مالکی: بارزانی پێی گوتم پارتی بڕیاری کشانەوەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەداوە

22-03-2024 05:15

پەرەگراف

نوری مالیكی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند، لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، بارزانی دڵنیایی داوە کە پارتی بڕیاری کشانەوە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی نەداوە.

مالکی لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی سۆمەریە نیوز وتی "قسەم لەگەڵ مەسعود بارزانی کرد پێی گوتم ئێمە نەمان گوتووە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکشێینەوە، وتومانە لەژێر ئەم بڕیارانەی دادگای فیدراڵیدا هەڵبژاردن ناکرێت، جیاوازی هەیە لەنێوان ئەوەی بڵێین دەکشێینەوە یان بەم جۆرە هەڵبژاردن ناکرێت".

"بارزانی وتیشی هەندێک بڕیار لەم دوایانەدا دەرچووە لە دادگای فیدراڵی مافی كورد زەوت دەكات و ناتوانرێت گەلی کورد پەراوێز بخرێت و رۆڵی لە عێراق هەڵبوەشێنرێتەوە" مالکی وادەڵێت.

لەبارەی نیگەرانییەکانی حکومەتی هەرێم و پارتی و لایەنەکانی دیکە لە پێشێلکردنی مافەکانی کورد، مالکی دەڵێت "نە حکومەت و نە هێزە سیاسییەکان بیر لە پەراوێزخستنی گەلی کوردو دەستبەسەرداگرتنی مافەکانیان ناکەنەوە و بەمنزیکانە کێشەی نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێم چارەسەر دەکەین".

مەکتەبی سیاسی پارتی ڕۆژی 18ی ئەم مانگە لە بەیاننامەیەکدا چەند خاڵێکی خستەڕوو کە پێیوایە دادگای فیدراڵی پێشێلی بەشێک لە ماددەکانی دەستوری عێراقی کردووە کە تایبەتن بە هەرێمی کوردستان و دەڵێت "دەیەوێت ئەو دەستكەوتانەی گەلەکەمان كە بە خەبات و تێكۆشان و خوێنی شەهیدەكانمان و ئەنفالکراوان و کیمیابارانكراوان وەدەستی هێناون، بە بڕیاری سیاسی و نادەستوری لە گەلی كوردستانی بستێنێتەوە".

وەک هەڵوێستێکیش دژی بڕیاری دادگاکە لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، مەکتەبی سیاسی پارتی بە فەرمی بەشدارینەکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند و دەڵێت بەشداری هەڵبژاردنێک ناكات کە "بە نایاسایی و نادەستوری و لەسایەی سیستەمێکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت".

هاوکات لەگەڵ بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، مەکتەبی سیاسی پارتی هەڕەشەی کشانەوەش لە پڕۆسەی سیاسی عێراق دەکات و دەڵێت "لێرەدا لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دەخەینە بەردەم بەڕپرسیارێتی نیشتمانی لەجێبەجێنەکردنی دەستور و تەواوی خالەکانی رێکەوتنی سیاسی و ئیداریی پێکهێنانی کابینەی ئێستای حکومەتی عێراق بەسەرۆکاتی بەرێز محمد شیاع سودانی، بەپێچەوانەشەوە ناتوانین بەردەوام بین لە پرۆسەی سیاسی دا".