هیومان ڕایتس ۆوچ بۆ عێراق‌و كوردستان: كۆتایی بە تۆقاندنی‌ ڕەخنەگرو ڕۆژنامەنووسان بهێنن

15-06-2020 12:26
لافیتەی دەستی ژنێک لەکاتی خۆپیشاندانەکانی دژبە حکومەت لە بەغداد لە شوباتی ٢٠٢٠ دەڵێ ''قەڵەم چەکمانە، کتێب قەڵغانمانە، بیرکردنەوە هێزمانە (c)  REUTERS/Thaier al-Sudani

پەرەگراف

ڕێكخراوی چاودێری مافەكانی مرۆڤ(هیومان ڕایتس ۆوچ) لە نوێترین ڕاپۆرتیدا پێشێلكاریی دەسەڵاتدارانی عێراق‌و هەرێمی كوردستان دەخاتە ڕوو بەرامبەر كەسانی ڕەخنەگرو‌و ڕۆژنامەنووسان‌و داوا لە هەردوو حكومەتی عێراق‌و هەرێم دەكات، فەرمان بە هەموو هێزە ئەمنیەكان بكەن لە كۆتایهێنان بە تۆقاندن و هەراسان كردن و دەستگیركردن و سزادانی ڕۆژنامەنوسان و ئەوانەی پەیڕەوی مافەكانیان لە ئازادی ڕادەربڕین دەكەن.

ئەو ڕێكخراوە نێودەوڵەتییە لە ڕاپۆرتەكەیدا كە ئەمڕۆ بڵاویكردووەتەوە، لێكۆڵینەوەی لە 33 دۆسیە كردووە لە سەرتاسەری عێراق كە تێیدا ڕۆژنامەنووسان‌و كەسانی ڕەخەگرو ئەوانەی باسی گەندەڵیی دەكەن تێیدا ڕوبەڕوی فشاری‌و هەڕەشەو تۆقاندن بوونەتەوە.

ڕاپۆرتەكەی هیومان ڕایتس ۆوچ، لەلایەن بەڵقیس وویڵی، تۆێژەری باڵای جەنگ و قەیران، توێژینەوەی بۆ کراوەو نووسراوە، تێیدا دەڵێت، لە سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە بەرپرسان بەردەوامن لە بەكارهێنانی یاسای ناڕوون كە ڕێگە بە داواكارە گشتییەكان دەدات ڕێكاری یاسایی لە دژی ئەو بۆچوون و دەربڕینانە بگرنەبەر كە بەدڵیان نییە. بەرپرسان لە ناوچەكانی ژێركۆنتڕۆڵی حكومەتی عێراقی و هەرێمی كوردستان ئەم یاسایانە بەكاردەهێنن بۆ تۆقاندنی خەڵك و لە هەندێك حاڵەتدا بۆ بێدەنگكردنی ڕۆژنامەنوسان و چالاكوانان و دەنگە ناڕازییەكانی تر.

ڕێكخراوەكە چەند پێشنیارێكی ئاڕاستەی بەغدادو هەولێر كردووە بۆ گرتنەبەری هەندێك ڕێكارو هەڵوەشاندنەوەو هەمواركردنەوەی ئەو یاسایانەی ئازادییەكان بەرتەسك دەكەنەوە، لە ڕاپۆرتەكەیدا باسلەوەش دەكات، بەرپرسانی حكومەتی هەرێم یاسایان بەكارهێناوە بۆ بەرتەسككردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین، وەك یاسای ڕێگریكردن لە خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن.

هیومان ڕایتس ۆوچ كە چاودێری ڕەوشی مافی مرۆڤ دەكات لە سەرتاسەری دونیا، داوا لە هەردوو حكومەتی عێراق‌و هەرێم دەكات، فەرمان بە هەموو بەرپرسانی حكومی بكەن لە كۆتایهێنان بە گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی بۆ مەرامی سیاسی لەدژی ڕۆژنامەنوسان و بڵاوكراوەكان و چالاكوانان بەتایبەت بۆ ئەو كەیسانەی كە ڕێكاری یاسایی گیراوەتەبەر یان لەژێر لێكۆڵینەوەدان تەنها لەبەرئەوەی ڕەخنەیان لە بەرپرسێك یان دامودەزگایەكی حكومی گرتوە.

هاوكات داوایان لێ دەكات، دڵنیایی بدەن لە ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەی بەپەلەو شەفاف و عادیلانە لەو داوا یاساییانەی پێشكەشكراون سەبارەت بە لێدان و هەڕەشەكردن لە ڕۆژنامەنوسان و چالاكوانان بەهۆی ڕەخنەگرتنیان لە هێزە ئەمنیەكان و بەرپرسانی حكومی و سیاسەتەكانی دەوڵەت.

دەقی تەواوی ڕاپۆرتەكەی هیومان ڕایتس ۆوچ بە زمانی كوردی بخوێنەرەوە

"ڕەنگە لە هەرساتێكدا بانگت بكه‌ینه‌وه‌”

ئازادی ڕاده‌ڕبڕین له‌ ژێرهه‌ڕه‌شه‌دایه‌ له‌عێراق