شاندێکی پڕۆژەی (هەژماری من) دەچێتە بەغداد

24-03-2024 02:48

پەرەگراف

شاندێکی پڕۆژەی (هەژماری من) سەردانی بەغداد دەکات و لەگەڵ بانکی ناوەندی و حکومەتی عێراق کۆدەبێتەوە.

مه‌ڕوان ئه‌حمه‌د، سه‌رپه‌رشتیاری پڕۆژه‌ی (هه‌ژماری من)، ڕایگەیاند "ئه‌مشه‌و وه‌فدێكی (هه‌ژماری من) ده‌گاته‌‌ به‌غداد و له‌ سبه‌ینێوه‌ ده‌ست به‌ دیدار و گفتوگۆكانی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی بانكی ناوه‌ندی و حكومه‌تی عێراق دەکات".

سه‌رپه‌رشتیاری پڕۆژەکە بۆ کوردستان24 دەشڵێت "له‌ كۆبوونه‌وه‌كاندا ورده‌كارییه‌كانی پرۆژه‌کە و شێوازی كاركردنی ده‌خرێته‌ به‌رده‌م بانكی ناوه‌ندی و حكومه‌تی عێراق".

پڕۆژەی هەژماری من لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە لە جێبەجێکردندایەو بەپێی ئەو پڕۆژەیە زیاتر لە ٢٠٠ هەزار فەرمانبەر هەژماری بانکییان بۆ کراوەتەوەو بەشێک لەو فەرمانبەران ئێستا مانگانە لەڕێی کارتی بانکییەوە مووچەکانیان وەردەگرن و پێنج بانک لە پڕۆژەکەدا بەشدارن و سەرجەمیان بانکی فەرمین و لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە متمانەپێکراون.

پێشتر وەزیری دارایی عێراق ڕەتی کردەوە پشت بە پڕۆژەی هەژماری من ببەستن بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بەوپێیەی دادگای فیدراڵی عێراق لە بڕیارەکەیدا دەڵێت، کردنەوەی هەژماری بانکیی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم دەبێت لە بانکە حکومییە عێراقییەکان بێت.

حکومەتی هەرێم ڕەتی دەکاتەوە دەستبەرداری پڕۆژەی هەژماری من ببێت، وەزیری دارایی هەرێم دوێنێ ڕایگەیاند، هەژماری من پڕۆژەیەکە بۆ تەوتینی مووچە، ئەو سیستمە لەگەڵ هی عێراق جیاوازەیەکەی ئەوەیە هی هەرێم تەوتینە لەگەڵ 19 خزمەتگوزاریی، بەڵام هی عێراق ئەو 19 خزمەتگوزارییەی بۆ مووچەخۆران تێدا نییە.

ئاوات شێخ جەناب جەختی کردەوە کە دەستبەرداری نابن و وتی "لە نەخۆشخانەی منداڵبوونی هەولێر، ماوەی ساڵێكە سیستمی هەژماری من جێبەجێ دەكرێت، بەشێك لە كارمەندەكان پارەی ماڵەوەشیان هێناوە خستویانەتەسەر ژمارەی خۆیان، لە هەژماری من" .

"پڕۆژەی هەژمار من بە رەزامەندی محەممەد شییاع سوودانی و بانکی ناوەندیی عێراق دروستکراوە، هەورەها چەندین بانکی عێراقیش بەمزووانە بەشدار دەبن لە پڕۆژەی هەژماری من. لە رێگەی هەژماری من مووچەخۆر دەتوانێت سوودمەند بێت لە خزمەتگوزارییە بانکییەکان و کار ئاسانییەکی زۆریان بۆ دەکات، گرنگترینیشیان مووچەخۆر دەتوانێت لە رێگەی هەژماری من پێشینەکانی خانوبەرە و هاوسەرگیریی وەربگرێت" وەزیری دارایی وای وت.

ئاوات شێخ جەناب ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر هاووڵاتییان و مووچەخۆران بەردەوام بن لە تۆمارکردنی ناویان لە پڕۆژەی هەژماری من، "تا سەری ساڵ بە دڵنیاییەوە ئابووری ئەم وڵاتە بە رێژەی 10 بەرامبەر دەچێتە پێشەوە، چونکە گەورەترین کێشەی ئێمە کێشەی کاشە".