بایکۆتی فراوان بۆ مووچە لە سلێمانی دەستی پێکرد

24-03-2024 10:43
دەرگای بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی داخراوە بە ڕووی هاوڵاتیاندا.

پەرەگراف

ئەمڕۆ بەشێکی زۆر لە فەرمانگەکانی سلێمانی بایکۆتیان ڕاگەیاند بۆ مووچەو دەوامیان تێدا نەکرا، بایکۆت قوتابخانەکانیشی گرتەوەو خوێندکارانی زانکۆش هەمان هەڵوێستیان دەربڕی و بۆ دەرماڵەو پشتیوانیی داوای مووچەخۆران نەچوونە هۆڵەکانی خوێندن.

پەیامنێری پەرەگراف لە سلێمانی دەڵێت، لەگەڵ بەردەوامیی بایکۆتی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ، ئەمڕۆ بەشێکی زۆر لە بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەکان بایکۆتیان ڕاگەیاند لەوانەش؛ فەرمانگەی کارەبا، چاودێری کۆمەڵایەتی، دادگاو دادنووس، باجی خانووبەرەی یەک و دوو.

هاوکات لە بەشێکی زۆری قوتابخانەکانی سلێمانی دژی پێنەدانی مووچەی مانگی شوبات، مامۆستایان بایکۆتیان ڕاگەیاندەوەو وانەیان نەگوتەوە، خوێندکارانی زانکۆکانیش بەهەمانشێوە نەچوونە هۆڵەکانی خوێندن و داوای دەرماڵەو دابەشکردنی مووچە دەکەن.

بڕیارە سبەینێش بۆ هەمان مەبەست مامۆستاو فەرمانبەرانی ناڕازی لە سلێمانی خۆپیشاندانی فراوان ئەنجام بدەن بۆ داوای مووچەو دابەشکردنی لە ڕێی بانکە عێراقییەکان.

ئەوە لەکاتێکدایە لە مانگی چوار نزیک دەبینەوەو هێشتا مووچەی مانگی دوو دابەش نەکراوە، وەزیری دارایی هەرێم شەوی ڕابردوو ڕەتی کردەوو مووچە دابەش بکرێت هەتا پارەی سەرجەمی مووچەخۆران لە بەغداوە نەگاتە هەولێر، وتی: ئەوەی بەغداد دەیکات بە ناردنی بەشێکی مووچە بۆمبەو کۆمەڵگە دابەش دەکات، "ئەگەر حكومەتی هەرێم لەم پرسەدا بشكێت هەموومان دەشكێین".

ئاوات شێخ جەناب لە چاوپێکەوتن لەگەڵ ژمارەیەک کەناڵی ڕاگەیاندن وتیشی، كێشەی هەرێم و بەغداد سیاسییەو ئەگەر پارەی پێویست لە بەغداوە بۆ مووچە بگات ئامادەن مووچەی چەند مانگێک پێکەوە دابەش بکەن نەک تەنها مانگی شوبات کە بۆ ئەو مانگە پارەی زیاتر لە 260 هەزار چەکداری هەرێمی کوردستان نەنێردراوە.

"ئیتر ناتوانین کورتهێنانی پینەوپەڕۆ بکەین. لەگەڵ بەغداد رێککەوتین لیستی مووچەخۆرانی سەربازی و ئەمنیی هەرێم بە کۆد بنێرین بۆئەوەی پارەی مووچە بنێرین" وەزیری دارایی وای وت.

لەبارەی پڕۆژەی هەژماری من، وەزیری دارایی وتی دەستبەرداری نابن، "لە نەخۆشخانەی منداڵبوونی هەولێر، ماوەی ساڵێكە سیستمی هەژماری من جێبەجێ دەكرێت، بەشێك لە كارمەندەكان پارەی ماڵەوەشیان هێناوە خستویانەتەسەر ژمارەی خۆیان، لە هەژماری من".