وتەبێژی حكومەت: کاتی ئەوە هاتووە خەڵک بەرامبەر بە خاکفرۆش و ماف فرۆشان هەڵوێستی جدی وەرگرن

22-03-2024 08:59

پەرەگراف

وتەبێژی حکومەتی هەرێم هێرشی تووند دەکاتەسەر ئەو کەسانەی لە کوردستانەوە پشتگیریی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دەکەن و داوا دەکات، خەڵک "هەڵوێست وەربرگرن و ڕوبەڕویان ببنەوە".

پێشەوا هەورامانی دەڵێت "ئێمە هەمومان لەگەڵ سەروەری یاسا و دادگایەکی بێ لایەن و دەستورین. بەڵام تا ئێستا بەپێی دەستور، عێراق دادگایەکی دەستوریی نیەو ئەو دادگایە بە نا دەستوری بەردەوامەو بڕیارەکانیشی نا یاسایی و نا دەستورین".

دەشڵێت "ئەوانەی لە کوردستان پشتگیری ئەم دادگایە دەکەن لە بەر ئەوەیە لە بەرژەوەندی ئەوان هەڵسوکەوت دەکات و بڕیاری نا دەستوری دەدات. بەڵام پێویستە خەڵکی کوردستان بزانێت کە خۆفرۆشان لایان گرنگ نیە چەند مافی دەستوری کوردستان بە دەستەوە دەدەن".

"بەهۆی ئەوەی ئەم بەناو دادگایە لە بەرژەوەندی ئەوان و دژی حکومەت بریار دەدات مافی دەستوری هەرێم پێشێل بکرێت. کاتی ئەوە هاتووە خەڵکی بە شەرەفی کورستان بەرامبەر بە خاکفرۆش و ماف فرۆشان هەڵوێستی جدی وەرگرن و رووبەروویان ببنەوە" وتەبێژی حکومەتی هەرێم وادەڵێت.

ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی، پشتیوانیی بۆ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دووپات کردەوەو بە "سەربەخۆ و پیشەیی" ناوی برد.

"لە کاتێکدا ئێمە پشتیوانیی خۆمان بۆ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و ڕۆڵی لە پاراستنی دەستوور، دادپەروەری و سیستمی دیموکراسی دووپات دەکەینەوە، هەموو ناوزڕاندن و مامەڵەیەکی خراپیش ڕەت دەکەینەوە بەرامبەر دادگای باڵای فیدراڵی" سەرۆکی یەکێتی وادەڵێت.

بافڵ تاڵەبانی دەشڵێت "دادگای فیدراڵی سەربەخۆ و پیشەییە و بەشداری کارایە لە پاراستنی سیستمی سیاسی لە عێراقدا و پاراستنی سەربەخۆیی ئەوەش لە قووڵایی ئەرکە دەستووریی و نیشتمانییەکانە".

"دەسەڵاتی دادوەری عێراقی بە سەربەخۆییەکەی ناسراوە، ڕێزگرتن لەو سەربەخۆییەش رەنگدانەوەی پێشکەوتنی کۆمەڵگەیە و فاکتەرێکی گرنگە کە هاووڵاتیان لە سایەیدا هەست بە سەقامگیری، ئاسایش، ئۆقرەیی و زامنی مافەکانیان دەکەن" تاڵەبانی وادەڵێت.

ئەو پشتیوانییەی سەرۆکی یەکێتی لەکاتێکدایە دادگاکە سکاڵاکەی یەکێتی لەبەرژەوەندیی ئەو حیزبە یەکلا کردەوە لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دادگای فیدراڵی 11 کورسییەکەی پێکهاتەکانی هەڵوەشاندەوەو سیستمی فرەبازنەیی بۆ هەڵبژاردنەکە جێگیر کرد ئەوەش پارتی و پێکهاتەکانی بە تەواوی نیگەران کرد.

مەکتەبی سیاسی پارتی ڕۆژی 18ی ئەم مانگە لە بەیاننامەیەکدا چەند خاڵێکی خستەڕوو کە پێیوایە دادگای فیدراڵی پێشێلی بەشێک لە ماددەکانی دەستوری عێراقی کردووە کە تایبەتن بە هەرێمی کوردستان و دەڵێت "دەیەوێت ئەو دەستكەوتانەی گەلەکەمان كە بە خەبات و تێكۆشان و خوێنی شەهیدەكانمان و ئەنفالکراوان و کیمیابارانكراوان وەدەستی هێناون، بە بڕیاری سیاسی و نادەستوری لە گەلی كوردستانی بستێنێتەوە".

وەک هەڵوێستێکیش دژی بڕیاری دادگاکە لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، مەکتەبی سیاسی پارتی بە فەرمی بەشدارینەکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند و دەڵێت بەشداری هەڵبژاردنێک ناكات کە "بە نایاسایی و نادەستوری و لەسایەی سیستەمێکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت".

هاوکات لەگەڵ بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، مەکتەبی سیاسی پارتی هەڕەشەی کشانەوەش لە پڕۆسەی سیاسی عێراق دەکات و دەڵێت "لێرەدا لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دەخەینە بەردەم بەڕپرسیارێتی نیشتمانی لەجێبەجێنەکردنی دەستور و تەواوی خالەکانی رێکەوتنی سیاسی و ئیداریی پێکهێنانی کابینەی ئێستای حکومەتی عێراق بەسەرۆکاتی بەرێز محمد شیاع سودانی، بەپێچەوانەشەوە ناتوانین بەردەوام بین لە پرۆسەی سیاسی دا".