ئەپیكور: هیچ بەرەوپێشچوونێك بە ئاراستەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم نییە

24-03-2024 08:57

پەرەگراف

یەك ساڵ بەسەر ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستاندا تێدەپەڕێت و كۆمپانیا بیانییە بەرهەمهێنەرەكانی نەوتی هەرێم ڕایدەگەیەنن "هیچ بەرەوپێشچوونێك بە ئاراستەی كردنەوەی بۆریی نەوتی عێراق - توركیا نییە". كۆمپانیاكان چوار مەرجی سەرەكی بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت دەخەنە ڕوو و جەخت لەسەر مانەوەی گرێبسەتەكانیان وەكوو خۆی دەكەنەوە. دەشڵێن "بە ڕاشكاوی" پەیامیان بە ئیدارەی جۆ بایدن گەیاندووە كە "كۆشكی سپی نابێت دەست بە پلانی پێشوازیكردن لە سوودانی بۆ واشنتۆن بكات" تا سێ‌ خاڵی "دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، شایستەی كۆمپانیاكان و بودجەی هەرێم" جێبەجێ‌ نەكات.

هاوكات دوو سەرچاوە بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، لە چوارچێوەی پابەندیی عێراق بە سیاسەتی ئۆپیك پڵەس كە خۆی دەبینێتەوە لە پاڵپشتیكردنی نرخی نەوت لە ڕێگەی كەمكردنەوەی هەناردەوە، لە ئێستادا هەناردەكردنەوەی نەوتی كێڵگەكانی باكووری عێراق (نەوتی هەرێمی كوردستان و كەركووك) لە ئەجێندای وەزارەتی نەوتی عێراقدا نییە.

هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە 25-3-2023ـەوە ڕاگیراوە، ئەوەش لە پاش بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی پاریس لە بەرژەوەندیی عێراق و دژی توركیا كە سەربەخۆ نەوتی هەرێمی كوردستانی هەناردە كردبوو. هەرچەندە حكومەتی هەرێم هەر زوو ڕازی بوو بە ڕادەستكردنی نەوت و هەناردەكرنی لەڕێگەی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، هەروەها ئامادەیی توركیا بۆ دەستپێكردنەوەی، بەڵام بەهۆی كێشەی گرێبەستی كۆمپانیا نەوتییەكان نەتوانراوە پاش یەك ساڵ هەناردەی نەوت دەست پێ‌ بكرێتەوە.

كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان (ئەپیكور)، بەبۆنەی تێپەڕینی ساڵێك بەسەر ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمدا، ڕاپۆرتێكی بڵاو كردووەتەوە تێیدا دەڵێت "لە 25ی ئاداری 2023 كە هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆریی نەوتی عێراق - توركیاوە ڕاگیرا، لەو بەروارەوە نە ئەپیكور نە كۆمپانیا ئەندامەكانی هیچ پێشنیازێكیان لەلایەن حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت پێ نەگەیشتووەا، لەكاتێكدا هەر هەشت كۆمپانیای ئەندامی ئەپیكور پابەندی گرێبەستەكانیان لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان بوون".

مایڵز كاگینز، وتەبێژی كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان (ئەپیكور)، ڕایگەیاندووە "ئەپیكور بەردەوامە لە هەوڵەكانی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ دەستپێكردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆریی نەوتی عێراق - توركیاوە، هەتا ڕۆژێك زیاتر ڕاگرتنی هەناردەی نەوت بەردەوام بێت، زیاتر خەڵك و ئابووری و ناوبانگی وەبەرهێنانی عێراق زیانیان پێ دەگات".

بەپێی هەڵسەنگاندنی ئەپیكور، حكومەتی عێراق "هەنگاوی پێویستی نەگرتووەتە بەر بۆ كردنەوەی بۆریی نەوتی عێراق - توركیا و دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان، سەرەڕای ئەوەی لە ئۆكتۆبەری 2023وە توركیا ڕایگەیاندووە بۆرییەكە بۆ هەناردەی نەوت ئامادە".

ئەپیكور ئاماژەی بەوە كردووە كە ئاگاداری ئەو كۆبوونەوانە بووە لە 7 تا 9ـی كانوونی دووەمی ئەمساڵ لە بەغدا، لە نێوان نوێنەرانی حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی بواری نەوت، لەناویشیاندا چەند كۆمپانیایەكی ئەندام لە ئەپیكور بەڕێوە چوون".

"سەرەڕای ئەو كۆبوونەوانە و جەختكردنەوە لە گفتوگۆی ئەرێنی لەنێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام هیچ بەرەوپێشچوونێك بە ئاراستەی كردنەوەی بۆریی نەوتی عێراق - توركیا بەدی نەكراوە"، ئەپیكور وا دەڵێت.

بۆ چارەسەری كێشەی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم كە بە "چەقبەستوو" وەسفی كردووە، ئەپیكور دەڵێت، چەندین كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق لە هەولێر و بەغدا و دوبەی ئەنجام داوە و بەردەوام و "بەشێوەیەكی ڕاشكاو، ئەندامانی ئەپیكور مەرجەكانی دەستپێكردنەوەی هەناردەی بەرهەمهێنانیان خستووەتە ڕوو".

كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان چوار مەرجی بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت هەیە كە بریتین لە: 1- هەر زیادكردنێك، پێویستە لەنێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیاكانی ئەپیكور ڕێككەوتنی لەسەر بكرێت. 2- پێویستە دڵنیایی بدرێت لە پێدانی پارەی هەناردەی نەوت لە ڕابردوو و بۆ داهاتووش".

