توركیا هێرشێكی فراوانی كردەسەر پەكەكە لە هەرێمی كوردستان

15-06-2020 11:41

پەرەگراف

فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە شەوی ڕابردوو هێرشێكی فراوانیان كردەسەر بنكەو بارەگاكانی پەكەكە لە هەرێمی كوردستان، توركیا دەڵێت، 81 بنكەی پەكەكەی كردووەتە ئامانج. بەڵام هێشتا زیانە گیانییەكان دیارنین.

لە بۆردومانەكەدا فڕۆكەی ئێف 16و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان‌و تانك بەكارهێنراون، هەریەكە لە؛ قەندیل، شەنگال، زاپ، هەفتانین، خواكوڕوك‌و دەوروبەری كەمپی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور كە ئەندام‌و لایەنگرانی پەكەكەی تێدایە كراونەتە ئامانج‌و بە چڕیی بۆردومان كراون.

ئاژانسی ئەنادۆڵی توركیا دەڵێت، ئۆپەراسیۆنەكە لە ژێر ناوی "چنگ – هەڵۆ" بووەو خوڵوسی ئاكار وەزیری بەرگریی توركیا، لە ناوەندی ئۆپەراسیۆنەكانی فەرماندەیی هێزی ئاسمانی، سەرپەرشتی بەڕێوەچوونی كردووەو لەڕێی ئامێری بێتەلەوە پەیوەندی بەو فڕۆكەوانانەوە كردووە كە لە ئۆپەراسیۆنەكەدا بەشدارییان كردووە.

بۆردومانەكە زیانی ماددی لێكەوتووەتەوەو زەوی‌و زاری ئەو ناوچانە گڕیان گرتووە، هێشتا پەكەكە هیچ ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی بۆردومانەكەو هەر زیانێك كە پێیان گەیشتبێت ڕانەگەیاندووە، ئەوەی تا ئێستا ڕاگەیەندراوە لە كەمپی مەخمور هیچ زیانێكی گیانیی نەبووەو لە شەنگال چەند بریندارێك هەن.

وەزارەتی بەرگریی توركیا لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت، لە بۆردوومانەكاندا زۆرترین ئەو چەك‌و تەقەمەنییانە بەكارهێنراون‌و كە لەلایەن توركیا خۆیەوە بەرهەم هێنراون‌و "81 ئامانجی پەكەكەیان پێكاوە"، بەبێ ئەوەی باسلە هیچ زیانێك بكات.

بەرگریی توركیا هۆكاری بۆردومانەكە بۆ زیادبوونی هێرشی پەكەكە دەگەڕێنێتەوە بۆ سەر بنكەو یەكە سەربازییەكانی وڵاتەكەی.

ڤیدیۆی بۆردومانەكەی شەوی ڕابردوو كە توركیا بڵاوی كردووەتەوە.

ناوچە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان بەردەوام لەلایەن توركیاوە كراونەتە ئامانج بۆ لێدانی پەكەكە، ناوەڕاستی مانگی 4ی ئەمساڵیش توركیا لە زینی وەرتێ بارەگایەكی پەكەكەی كردە ئامانج‌و سێ گەریلا شەهید بوون، هەمانكات بۆردومانی كەمپی مەخموری كردو سێ ژنی دانیشتووی كەمپەكەی شەهید كرد.

لەو هێرش‌و سنوربەزاندنانی توركیا ئەنجامیان دەدات، هەرێمی كوردستان هەڵوێستی ڕوونی نییە دژی توركیا‌و بەرپرسانی هەرێم هەركات باسی هێرشەكانی توركیا دەكەن سەرەتا دەڵێن، پێویستە پەكەكە لە خاكی هەرێم بچێتە دەرەوەو گۆڕەپانی شەڕ بەتەواوەتی بگوازێتەوە بۆ باكوری كوردستان.

توركیا لە 1995وە بنكەی سەربازیی لە هەرێمی كوردستان دامەزراندووەو ساڵی 2017 ژمارەی بنكەكانی زیادكردو ساڵی دواتریش هێزێكی زۆری زەمینیی هێنایە ناو خاكی هەرێم.

سەربازانی توركیا لە خاكی هەرێم. وێنە؛ تویتەری سوپای توركیا.

هەرچەندە ئامارێكی وردو فەرمیی لەبەردەستدا نییە دەربارەی ژمارەی بنكەو سەربازانی توركیا لە خاكی هەرێم، بەڵام زیاتر لە 10 بنكەو سەدان سەرباز دەبن‌و زۆرینەیان لە ناوچەكانی بادینانن لە پارێزگای دهۆك.

توركیا بە پاساوی شەڕ دژی پەكەكە خاكی هەرێمی كوردستانی بەزاندووە، ئەو وڵاتە چەندین تۆپ‌و تانك‌و فڕۆكەی جەنگیی‌و چەك‌و پێداویستی دیكەی سەربازیی هێناوەتە خاكی هەرێم.

ئەو ناوچانەی توركیا ئۆپەراسیۆنی تێدا ئەنجامدەدات شاخاویی‌و سەختن، ئۆپەراسیۆنەكان بە پاڵپشتی دەزگای هەواڵگریی‌و هێزی ئاسمانی توركیایە.

سەربازانی توركیا لە خاكی هەرێم. وێنە؛ تویتەری سوپای توركیا.