هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی ڕێگری لە ڕۆیشتنی مامۆستایان بۆ دەباشان ‏دەكەن

25-03-2024 12:01

پەرەگراف

هێزە ئەمنییەكان لە سلێمانی ڕێگری لە خۆپیشاندانی مامۆستایان و ‏ڕۆیشتنیان بۆ دەباشان دەكەن، ژمارەیەك لە ڕێكخەرانی خۆپیشاندانەكەیش ‏دەستگیر كراون.‏

ژمارەیەكی زۆر لە مامۆستایانی ناڕازیی شار و شارۆچكە جیاوازەكانی ‏هەرێم لەبەردەم پاركی مەلیك مەحموود لە سلێمانی گردبوونەتەوە و ‏دەیانەوێت بە ڕێپێوان بەرەو دەباشان بەڕێ‌ بكەون، شەقامەكەیان بە ‏ئاراستەی دەباشان داخستووە، بەڵام لەلایەن هێزێكی گەورەی ئەمنییەوە ‏گەمارۆ دراون و ڕێگرییان لێ‌ دەكرێت بەرەو دەباشان بڕۆن.‏

هەر ئەمڕۆ لە سلێمانی ژمارەیەك لە ڕێكخەرانی خۆپیشاندانی مامۆستایان ‏دەستگیر كراون و چەند مامۆستایەكیش كە ویستوویانە بۆ ‏خۆپیشاندانەكان بێنە سلێمانی، لە كەلار دەستگیر كراون.‏

هەروەها لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە ڕێگری لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن ‏دەكرێت ڕووماڵی گردبوونەوەی مامۆستایان بكەن و تا ئێستا دەستیان ‏بەسەر كەلوپەلی ڕۆژنامەوانی بەشێك لە میدیاكاندا گرتووە كە ‏ویستوویانە ڕووماڵ بكەن.‏