ژمارەی كوژراوانی هێرشەكەی مۆسكۆ گەیشتە 143 كەس؛ داعش بەرپرسیارێتیی ئەنجامدانی گرتە ئەستۆ

23-03-2024 01:48

پەرەگراف

ژمارەی ئەو كەسانەی لە هێرش بۆ سەر هۆڵێكی كۆنسێرت لە مۆسكۆ كوژران، بۆ 143 كەس بەرز بووەوە. داعشی خۆراسان گومانەكانی لەسەر ئۆكرانیا لابرد و بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەكە ڕاگەیاند. هەریەك لە مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانییش پەیامی ئیدانە و هاوخەمییان ئاراستەی ڕووسیا كرد.

شەوی ڕابردوو چوار چەكدار خۆیان كرد بەناو هۆڵێكی كۆنسێرتدا لە باكووری شاری مۆسكۆی پایتەختی ڕووسیا، سەرەتا بە نارنجۆك و دواتریش بە دەستڕێژی هەڕەمەكییانەی فیشەك هێرشیان كردە سەر بەشداربووانی كۆنسێرتێكی گۆرانی. بەهۆی هێرشەكەوە تا ئێستا 143 كەس گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 100 كەس بریندارن.

ڕووسیا دەستگیركردنی 11 تۆمەتباری پەیوەست بە هێرشەكەی ڕاگەیاندووە، بەڵام هیچ زانیاییەكی لەبارەی هێرشبەرەكانەوە بڵاو نەكردووەتەوە.

پاش هێرشەكە، گومانەكان بە ئاراستەی ئۆكرانیا بوون، بەڵام باڵی خۆراسانی ڕێكخراوی داعش ئەنجامدانی هێرشەكەی گرتە ئەستۆ و بانگەشەی ئەوەش دەكات كە چەكدارەكانی بە سەلامەتی شوێنی ڕووداوەكەیان جێهێشتووە.

هێرشەكە كاردانەوەی فراوانی لەسەر ئاستی حیهان بەدوادا هاتووە. لە هەرێمی كوردستانیشەوە پەیامی هاوخەمی ئاراستە كراوە. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس ڕایگەیاند "بەتووندترین شێوە هێرشە دڕندانەكەی سەر هاووڵاتییانی سڤیل لە مۆسكۆ سەركۆنە دەكەم. بیرمان لای خێزانی قوربانییەكان و گەلی ڕووسیایە، تیرۆر هەڕەشەیەكی جیهانییە و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە بۆ تێكشكاندنی یەكگرتوو بێت".

هەروەها مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكرات، لە پیامێكدا دەڵێت "زۆر بەتوندی ئیدانەی پەلامارە تیرۆریستییەكەی شەوی ڕابردووی شاری مۆسكۆ دەكەین، كە تێیدا هاووڵاتیانی مەدەنی و بێتاوان كرانە ئامانج. سەرەخۆشی لە خانەوادە و كەسوكاری قوربانیانی ئەو كارەساتە دەكەم و خۆمان بە هاوبەشی خەمی گەل و حكوومەتی ڕووسیا دەزانین".