ئەنجومەنی وەزیران سبەینێ کۆدەبێتەوەو مووچەی مانگی شوبات تاوتوێ دەکات

26-03-2024 11:11

پەرەگراف

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم سبەینێ کۆدەبێتەوەو بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەکە لە بڕگەی یەکەمدا وەزیری دارایی دوا پێشهاتەکان سەبارەت بە مووچەی مانگی شوبات دەخاتە بەردەم ئەنجومەنەکە و پێدەچێت بڕیار لە دابەشکردنی مووچە بدرێت.

لە مانگی چوار نزیک دەبینەوەو هێشتا مووچەی مانگی دوو دابەش نەکراوە، حکومەتی هەرێم ڕەتی دەکاتەوە مووچە دابەش بکرێت هەتا پارەی سەرجەمی مووچەخۆران لە بەغداوە نەگاتە هەولێر، کە هێشتا پارەی پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەکان نەنێردراوەو رەنگە لەم هەفتەیەدا بگات.

بەهۆی دابەشنەکردنی مووچەی مانگی شوبات لە سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و ڕاپەڕین بەشێکی زۆر لە فەرمەنگەکان بایکۆتی دەوامیان کردوە.

سەرباری مووچەی پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەکان کە هەرێم ئامادە نییە لیستەکانیان بە ناو و زانیاریی تەواوە بۆ بەغدا بنێرێت و ڕێککەوتون بە کۆد لیستەکەیان ڕەوانە بکرێت، هاوکات دابەشکردنی مووچە لە ڕێی پڕۆژەی هەژماری من یاخود بانکە عێراقییە حکومییەکان کێشەیەکی دیکەی نێوان هەردوولایە.

لە ئێستادا شاندێکی پڕۆژەی (هەژماری من) لە بەغدایە بۆ ڕازیکردنی حکومەتی عێراق بە دابەشکردنی مووچە لە ڕێی پڕۆژەی هەژماری من.

پڕۆژەی هەژماری من لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە لە جێبەجێکردندایەو بەپێی ئەو پڕۆژەیە دەوروبەری 250 هەزار فەرمانبەر هەژماری بانکییان بۆ کراوەتەوەو بەشێک لەو فەرمانبەران ئێستا مانگانە لەڕێی کارتی بانکییەوە مووچەکانیان وەردەگرن و پێنج بانک لە پڕۆژەکەدا بەشدارن و سەرجەمیان بانکی فەرمین و لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە متمانەپێکراون.

پێشتر وەزیری دارایی عێراق ڕەتی کردەوە پشت بە پڕۆژەی هەژماری من ببەستن بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بەوپێیەی دادگای فیدراڵی عێراق لە بڕیارەکەیدا دەڵێت، کردنەوەی هەژماری بانکیی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم دەبێت لە بانکە حکومییە عێراقییەکان بێت.

حکومەتی هەرێمیش ڕەتی دەکاتەوە دەستبەرداری پڕۆژەی هەژماری من ببێت، وەزیری دارایی هەرێم دوێنێ ڕایگەیاند، هەژماری من پڕۆژەیەکە بۆ تەوتینی مووچە، ئەو سیستمە لەگەڵ هی عێراق جیاوازەیەکەی ئەوەیە هی هەرێم تەوتینە لەگەڵ 19 خزمەتگوزاریی، بەڵام هی عێراق ئەو 19 خزمەتگوزارییەی بۆ مووچەخۆران تێدا نییە.