدراڵی 11 کورسییەکەی پێکهاتەکانی هەڵوەشاندەوەو سیستمی فرەبازنەیی بۆ هەڵبژاردنەکە جێگیر کرد ئەوەش پارتی و پێکهاتەکانی بە تەواوی نیگەران کرد.

مەکتەبی سیاسی پارتی ڕۆژی 18ی ئەم مانگە لە بەیاننامەیەکدا چەند خاڵێکی خستەڕوو کە پێیوایە دادگای فیدراڵی پێشێلی بەشێک لە ماددەکانی دەستوری عێراقی کردووە کە تایبەتن بە هەرێمی کوردستان و دەڵێت "دەیەوێت ئەو دەستكەوتانەی گەلەکەمان كە بە خەبات و تێكۆشان و خوێنی شەهیدەكانمان و ئەنفالکراوان و کیمیابارانكراوان وەدەستی هێناون، بە بڕیاری سیاسی و نادەستوری لە گەلی كوردستانی بستێنێتەوە".

وەک هەڵوێستێکیش دژی بڕیاری دادگاکە لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، مەکتەبی سیاسی پارتی بە فەرمی بەشدارینەکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند و دەڵێت بەشداری هەڵبژاردنێک ناكات کە "بە نایاسایی و نادەستوری و لەسایەی سیستەمێکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت".

هاوکات لەگەڵ بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، مەکتەبی سیاسی پارتی هەڕەشەی کشانەوەش لە پڕۆسەی سیاسی عێراق دەکات و دەڵێت "لێرەدا لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دەخەینە بەردەم بەڕپرسیارێتی نیشتمانی لەجێبەجێنەکردنی دەستور و تەواوی خالەکانی رێکەوتنی سیاسی و ئیداریی پێکهێنانی کابینەی ئێستای حکومەتی عێراق بەسەرۆکاتی بەرێز محمد شیاع سودانی، بەپێچەوانەشەوە ناتوانین بەردەوام بین لە پرۆسەی سیاسی دا".