هەنگاو: كۆڵبەرێك بە تەقەی هێزەكانی ئێران كوژرا

23-03-2024 03:43

پەرەگراف

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاند "كۆڵبەرێكی خەڵكی جوانڕۆی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە كاتی كۆڵبەری كردن لە سنووری نەوسوود بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەكدارەكانی حكومەت كوژرا". لە ماوەى دوو هەفتەدا ٢٠ کۆڵبەر گیانیان لەدەست داوە و بریندار بوون.

ڕێكخراوەكە دەڵێت "ڕۆژی شەممە ٤ـی خاكەلێوەی ـی كوردی (ـی مارسی ٢٠٢٤)، هێزە چەكدارەكانی ئێرانی جێگیر لە سنووری نەوسوود، تەقەیان لە ژمارەیەك كۆڵبەر كردووە، لەئاكامدا كۆڵبەرێك بە ناوی پەیمان ئەحمەدی، تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵكی گوندی كاكاڕەشی سەر بە شاری جوانڕۆ، كوژراوە".

هەنگاو ئاماژەی بەوە كردووە كە "پەیمان ئەحمەدی بە یەكەمین كۆڵبەر ئەژمار دەكرێت كە لە ساڵی نوێی كوردیدا لەلایەن هێزە چەكدارەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەكوژرێت".

هەر بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو، تەنیا لە 9 تا 14ـی ئەم مانگە، "لانی كەم لە ناوچە سنوورییەكانی نەوسوود، مەریوان و بانە دوو كۆڵبەر و كاسبكار كوژراون و حەوتى دیكە بریندار بوون". هەروەها لە "14 تا 23ـى ئەم مانگە دوو کۆڵبەر کوژراون و نۆ کۆڵبەررى دیکە بریندار بوون". کۆڵبەرێک بەهۆى هەڵدێران لە شاخ گیانى لەدەست داوە و سیانى دیکە بە هەمان هۆکار برینداربوون، قوربانییەکانى دیکە بەهۆى "تەقەى هێزە چەکدارەکانى ئێران"ـەوە بووە.

بەپێی ئاماری ماڵپەڕی كۆڵبەرنیوز، لە ساڵی ڕابردوو (2723)ـی كوردیدا، 444 كۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەكان و ڕێگای نێوان پارێزگاكانی كرماشان، سنە و ورمێ‌ لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی ئێران، سەرما، تەقینەوەی مین و كەوتنەخوارەوە لە شاخ گیانیان لەدەست داوە و بریندار بوون.

لەو 444 كۆڵبەرە، 373 كەسیان كە دەكاتە لەسەدا 84، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی ئێران كوژراون و بریندار بوون، لەو ژمارەیە 44 كۆڵبەر كە دەكاتە لەسەدا 10ـی قوربانییەكان، گیانیان لەدەست داوە، 44 كۆڵبەریش كە دەكاتە لەسەدا 90ـی قوربانییەكان، بریندار بوون.

کۆڵبەرنیوز دەڵێت "ژمارەى قوربانییان لە ساڵى ڕابردوودا بەڕێژەى لەسەدا ٩٠ زیادى کردووە".