شەپۆلێكی بەهێزی بارانبارین دەست پێ‌ دەكات؛ كەشناسی هۆشداری دەدات

24-03-2024 02:26

پەرەگراف

كەشناسیی هەرێم پێشبینیی دەستپێكردنی شەپۆلێكی بارانبارینی بەهێز لە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دەكات و هۆشداری دەدات كە بە تایبەت لە گەرمیان پێشبینیی بارینی 35 بۆ 45 ملم باران دەكرێت. شەپۆلەكە كورتخایەنە و "لە دوانیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە كۆتایی دێت".

بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كەشناسی و بوومەلەزەزانی هەرێم دەڵێت "لە ئەنجامی كاریگەریی دوو نزمەپاڵە پەستۆی دەریای سوور و كەنداوی عەرەب، لە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەپۆلێكی بارانبارین ڕوو لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێم دەكات".

بەپێی پێشبینییەكە، بارانبارین "سەرەتا لە باشووری هەرێم دەست پێ دەكات، بە تایبەت لەسەر ئیدارەی گەرمیان كە زۆرترین بڕی دابارینی دەبێت، بە تایبەت لە كاتەكانی شەو درەنگدا".

كەشناسی پێشبینیی "هەورەتریشقە و لێزمەباران" و بارینی (35-45 ملم) بارانی لە گەرمیان كردووە.

پاش گەرمیان، كاریگەریی ئەم شەپۆلە درێژ دەبێتەوە بۆ سەر بەشێك لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕین و بڕی باران بارینی پێشبینیكراو لەو ناوچانە "لە نێوان (20-25) ملم" دەبێت.

هەروەها كەشناسی دەڵێت "بارانبارین درێژ دەبێتەوە بۆ سەر سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ناوچە شاخاوییەكان. بڕی باران بارینی پێشبینیكراو لە سەنتەری هەولێر (10-15 ملم) و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ناوچە شاخاوییەكان لە سەرووی 20 ملم دەبێت".

"سنووری پارێزگای دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، كاریگەریی ئەم شەپۆلە بارانبارینەی بە لاوازی لەسەر دەبێت، بڕی بارانبارینی پێشبینیكراو لەو دەڤەرە لە نێوان (7-12) ملم دەبێت"، بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كەشناسی و بوومەلەزەزانی هەرێم وا دەڵێت.

هاوكات لەگەڵ بارانبارین، هەروەها پێشبینیی هاتنی بارستەهەواییەكی سارد لە شەودا و بەفربارین لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەكان كراوە. كەشناسی دەشڵێت "ئەگەری تەرزەبارین لەگەڵ ئەم شەپۆلە بارانبارینە، زیاترە".