خاڵەكانی سێ‌ و چواری مەرجەكان پەیوەستن بە گرێبەستەكان و پشكی كۆمپانیاكان لە نەوتی هەرێم، كە بەم شێوەیەن "3- پێویستە پارەی فرۆشی نەوتی كۆمپانیاكانی ئەندام لە ئەپیكور، ڕاستەوخۆ بدرێتە ئەو كۆمپانیانە. 4- پێویستە شێواز و ڕێككەوتنە بازرگانی و ئابوورییەكانی ئێستای كۆمپانیا ئەندامەكانی ئەپیكور وەكوو خۆی بمێنێتەوە".

گرێبەستی كۆمپانیاكانی نەوت لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان لە جۆری "هاوبەشیپێكردن"ـە، حكومەتی عێراق بەو گرێبەستانە ڕازی نییە و پێی وایە هەرێم بەو جۆرە گرێبەستانە ‏دەرفەتی زۆری بە كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان داوە بۆ بەدەستهێنانی قازانجی زۆر، هەروەها ‏كۆنتڕۆڵكردنی بەرهەمی كێڵگەكان دەكەوێتە دەستی كۆمپانیاكان و دەشتوانن مامەڵە بە ‏پشكەكانیانەوە بكەن، ئەوانەش پێچەوانەن لەگەڵ گرێبەستەكانی جۆری "خزمەتگوزاری" كە ‏وەزارەتی نەوتی عێراق كاریان پێ دەكات.

ئەپیكور بانگەشەی ئەوە دەكات كە لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی نێودەوڵەتیی بواریی نەوت، "چارەسەر"یان بۆ حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشنیاز كردووە، بەبێ‌ ئەوەی زانیاری دەربارەی چارەسەرەكە بخاتە ڕوو.

ئەپیكور لە هەوڵی ئەوەدایە كە وڵاتانی خاوەنی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێم، وەكوو كارتی فشار بۆ سەر حكومەتی عێراق بەكار بهێنێت، بە تایبەتیش ئەمریكا كە ئەپكور دەڵێت "بە قەبارەی 300 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆی ئەمریكا لە سێكتەری وزەی هەرێمی كوردستاندا هەیە".

ئەپیكور ئەوەی ئاشكرا كردووە كە "بە ڕاشكاوی" پەیامی بە ئەندامانی ئیدارەی جۆ بایدن و ئەندامانی كۆنگرێسی ئەمریكا گەیاندووە كە "كۆشكی سپی نابێت دەست بە پلانی پێشوازیكردن لە محەممەد شیاع سوودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق بكات"، كە بڕیارە 15ی نیسانی ئەمساڵ سەردانی واشنتن بكات، تا حكومەتی عێراق سێ‌ خاڵ جێبەجێ‌ دەكات.

"هەتاوەكوو بۆریی نەوتی عێراق - توركیا دەكرێتەوە و ڕێگە بە هەناردەكردنی نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ بازاڕەكانی جیهان دەدرێت، كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی بواری نەوت (لەناویشیاندا كۆمپانیا ئەندامەكانی ئەپیكور)، دڵنیاییان پێ دەدرێت لە وەرگرتنی پارەی هەناردەكردنی نەوت لە ڕابردوو و بۆ داهاتوو، حكومەتی عێراق بە تەواوی بودجەی فێدراڵی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكات"، ئەمە سێ‌ مەرجەكەی ئەپیكورە.

لەبارەی زیانە داراییەكانی بەردەوامیی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم، كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان "نزیكەی 11 ملیار دۆلار زیان بە داهاتی عێراق كەوتووە، بەنزیكەیی مانگانە دەكاتە 1 ملیار دۆلار". ئەمە جگە لەوەی دەشڵێت "ئەپیكور ئاگادارە لەوەی، هەرچەندە بۆریی نەوتی عێراق - توركیا بەكار ناهێنرێت، بەڵام عێراق ڕۆژانە 800000 هەشتسەد هەزار دۆلار سزا دەدرێت، بەهۆی ئەوەی نەیتوانیوە مەرجەكانی ناو ڕێككەوتنی بۆریی نەوتی عێراق - توركیا جێبەجێ بكات".

بەشێكی دیكە لە زیانە داراییەكان بەر كۆمپانیاكانی نەوت كەوتووە كە بە بڕی "زیاتر لە 400 ملیۆن دۆلار" وەبەرهێنانیان ڕاوەستاوە و داهاتی ساڵانەیشیان "نزیكەی لەسەدا 60 كەمی كردووە"، بەهۆی ئەوەی "فرۆشی ناوخۆیی، جێگەی فرۆشی لە بازاڕە نێودەوڵەتییەكان گرتووەتەوە".

هەروەها بڕی "یەك ملیار دۆلار" قەرزی كۆمپانیاكانی ئەپیكور لای حكومەتی هەرێمی كوردستانە، كە هی بەرهەمهێنانی نەوتە لە ئەیلوولی 2022 تا ئاداری 2023.

ئەپیكور پێی وایە ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم كاریگەریی لەسەر ناوبانگی عێراق هەبووە و وەكوو "ڕێزنەگرتن لە گرێبەستەكان" لێكی داوەتەوە و دەڵێت "ئەمەش خواستی بازرگان و وەبەرهێنەرانی جیهان بۆ كاركردن و وەبەرهێنان لە عێراق بەشێوەیەكی بەرچاو كەم دەكاتەوە".